سه‌ره‌تا زۆر سه‌ره‌تا

ئه‌كته‌ر پانتایی و رووبه‌رێكی گه‌وره‌ی داھێنان و دروستكردنی چێژی به‌رده‌كه‌وێت

قسه‌یه‌ك پێش سه‌ره‌تا

ن/ حه‌مه‌سوار عه‌زیز

قسه‌كردن له‌سه‌ر نمایشێكی شانۆیی كه‌ توانیویه‌تی گۆمی مه‌نگی نێوه‌نده‌ شانۆییه‌كه‌ بشڵه‌قێنێت و كاردانه‌وه‌و بۆچوونی جیاواز به‌دوای خۆییدا بێنێت، كارێكی یه‌كجار سه‌خت و دژواره‌، ئه‌مه‌ش بۆ دوو ھۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ھه‌ردوو ئه‌و بۆچوونانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م نمایشه‌ خراونه‌ڕوو به‌دوو ئاراسته‌ی زۆر دژ و پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ریه‌ككه‌وتوون و ھه‌ستده‌كه‌ین ھه‌ردوو به‌ره‌ ئه‌وه‌ندی له‌ خه‌می شكانی به‌رامبه‌ربوون ئه‌وه‌نده‌ بیریان لای ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ له‌سه‌ر خودی نمایشه‌كه‌ قسه‌ بكه‌ن و بۆچوون و تێڕوانین و دونیابینی خۆیان له‌نێو ڕووبه‌ری نمایشه‌ گه‌ڵاڵه‌ بكه‌ن.

به‌ده‌ر له‌و ده‌رھاوێشته‌ لاوه‌كییانه‌ی كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌خودی كه‌سه‌كان نه‌وه‌كو نمایشه‌كه‌، ئه‌وه‌ی من بینیم نه‌فه‌سێكی زۆر خراپ ھه‌یه‌ له‌ سڕینه‌وه‌ی ئه‌ویترو دان نه‌نان به‌ بوونی ڕوویه‌كی تری ھاوكێشه‌كه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ھه‌ر كه‌سه‌و بڕیاری دابێت كه‌ شانۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ ئه‌و كاری تیاده‌كات و بڕوای پێی ھه‌یه‌، ھه‌موو ئه‌وانه‌ی پشت ئه‌م ڕووبه‌ره‌ش نه‌بوون و تاریكی بێت، ئه‌م دابه‌شكردنه‌ ڕه‌ش و سپی یه‌ له‌ قووتوی ھیچ عه‌تارێك جێی نابێته‌وه‌، كۆی تێڕوانین و دیدگا جیاوازه‌كان، ته‌نانه‌ت به‌وانه‌وشه‌وه‌ كه‌ له‌ شانۆ نه‌گه‌یشتوون و شه‌ڕ به‌و ھونه‌ره‌ ده‌فرۆشن و ره‌نگه‌ له‌رێگه‌ی جیاوازه‌وه‌ پانتایی گه‌وره‌شیان داگیر كردبێت، ھه‌موومان به‌ یه‌كه‌وه‌ ئه‌و تابلۆ گه‌وره‌یه‌ دروستده‌كه‌ین كه‌ گوزارشت له‌ واقیعی كاری شانۆیی له‌ كوردستان ده‌كات و ھه‌موومان به‌و وێنه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ مه‌حكومین، جیاوازه‌كانیش ئه‌وانه‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ رێگه‌ی كاری جیاوازه‌وه‌ واقیعیه‌كه‌ باشتر بكه‌ن و بینه‌ر و نێوه‌نده‌كه‌ش به‌ ئاگا بێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ رێگه‌ی كاری جیاوازه‌وه‌ دێته‌ دی، له‌ رێگه‌ی چه‌له‌حانێ و پۆستی فه‌یسبوك و قسه‌ی بێ بنه‌مای نێو كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ تاریكه‌كان به‌دی نایه‌ت، شانۆكار گه‌ر بیه‌وێت كارێكی باڵا بكات له‌ رێی شكاندنی كاری ئه‌وانیتره‌وه‌ بۆی ناكرێت، ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌ك كار بكات كه‌ ئه‌وه‌ بكات كه‌ بڕوای پێی ھه‌یه‌و بیر له‌ ئه‌وانیتر نه‌كاته‌وه‌و خۆی نه‌خاته‌ نێو ڕووبه‌ری به‌راووردكاری، من پێموایه‌ بینه‌رو شانۆكاری ئێمه‌ش ئه‌وه‌نده‌ به‌ ئاگایه‌ كه‌ بتوانێت ھه‌وڵ و كاره‌ جیدییه‌كان بناسێته‌وه‌و به‌ گرنگیان بزانێت، ئیتر چ پێویست به‌وه‌ ده‌كات ئێمه‌ نمایشێكی شانۆیی بكه‌ینه‌ كراسی یوسف و ئه‌و ھه‌موو شكاندن و برینداركردنه‌ ناڕه‌وایه‌ی یه‌كتری له‌سه‌ر بونیاد بنێین، كاره‌ دروسته‌كه‌ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێز له‌ بۆچوون و تێگه‌یشتنی ئه‌ویتر بگرین و به‌جیاوازبوونمان له‌ كارو فۆرمی ئیشكردندا ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نین كه‌ ئێمه‌ وابیرده‌كه‌ینه‌وه‌و واش له‌و فه‌زایه‌ گه‌یشتووین و ئێوه‌ش ده‌توانن فه‌زاو دیدگای جیاوازی خۆتان ھه‌بێت، جیاوازبوونی ھیچ كه‌سێك لێدان و شكاندنی ئه‌ویتر نییه‌.

Ktv

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كردنه‌وه‌ی ڕووبه‌ری تره‌ له‌به‌رده‌م ھزرو دونیابینیمان و ڕووبه‌ری په‌یبردن و به‌ركه‌وتنمان فراوان ده‌كات.

