له‌ پێكدادانێكی چه‌كداری شه‌ش كه‌س له‌ ئه‌مریكا كوژران

یه‌كێكیان پۆلیسه‌

له‌ شه‌ڕ و پێكدادانێكی چه‌كداریدا له‌ شاری جێرسی سیتی سه‌ربه‌ ویلایه‌تی نیو جێرسی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌مریكا، شه‌ش كه‌س كوژران كه‌ یه‌كێكیان پۆلیس بوو.

سه‌رۆك شاره‌وانی جێرسی سیتی، ستیڤن فولۆپ له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌ رێگه‌ی تویته‌ره‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌و شه‌ڕ و پێكدادانه‌دا، پۆلیسێك كوژراوه‌ و سێی دیكه‌ش برینداربوون.

ژماره‌یه‌ك سه‌رچاوه‌ كه‌ نه‌یانویست ناویان ئاشكرا بكرێت، به‌ میدیای ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌یان راگه‌یاندووه‌ كه‌ شه‌ڕ و پێكدادانه‌كه‌ له‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ی تاوانێك ده‌ستیپێكردووه‌ و گومانلێكراوان له‌ میانی هه‌ڵاتن بۆ دوكانێك له‌ كۆڵانێكی بچووك كه‌ به‌ "بۆدیگا" ناسراوه‌ ته‌قه‌یان له‌ پۆلیس كردووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ كارمه‌ندێكی پۆلیس ده‌ست كه‌وتوون كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، شه‌ڕ و پێكدادانه‌كه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ی كڕین و فرۆشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر روویداوه‌ كه‌ تۆڕه‌كانی بازرگانیكردن به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ریش له‌ دۆسیه‌كه‌دا تێوه‌گلاون.

له‌و شه‌ڕ و پێكدادانه‌دا شه‌ش كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، له‌وانه‌یش پۆلیسێك، دوو گومانلێكراو و سێ هاووڵاتی مه‌ده‌نی.