ئه‌وه‌ی من له‌ كاردانه‌وه‌كانی ئه‌م نمایشه‌ بینیم تووشی شۆكی كردم، زۆرێك له‌وانه‌ی كه‌ نمایشه‌كه‌یان زۆر به‌دڵ بوو (كه‌ ئه‌مه‌ مافێكی سه‌ره‌تایی خۆیانه‌) ئه‌و نمایشه‌یان كرده‌ مینبه‌رێك بۆ شكاندنی ھاوڕێ شانۆكاره‌كانیان، یا بۆ بچوككردنه‌وه‌ی فیستیڤاڵ و ئه‌و چالاكییه‌ ھونه‌رییانه‌ی كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌ كاتێكدا ھیچ كامێكیان نه‌یانتوانیوه‌ له‌ چه‌ند په‌ره‌گرافێك وه‌ك شانۆكارێك یا شڕۆڤه‌كارێك باس له‌ جوانییه‌كانی ئه‌م نمایشه‌ بكه‌ن و فاكته‌ری سه‌رسام بوونیان به‌ نمایشه‌كه‌ ڕوونبكه‌نه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و نمایشه‌ ده‌رفه‌تێكی بۆ ره‌خساندبن كه‌ كۆمه‌ڵه‌ قسه‌ی په‌نگخواردووی نێو ناخیان بكه‌ن كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ نمایشه‌كه‌وه‌ نییه‌، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا ھه‌ندێكی تر به‌شێوه‌ی جیاواز كه‌وتنه‌ سه‌ر حوكمدانی نه‌رێنی به‌سه‌ر نمایشه‌كه‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌شێكیان بێ ئه‌وه‌ی نمایشه‌كه‌ش ببینن، ئه‌و دیدگایه‌یان لاجێگیر بوو كه‌ ئه‌م نمایشه‌ نمایشێكی وێرانه‌و شایسته‌ی بینین نییه‌، له‌و نێوانه‌شدا كۆمه‌ڵێكی تر كه‌ ئه‌گه‌رچی ژماره‌شیان زۆر كه‌م بوو، ھه‌وڵیاندا له‌ رێگه‌ی نوسینی ساده‌و قوڵه‌وه‌ گوزارشت له‌ به‌ركه‌وتنی نمایشه‌كه‌ بكه‌ن و له‌ چه‌ند دێڕێكدا یا چه‌ند په‌رگرافێك به‌ نه‌فه‌سێكی ھێمنانه‌وه‌، تێگه‌یشتنی خۆیان بۆ نمایشه‌كه‌ بنوسنه‌وه‌.

من پێموایه‌ ھه‌ر نمایشێكی شانۆیی كه‌ توانای ھه‌بوو ئه‌م جه‌ده‌ل و به‌ركه‌وتنه‌ له‌نێوه‌ندی شانۆی كوردییدا دروست بكات، ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌و نمایشه‌ جیاوازانه‌ی كه‌ پێویسته‌ ھه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر بكرێت و به‌ بایه‌خه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كه‌ی وورد قسه‌یه‌كی مه‌عریفی و لۆژیكی له‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ نمایشه‌ زیندووه‌كان ئه‌وانه‌ن كه‌ ڕای جیاواز دروستده‌كه‌ن و بینه‌رو وه‌رگر به‌سه‌ر دووبه‌ره‌ دابه‌ش ده‌كه‌ن و كاریگه‌ری و ده‌رھاوێشته‌ به‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌وشه‌ مات و مه‌نگه‌وه‌ دروستده‌كه‌ن كه‌ پێش نمایشه‌كه‌ بوونی نه‌بووه‌، بۆیه‌ به‌لای منه‌وه‌ ئه‌م نمایشه‌ نمایشێكی گرنگه‌و ناكرێت به‌بێ قسه‌ی جددی تێپه‌ڕێت و نمایش ده‌رباز بكرێت له‌و به‌ركابردنه‌ خراپه‌ی كه‌ بكرێته‌ فاكته‌رێك و ڕووبه‌رێك بۆ ته‌سفیه‌ی حیسابانی نێوان كه‌سه‌كان، له‌ كۆتاییدا ده‌بێ قسه‌ی جددی له‌سه‌ر نمایش بكرێت به‌ده‌ر له‌وه‌ی كێن ئه‌وانه‌ی نمایشه‌كه‌یان دروستكردووه‌ و چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه‌و چۆن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانیتر ڕه‌فتاریان كردووه‌ یا ڕه‌فتار ده‌كه‌ن، ده‌بێ قسه‌ی كۆتایی له‌سه‌ر به‌رھه‌م بێت و ھه‌ر له‌ رێگه‌ی به‌رھه‌میشه‌وه‌ ده‌توانی ڕووبه‌ری به‌ركه‌وتن و به‌یه‌كگه‌یشتن له‌گه‌ڵ دروستكه‌رانی نمایش له‌چوارچێوه‌ ھونه‌رییه‌كه‌ی بدۆزینه‌وه‌و ببێته‌ فه‌زایه‌ك بۆ دروستكردنی دیالۆگێكی لۆژیكی مه‌عریفی كه‌ ھه‌مووان لێی سوود مه‌ند بن.

له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ له‌ به‌شی تری ئه‌م وتاره‌ جیھانبینی خۆم تایبه‌ت به‌و نمایشه‌ ده‌نووسمه‌وه‌، به‌ده‌ر له‌ ھه‌ردوو به‌ره‌ی سه‌ره‌وه‌، ھیوادارم ئه‌و ھه‌وڵه‌ی ئێمه‌ش ده‌رگا بكاته‌وه‌ بۆ نوسه‌ره‌ جیدییه‌كان كه‌ له‌م ڕووبه‌ره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و نمایشه‌ بكه‌ین و نمایش له‌ ھه‌موو ده‌رھاوێشته‌ كه‌سی و تایبه‌تییه‌كان دابماڵین و وه‌ك كارێكی شانۆیی خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ بكه‌ین.

سه‌ه‌رتایه‌كی جیاوازو فه‌زایه‌كی جیاواز

یه‌كه‌م به‌ركه‌وتن له‌گه‌ل ده‌سپێك و فه‌زا و ژینگه‌ی نمایش، بینه‌ر به‌ر ئه‌و ئیحساسه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌و لێره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كارێكی جیاواز ببینێت، جیاوازییه‌كه‌ ھه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ بینه‌ر له‌ شانۆیه‌كی ئیتالی ببه‌یته‌ ده‌ره‌وه‌و له‌نێو بینایه‌كی چه‌ند نھۆمی و له‌ چه‌ند لۆكه‌یشنێكی جیاواز نمایشه‌كه‌ی پێشكه‌ش بكه‌یت، یه‌كه‌م جیاواز بوون رووبه‌رێكی سایكۆلۆژی ھه‌یه‌و بینه‌ر ھه‌ستناكات ھاتووه‌ نمایشێكی شانۆیی ببینێت، بابه‌ته‌كه‌ زیاتر له‌وه‌ ده‌چێت كه‌ ئێمه‌ی بینه‌ر بانگھێشت كرابین بۆ ئه‌وه‌ی شایه‌تی بینینی رووداوێك یا وێنه‌یه‌ك یا فیڵمێك بین، دواتریش ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م نمایشه‌ ھه‌وڵده‌دات خۆمان ببینین، ئێمه‌ ئیتر لێره‌ نین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیتر ببینین، لێره‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان و دارو دیواری ماڵ و كۆمه‌ڵگه‌و رووی ناوه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌كانمان ببینین، بینه‌ر ئیحساس به‌وه‌ ده‌كات له‌نێو دادگاییكردنی ژیانی رۆژانه‌ی خۆیه‌تی، خۆی ده‌بینێت كه‌ چۆن ھه‌ڵده‌ستێت و چۆن بیر ده‌كاته‌وه‌و چۆن بڕیار ده‌دات و چۆن تووڕه‌ ده‌بێت و چۆن ئاشت ده‌بێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌رھێنه‌ر بمانخاته‌ سه‌ر بانێكی بڵند بۆ ئه‌وه‌ی سه‌یری حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆمان بكه‌ینه‌وه‌و به‌ ووردی له‌ خۆمان بڕوانین، ئه‌م به‌ركه‌وتنه‌ به‌ركه‌وتنێكی ئاسایی و ته‌قلیدی نییه‌، په‌یوه‌ندیشی نییه‌ به‌ ده‌ركردنی نمایشه‌كه‌ له‌ ھۆلێكی ته‌قلیدییه‌وه‌ بۆ فه‌زایه‌كی كراوه‌و جیاواز، دروستبوونی ئه‌م دیدگایه‌ له‌ فۆرمی نمایش و بینای چیرۆك و سه‌ردو جه‌سته‌ی نمایش سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، ئه‌وه‌ نمایشه‌كه‌یه‌ به‌ھۆی به‌كاربردنی شوێن و فه‌زاو ئه‌و كه‌ش و سروته‌ سایكۆلۆژی و حسییه‌وه‌، ده‌چێته‌ نێو دونیای نه‌ست و لاشعورمان، یاده‌وه‌ره‌ سه‌یڤكراوه‌كانمان ئه‌كتیڤ ده‌كاته‌وه‌، وێنه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ ئێمه‌ ده‌كێشێت، ده‌روازه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌ودیو ئیدراك و روانینمان ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌روازه‌یه‌ به‌سه‌ر ئێمه‌ ده‌كاته‌وه‌ جه‌سته‌ی نمایش و بینای درامی و ته‌كنیكی گیڕانه‌وه‌ی چیڕۆكه‌، ئینجا ئه‌مانه‌ ده‌بن به‌به‌شێك له‌و فه‌زا ناته‌قلیدییه‌ی كه‌ نمایشی تیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌و ئیحساسه‌ به‌ بینه‌ر ده‌به‌خشێت.

Ktv

تێكستی ئه‌م نمایشه‌ تێكستێكی ئه‌ده‌بی نییه‌ بۆ نمایشكردن نوسرابێت، تێكستی ئه‌م شانۆییه‌ تێكستێكی به‌سه‌رییه‌ (بینراوه‌) بۆ ئه‌وه‌ به‌رھه‌م ھاتووه‌ كه‌ وێنه‌ و فۆرمه‌كان دروست بكات و له‌ رێگه‌ی بینینه‌وه‌ به‌ر بینه‌ر و وه‌رگر بكه‌وێت، بۆیه‌ من دڵنیام سه‌ره‌تای داڕشتنی ئه‌م تێكسته‌ ته‌نھا بیرۆكه‌یه‌ك و جه‌سته‌یه‌كی نمایشی گریمانه‌كراو ھه‌بووه‌، ده‌رھێنه‌ر له‌نێو رووبه‌ری رۆژانه‌ی دروستكردنی وێنه‌ شانۆییه‌كانه‌وه‌ تێكسته‌كه‌ی داڕشتووه‌ و رۆژانه‌ ئیزافه‌و گۆڕانكاری تێدا كراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ تێكستی گێڕانه‌وه‌ نییه‌، ئه‌مه‌ تێكستی نیشاندان و بینینه‌، بۆیه‌ له‌ دیمه‌نی وا ھه‌یه‌ ئیتر ھیچ پێویستییه‌ك به‌ ووشه‌و رسته‌ نامێنێت و ده‌رھێنه‌ر له‌ رێگه‌ی جه‌سته‌وه‌ ھه‌موو رسته‌كان بۆ بینه‌ر فڕێده‌دات، بایه‌خی ئه‌م تێكسته‌ش به‌لای منه‌وه‌ له‌و ووشه‌و رستانه‌ سه‌رچاوه‌ ناگرێت كه‌ وه‌ك دیالۆگ و مه‌نه‌لۆگ له‌سه‌ر زمانی ئه‌كته‌ره‌كانی ئه‌م نمایشه‌ به‌ بینه‌ر ده‌گات، بایه‌خی ئه‌م تێكسته‌ له‌و ته‌كنیكه‌ ناوازه‌یه‌ ره‌نگده‌داته‌وه‌ كه‌ وا له‌ تێكستی نمایش ده‌كات ھه‌سته‌وه‌ری بینین لای بینه‌ر زاڵ بیت به‌سه‌ر ھه‌سته‌وه‌ری بیستندا، ته‌كنیكی تایبه‌ت له‌ داڕشتنی ئه‌م تێكسته‌ ھه‌یه‌ كه‌ وێنه‌كان ره‌سم ده‌كات و فڕێیانده‌داته‌ نێو فه‌زای نمایش ، ئه‌وه‌ بینه‌ره‌ كه‌ ھه‌ڵبژارده‌ی ئه‌وه‌ی ھه‌یه‌ كه‌ چۆن وێنه‌كان گرێبداته‌وه‌و له‌نێو كام فه‌زا ریزبه‌ندی و گرێدانیان بۆ بكاته‌وه‌، بۆیه‌ ته‌كنیكی گیِڕانه‌وه‌و بونیادنانی تێكستی نمایش، وای له‌و تێكسته‌ كردووه‌ كه‌ ھه‌ر چه‌ند ساده‌و راسته‌وخۆ بێت، خۆی له‌نێو فۆرمێكی تر حه‌شار بدات، كه‌ فۆرمی تێكشكانی ته‌قلیدییه‌تی گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌، ئه‌م فۆرمه‌ واده‌كات ئه‌م تێكسته‌ به‌ھای درامی خۆی ھه‌بێت و له‌و رووبه‌ره‌ ساده‌ییه‌ی گوزارشتكردنییه‌وه‌ بچێته‌ رووبه‌رێكی تری دروستكردن و بینینه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر ھه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ووشه‌و دیالۆگی ئه‌و تێكسته‌ بكه‌م، ده‌بینین لاوازترین لایه‌نی تێكستی ئه‌م نمایشه‌، ووشه‌ و رسته‌و مه‌نه‌لۆگه‌كانیه‌تی، نوسه‌ر له‌م تێكسته‌ دیالۆگ نانوسێته‌وه‌، تووڕه‌یی خۆی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاو سیستم و ده‌سه‌ڵات به‌ تاڵده‌كاته‌وه‌، ھه‌ستده‌كه‌ین تووڕه‌ بوونێكه‌ له‌ ئاستێكه‌ ئیتر نایه‌وێت ووشه‌و رسته‌كانی ھیچ لێكدانه‌وه‌و فره‌ماناییه‌ك وه‌ربگرێت و ده‌یه‌وێت ھه‌موو ووشه‌یه‌ك، ھه‌موو رسته‌یه‌ك، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی مه‌به‌ستیه‌تی، به‌و شێوه‌ به‌ بینه‌ر و كۆمه‌ڵگاو ھه‌موو ئه‌وانه‌ بگه‌یه‌نێت كه‌ ده‌بیستن، ئه‌مه‌ش واده‌كات نوسه‌رو ده‌رھێنه‌ر په‌ڵكێشی رووبه‌رێكی دیالۆگ و به‌ركه‌وتن بكات، كه‌ به‌بڕوای من رووبه‌ری شانۆ نییه‌، زیاتر له‌ رووبه‌ری راگه‌یاندن و رۆژنامه‌و سۆشیال میدیا و ئه‌و زمانه‌ زبره‌ نزیكده‌بێته‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌ده‌بیاتی ھه‌ندێ حیزبی ئۆپۆزسیۆندا به‌ خه‌ستی كاری له‌سه‌ر ده‌كرا.

به‌كاربردنی ئه‌م رووبه‌ره‌ راسته‌وخۆیه‌ له‌ شانۆ فاكته‌رێكه‌ بۆ كوشتنی فره‌مانایی و بیركردنه‌وه‌ی جیاواز، ده‌رھێنه‌ر لێره‌دا بینه‌ر ده‌خاته‌ ژێر كاریگه‌ری گوتارێكی حه‌ماسی كه‌ تیاییدا ھه‌موو شتێك ره‌تبكه‌ینه‌وه‌و نه‌فره‌ت له‌ ھه‌موو شتێك بكه‌ین و بێزمان له‌ بوون و ئینسانبوونی خۆمان بێته‌وه‌و مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی دڕنده‌و ته‌كنه‌لۆژیا وه‌ك دوژمنی مرۆڤایه‌تی و ژیانكردنی مرۆڤانه‌ وێنا بكه‌ین، ئه‌مانه‌ وه‌ك روانین ده‌كرێ و ئاساییه‌ ده‌رھێنه‌ر له‌نێو نمایش كاری له‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه‌ كه‌ شێوازی به‌كاربردنی ئه‌م چه‌مكه‌ بخه‌یته‌ نێو ئه‌و فه‌زا حه‌ماسییه‌و بینه‌ر به‌نج بكه‌یت و تواناو لۆژیكی وه‌رگرتن و ره‌تكردنه‌وه‌ی زه‌وت بكه‌یت، ئه‌مجۆره‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ل بینه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌یته‌ شایه‌تمانی بیروبۆچوونه‌كانت و ده‌رفه‌تی ھه‌ڵبژاردن و لێكدانه‌وه‌و جیاوازبوونی بسڕیته‌وه‌، گوتاری شانۆ ده‌باته‌ قۆناغێكی ترسناك ، ئه‌و كاته‌ شانۆ ده‌بێته‌ فاكته‌رێك بۆ تۆخكردنه‌وه‌ی تاكمانایی و داماڵینی بینه‌ر له‌ مافی جیاواز بوون و ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ری ده‌كه‌وێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ دۆگماكردنی خه‌ڵك ده‌یكات، یا وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سه‌دره‌كانی ناوه‌ڕاست كه‌نیسه‌ به‌مشێوه‌ شانۆی بۆ شكاندنی ئیڕاده‌ی مرۆڤه‌كان و ته‌سلیم بوون به‌و گوتاره‌ شانۆییه‌ ئایینیه‌ راده‌ھێنا، ھه‌رچه‌نده‌ ده‌رھێنه‌ر له‌ كۆتایی نمایشه‌كه‌ ده‌سبه‌رداری ئه‌م گوتاره‌ ده‌بێت و جارێكی تر رووی له‌ بینه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ھه‌ڵبژارده‌یان ھه‌بێت بۆ ئه‌م ره‌وشه‌ی كه‌ نمایشه‌كه‌ی تیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام من پێموایه‌ ئه‌مه‌ نه‌بۆته‌ فریادڕه‌سی نمایشه‌كه‌و بینه‌ر كه‌ له‌و نمایشه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ ناتوانێ به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ستانه‌ به‌ گوتاری ئه‌و نمایشه‌ بارگاوی نه‌بێت بێ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تێكی ھه‌بێت كه‌ گوتاری خۆی له‌نێو فه‌زای ئه‌و گوتاره‌ تونده‌ی شانۆییه‌كه‌ بونیاد بنێت.

Ktv

ھه‌رگیز جوانیت بیر نه‌چێته‌وه‌

شوان كه‌ریم وه‌ك نوسه‌رو ده‌رھێنه‌ری نمایش له‌ ئه‌زموونه‌كانی پێشووتریشی ھه‌میشه‌ مامه‌ڵه‌ی تایبه‌ت له‌گه‌ل شوێن ده‌كات و شوێن له‌ فه‌زای نمایشه‌وه‌ ده‌گۆرێت بۆ كه‌ره‌سته‌یه‌كی زیندوو كه‌ به‌شداریده‌كات له‌ دروستكردنی جه‌سته‌ی نمایش و گوزارشتكردن له‌و ھزرو فه‌لسه‌فه‌یه‌ی كه‌ نمایشی له‌سه‌ر بونیاد ده‌نرێت، له‌م نمایشه‌ش ھه‌ڵبژاردنی ئه‌م مۆزه‌خانه‌ ھاوچه‌رخه‌ خۆی له‌ خۆییدا وه‌زیفه‌یه‌كی درامی جێبه‌جێده‌كات ئه‌ویش په‌یوه‌ندی نێوان مۆزه‌خانه‌و سه‌ره‌تای بوون و ده‌سپێكردنی ژیانی مرۆڤه‌، ده‌رھێنه‌ر ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌وه‌ ھاوار بكات كه‌ ھه‌موو ئه‌وانه‌ی ئێستا ھه‌مانه‌و به‌كاریان ده‌به‌ین پێویسته‌ له‌ مۆزه‌خانه‌یه‌ك ھه‌ڵبگیرێن و سه‌یڤبكرین و به‌كارنه‌برێن، مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر ببێته‌وه‌ به‌ مرۆڤ پێویستی به‌وه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا، جارێكی ئه‌م شارستانیه‌ته‌ بخاته‌ به‌رده‌م لافاوێكی سروشتی كه‌ جوانی و ره‌سه‌نایه‌تی بۆ سروشت بگه‌ڕێنێته‌وه‌، یا ئه‌وه‌تا ھه‌موو ئه‌و ره‌فتارو ئاكارو بیركردنه‌وه‌و ھه‌ڵسوكه‌وته‌كانمان فڕێبده‌ینه‌ مۆزه‌خانه‌یه‌كی ھاوچه‌رخه‌وه‌و ئێمه‌ش بۆ دۆزینه‌وه‌ی مرۆڤبوونی خۆمان جارێكی تر خۆمان بته‌كێنین له‌و ستایله‌ ژیان و بیركردنه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیتر توانای به‌رده‌وامی و مانه‌وه‌ی نییه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كه‌ین، ئه‌وه‌ باشترین چاره‌سه‌ر فه‌نابوون و وه‌ستانی ژیان و له‌دایكبوونه‌، چونكه‌ ئه‌م فه‌زایه‌ ژه‌ھراویه‌ ئیتر ده‌بێ له‌ خاڵێكدا بوه‌ستێنرێت و كۆتایی به‌و بوونه‌ ساخته‌و موزه‌یه‌فه‌ بێنین.

به‌ده‌ر له‌وه‌ی من ته‌با یا جیاوازم له‌گه‌ل ئه‌و تێڕوانین و دونیابینییه‌ی ده‌رھێنه‌ر، به‌ڵام به‌كاربردنی ئه‌م مۆزه‌خانه‌ بۆ ئه‌م نمایشه‌ ده‌توانێت ئه‌و وه‌زیفه‌ درامییه‌ بپێكێت كه‌ تێكستی نمایش كاری بۆ ده‌كات، من وه‌ك بینه‌رێك ھه‌ستمكرد بوونی ئێمه‌ له‌نێو ئه‌و باڵه‌خه‌نه‌یه‌ ھاوشێوه‌ی بوونی ئینسانیه‌ته‌ له‌نێو كه‌شتییه‌كه‌ی نوح، به‌ڵام به‌ مه‌به‌ست و ئامانجێكی جیاوازو دژو پێچه‌وانه‌وه‌، ئێمه‌ له‌م كه‌شتیه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی نغرۆ بین و كۆتایی به‌و گاڵته‌جاڕییه‌ بینین كه‌ پێی ده‌ووترێت كه‌ون و بوون، ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ كه‌شتیه‌ك نییه‌ بۆ ده‌ربازبوون، به‌ڵكو كه‌شتییه‌كه‌ بۆ به‌ به‌ردبوون و له‌ناوچوون، له‌ناوچوونێك كه‌ ته‌نھا وه‌ك وێنه‌یه‌كی كۆن له‌ مۆزه‌خانه‌یه‌كی ھاوچه‌رخ ھه‌ڵگیرێت، ھه‌موو ئه‌و كه‌ل و په‌لانه‌ش كه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌ ھه‌ڵده‌گیرێن، ئه‌گه‌رچی له‌ ڕووی به‌ھای مێژوویه‌وه‌ زۆر به‌ به‌ھاو به‌نرخن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی ژیان به‌كاریان ببه‌ین، ده‌بینین ھیچ به‌ھایه‌كی ژیانیان نییه‌و ناتوانن وه‌زیفه‌یه‌كی حه‌یاتی بچووك ئه‌دا بكه‌ن، وه‌ك پێڵاوه‌كه‌ی قه‌یسه‌ر، كه‌ ره‌نگه‌ له‌نێو مۆزه‌خانه‌یه‌ك به‌ھاكه‌ی ده‌یان و سه‌دان ھه‌زار دۆلار بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ مه‌به‌ستی به‌كارھێنان و له‌پێكردن سه‌یری كه‌ین، ده‌ینین نرخه‌كه‌ی یه‌كسانه‌ به‌ھیچ و ھیچ به‌ھایه‌كی نییه‌، به‌و مانایه‌ی ده‌رھێنه‌ر ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی ئه‌و مۆزه‌خانه‌وه‌ ھه‌موو ژیانی مرۆڤایه‌تی بخاته‌ نێو چوارچێوه‌ی مێژووه‌وه‌ و به‌ھای حه‌یاتی له‌ بوونی ئینسان وه‌رگرێته‌وه‌.

من لێره‌دا نامه‌وێ ئه‌م مافه‌ له‌ نوسه‌رو ده‌رھێنه‌ر وه‌رگرمه‌وه‌ كه‌ چۆن ته‌ماشای ژیان ده‌كات و چۆنیش بیر له‌ بوون و جه‌دوای مرۆڤ ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ستیره‌یه‌ی كه‌ پێیده‌ووترێت زه‌وی، به‌ڵام من بۆ خۆم وه‌ك بینه‌رێك ئه‌وه‌ به‌ زیاده‌ڕۆیی ده‌بینم و پێموانییه‌ ژیان ئه‌وه‌نده‌ تاریك و ئاسۆی مرۆڤایه‌تیش ئه‌وه‌نده‌ لێل بێت، ئه‌م ئاراسته‌یه‌ له‌ بیھووده‌یی و پووچگه‌راییه‌ كه‌ ره‌گێكی قوڵی ھه‌یه‌ ره‌نگه‌ زیاد له‌ سه‌د ساڵی تێپه‌ڕاند بێت، نه‌یتوانی رێگه‌ له‌ مرۆڤ بگرێت كه‌ ئه‌م كه‌ونه‌ بكاته‌ شوێنێكی باشتر بۆ ژیان، ھه‌ر مرۆڤ بوو دوای دوو جه‌نگی وێرانكه‌ری گه‌وره‌ توانی زه‌وی بونیات بنێته‌وه‌و كه‌ره‌سته‌كانی ژیانێكی باشتر بۆ مرۆڤ فه‌راھه‌م بكات، مرۆڤ توانی فڕۆكه‌ و كه‌شتی و شه‌مه‌نده‌فه‌ری خێراو سه‌یاره‌و مانگی ده‌ستكرد دروستبكات و بیخاته‌ خزمه‌ت دۆزینه‌وه‌ی ھه‌موو كونجێكی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌و به‌ره‌و ئه‌ستێره‌كانی تریش ھه‌نگاو بینێت، مرۆڤ بوو توانی له‌ رێگه‌ی زانسته‌ جۆراوجۆره‌كانه‌وه‌ وابكات ئاستی به‌رھه‌مھێنانی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی نه‌وه‌ك به‌شی ھه‌شت ملیار مرۆڤ، به‌ڵكو به‌شی ده‌ ئه‌وه‌نده‌ش بكات ئه‌گه‌ر عه‌داڵه‌ت ھه‌بێ له‌ دابه‌شكردنیدا، مرۆڤ توانی جیھان بكاته‌ گوندێكی بچوك و ھه‌مووان بتوانن ئاگایان له‌ دوورترین خاڵی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌و ئه‌ستێره‌كانی تریش بێت.

ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ش نییه‌ كه‌ مرۆڤ له‌پاڵ ئه‌م كاره‌ باشانه‌ داھێنانی خراپ و دژه‌ مرۆڤایه‌تی نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رواوردێك بكه‌ین، ده‌بینین لایه‌نه‌ روونه‌كانی زۆر زیاتر و ئه‌كتیفتره‌ له‌لایه‌نه‌ تاریكه‌كانی، ئه‌ی بۆ ده‌بێ خۆزگه‌ به‌ لافاوێك بخوازین كه‌ ھه‌موو مرڤایه‌تی له‌ناو ببات، ته‌نھا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژیان سیستمی كۆنی له‌ده‌ستداوه‌و به‌ر سیستمێكی نوێ كه‌وتووه‌ كه‌ ده‌رھاوێشته‌ی تازه‌ی ھه‌یه‌و مرۆڤ ناتوانێ تیاییدا ببێته‌وه‌ به‌ مرۆڤه‌ كۆنه‌كه‌ی سه‌ره‌تا.

سه‌ره‌تا كام سه‌ره‌تا، ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ی كه‌ له‌یه‌كه‌م ساتی بوونه‌وه‌ به‌ خوێنڕشتن ده‌سپێده‌كات، قابیل ھابیل ده‌كوژێت، ته‌كنه‌لۆژیا و ژیانی سه‌رده‌میانه‌ ھۆكار نه‌بوو كه‌ قابیل ھابیل بكوژێت، ئه‌مه‌ غه‌ریزه‌ی مانه‌وه‌یه‌، نه‌وه‌كو له‌ مرۆڤه‌كان له‌ ئاژه‌لیشدا بوونی ھه‌یه‌، ئاژه‌ل مرۆڤ ده‌كوژێت، مرۆڤ ئاژه‌ل ده‌كوژێت، ئاژه‌ل ئاژه‌ل ده‌كوژێت، مرۆڤ مرۆڤ ده‌كوژێت، ره‌نگه‌ ھه‌ندێ بڵێن كوشتنی ھابیل به‌ده‌ستی قابیل ته‌نھا كوشتنی یه‌ك مرۆڤ بوو، كه‌چی ته‌كنه‌لۆژیا و چه‌كی كوشنده‌ له‌ جه‌نگه‌كان به‌ ملیۆنان خه‌ڵك ده‌كوژێت، ئه‌مه‌ راسته‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ڕێژه‌یی سه‌یركه‌ین، ده‌بین كوشتنی مرۆڤێك له‌ كاتێكا مرۆڤایه‌تی ھه‌مووی له‌ خێزانێك پێكھاتووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕێكدا یه‌ك له‌سه‌ر چواری مرۆڤایه‌تی له‌ناو بچێت.

Ktv

دواتر دوای نمایشه‌كه‌ پرسیارێكی تر به‌خه‌یاڵما ھات، به‌ڕاستی ماڵه‌كانی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ تاریك و قێزه‌وه‌نه‌، ئایا ماڵه‌كانمان پڕبووه‌ له‌ خیانه‌ت، ماڵه‌كانمان پڕبووه‌ له‌ توندوتیژی، سیستمی ژیانمان ئێمه‌ی كردووه‌ به‌ رۆبۆت و مه‌شین؟

من پێموایه‌ به‌ڵێ ھه‌موو ئه‌و نمونانه‌ به‌ رێژه‌ی جیاوازه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ ھه‌ن، خیانه‌ت ھه‌یه‌، درۆ ھه‌یه‌، توندوتیژی ھه‌یه‌، به‌دمه‌ستی و ئیدمان به‌ خواردنه‌وه‌و جۆره‌ھا خوی ناشیرین و قێزه‌وه‌ن ھه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ل ئه‌وه‌ش زه‌مین ته‌نھا ئه‌و سێ ماڵه‌ نییه‌، ره‌نگه‌ ماڵی زۆر له‌وه‌ش ناشیرینتر ھه‌بێت ، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ماڵی چواره‌م و پێنجه‌م و ده‌یه‌م و سه‌ده‌یه‌میش ھه‌یه‌ كه‌ پڕن له‌ جوانی، پڕن له‌ خۆشه‌ویستی، پڕن له‌ مرۆڤدۆستی، پڕن له‌ ئیحساسی جوان و بیركردنه‌وه‌ی جوان، راسته‌ كێشه‌ ھه‌یه‌، ناشیرینی ھه‌یه‌، خراپه‌كاری ھه‌یه‌، به‌ده‌مه‌ستی و ئیدمان ھه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ھه‌ر له‌نێو ئه‌و ماڵانه‌شدا، جوانی ھه‌یه‌، چاكه‌ ھه‌یه‌، ژیاندۆستی ھه‌یه‌، چونكه‌ له‌ ساده‌ترین ھاوكێشه‌دا ئه‌گه‌ر ئه‌و ھاوسه‌نگییه‌ نه‌بووایه‌ ئێستا ده‌مێك بوو مرۆڤایه‌تی كۆتایی ھاتبوو، بۆیه‌ سه‌یركردنی ژیان و وێنه‌كان به‌ڕه‌نگی ره‌ش یا ته‌نانه‌ت سپیش جگه‌ له‌ خۆخه‌ڵه‌تاندن ھیچی تر نیه‌، ھه‌وڵدان و كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی گوو به‌ ھه‌موو كۆمه‌ڵگا و ته‌كنه‌لۆژیادا بكه‌ین، له‌ كۆتاییدا بێ ئه‌وه‌ی به‌ خۆمان بزانین ئێمه‌ ھاوكار ده‌بین له‌ زیادكردنی رووبه‌ری ئه‌و ناشیریینه‌ی كه‌ ژیانی پێده‌چوێنین، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت گوو به‌ ژیان بكه‌ین بۆ شانۆ ده‌كه‌ین، بۆ مۆسیقا ده‌ژه‌نین، بۆ ده‌نووسین، بۆ ده‌خوێنینه‌وه‌، بۆ به‌یانی له‌خه‌و ھه‌ڵده‌ستین و قاوه‌ ده‌خۆینه‌وه‌، بۆ ئێواره‌ له‌گه‌ل ھاوڕێیه‌ك پیاسه‌یه‌ك ده‌كه‌ین، بۆ خه‌ون ده‌بینین و بۆ بیر له‌ به‌یانی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

دوا رسته‌م له‌سه‌ر ھزرو فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م نمایشه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێك بین له‌و ناشیرینیه‌و به‌شێك بین له‌و ئێستا بێزراو و قێزه‌وه‌نه‌، چۆن ماف به‌ خۆمان ده‌ده‌ین ره‌خنه‌ی بكه‌ین و گووی پێدا بكه‌ین، خۆزگه‌ ئه‌و نمایشه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ شوێنێك داوامان لێده‌كات جوانیه‌كانمان بیرنه‌چێته‌وه‌، خۆشی تا ئه‌و راده‌یه‌ بیری له‌ جوانیه‌كان بكردایه‌وه‌و جوانیه‌كانی له‌بیری ئێمه‌شدا نه‌بردبایه‌وه‌.

Ktv

جه‌سته‌ی نمایشێكی جیاواز

به‌لای منه‌وه‌ ده‌رھێنه‌ر جه‌سته‌ی ئه‌م نمایشه‌ی له‌سه‌ر سێ بنچینه‌ بونیادناوه‌ كه‌ بریتیین له‌ ته‌كنیكی جیاوازو ناباو كه‌ فه‌زاو جه‌سته‌ی جیاوازو ناباوی به‌ نمایش به‌خشیوه‌، چێژ كه‌ توانیویه‌تی نمایشه‌كه‌ له‌و گوتاره‌ تووڕه‌یه‌ ده‌رباز بكات، سێیه‌میش به‌ركه‌وتن و گوتاری راسته‌خۆیه‌ له‌گه‌ل بینه‌ر كه‌ دۆزینه‌وی كورتترین رێگایه‌ بۆ فه‌رزكردنی گوتاری نمایش.

له‌ پرۆسه‌ی ده‌رھێنان و دروستكردنی جه‌سته‌ی نمایشدا، ده‌رھێنه‌ر ھه‌وڵیداوه‌ له‌ رێگه‌ی به‌كاربردنی جیاوازی فه‌زاو داڕشتنه‌وه‌ی وه‌زیفه‌ی بینین له‌ نمایشی شانۆیی، جه‌سته‌یه‌كی جیاوازو ناته‌با به‌ نمایشه‌كه‌ی ببه‌خشێت، ئه‌م جه‌سته‌یه‌ش وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا ته‌باو ھاوكاره‌ بۆ داڕشتنی فۆرم و ناوه‌ڕۆكی نمایش له‌ فه‌زایه‌كی ناته‌قلیدیو به‌ به‌كاربردنی ته‌كنیكی جیاواز له‌ داڕشتنه‌وه‌ی فه‌زا له‌نێو جه‌سته‌ی نمایشدا.

فاكته‌ری سه‌ره‌كی كه‌ واده‌كات ئه‌م نمایشه‌ له‌شێوه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌ی بترازێت ھه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ فه‌زایه‌كی ناته‌قلیدی پێشكه‌شكراوه‌، ئه‌مه‌ روانینێكی رووكه‌شه‌و ناتوانێت له‌و په‌یوه‌ندییه‌ تێبگات كه‌ لۆكه‌یشن و ئه‌كته‌رو بینه‌ر به‌ یه‌كه‌وه‌ گرێده‌داته‌وه‌، له‌م نمایشه‌ تێكشكاندنی یه‌كه‌م ته‌نھا ئه‌وه‌ نییه‌ نمایش له‌ ھۆڵێكی شانۆیی ببه‌ین بۆ نێو باڵه‌خانه‌یه‌كی ئاسایی و ستایلی به‌ركه‌وتنی ته‌قلیدی نمایش بگۆڕین، به‌ڵكو تێكشكاندنی یه‌كه‌م گۆڕینی قه‌باره‌و بارستایی جه‌سته‌ی نمایشه‌، ئه‌م نمایشه‌ ته‌سلیمی جه‌سته‌یه‌كی دیاریكراو نابێت كه‌ بینه‌ر له‌گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ یا ته‌نانه‌ت له‌ گۆشه‌ی جیاوازو فره‌ روانگه‌وه‌ به‌ریبكه‌وێت، نمایش لێره‌دا جه‌سته‌یه‌كی جیاوازی ھه‌یه‌ كه‌ ناتوانین له‌ ھیچ گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ سه‌یری بكه‌ین، به‌ڵكو پێویستمان به‌وه‌یه‌ بچینه‌ نێو ھه‌ناوی نمایش و له‌ناویه‌وه‌ به‌ریبكه‌وین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ی نمایش جه‌سته‌یه‌كی داگیركه‌ره‌ ھه‌ر زوو له‌نێو خۆی گیرمان ده‌دات و وه‌ك ده‌ریایه‌ك به‌ره‌و قوڵایی ناوه‌وه‌ی شۆڕمان ده‌كاته‌وه‌و تیاییدا نغرۆ ده‌بین، ئه‌م نغرۆ بوونه‌ ھه‌موو مه‌وداكانی نێوان ئێمه‌ی بینه‌رو نمایش له‌ناو ده‌بات و بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ده‌مانكاته‌ به‌شێك له‌ جه‌سته‌ی نمایش، ره‌نگه‌ ھه‌ندێك ئه‌وه‌ به‌وه‌ لێكبده‌نه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ھه‌میشه‌ دیالۆگ له‌نێوان ئه‌كته‌ره‌كان (فریشته‌كان) و بینه‌ر ھه‌یه‌ بۆیه‌ ئیتر بینه‌ر ده‌بێته‌ به‌شێك له‌نمایش، به‌بڕوای من ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ زۆر دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌و دیالۆگانه‌ی نێوان فریشته‌كان وبینه‌ر نابێته‌ فاكته‌ری به‌شداریكردنی بینه‌ر له‌م نمایشه‌، ئه‌م رێگایه‌ش ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ده‌رھێنه‌ر ده‌یخوازێت بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر بخاته‌ نێو فه‌زاو جه‌سته‌ی نمایشه‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ھه‌موو ئه‌و دیالۆگانه‌ ھیچ كردارێكی درامی جیاواز دروستناكه‌ن و وه‌ڵامی ھه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ له‌ بینه‌ران ده‌كرێت ته‌نھا وه‌ك وه‌ڵام ده‌مێننه‌وه‌ ناچنه‌وه‌ نێو دارَشتنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی نمایشه‌وه‌، ئه‌مه‌ش خاڵیكی نه‌رێنییه‌ له‌ سیاقی نمایش به‌رمان ده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی واده‌كات كه‌ بینه‌ر ببێته‌ به‌شێك له‌ جه‌سته‌ی نمایش ئه‌و كۆنتاكته‌ ھه‌ستی و شعورییه‌ كه‌ جوگرافیای نمایش و ته‌كنیكی دروستكردن و داڕشتنی جه‌سته‌ی نمایش دروستیانكردووه‌، بینه‌ر به‌ ده‌سپێكردنی نمایش نازانێ ده‌بێ سه‌یری كوێ بكات، چونكه‌ ھه‌ر زوو ئه‌و كورسیانه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌تا له‌سه‌ری دانیشتووه‌و چۆڵ ده‌كات و له‌سه‌ر داوای ده‌رھێنه‌ر ده‌چێت تا له‌ گۆشه‌یه‌كی تر نمایش ببینێت، به‌ڵام ئه‌م گۆشه‌یه‌ به‌شێكی بچووكی فه‌زای نمایشه‌، چونكه‌ فه‌زای نمایش یه‌كسان ده‌بێت به‌ فه‌زای ھه‌موو باڵه‌خانه‌كه‌و ئیتر روانینی بینه‌ر بۆ دیمه‌نێكی شانۆییه‌كه‌ له‌ لایه‌كی باڵه‌خانه‌كه‌، ده‌بێته‌ به‌شێكی بچووكی جه‌سته‌ی نمایش و بینه‌ر ھه‌ر زوو درك به‌و جه‌سته‌ فراوان و فه‌زا كراوه‌ی نمایش ده‌كات كه‌ ھه‌موو باڵه‌خانه‌كه‌ تیاییدا به‌شداره‌، ئیتر دیوارو رێڕه‌و داڵان و بنمیچ و ھۆڵ و ژێرپلیكانه‌و ھه‌موو بستێكی ئه‌م فه‌زایه‌ ده‌بیته‌ فه‌زای نمایش و بینه‌ریش بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت له‌رووی ھه‌ست و لاشعوره‌وه‌ كۆنتاكتێكی ھه‌ستی (حسی) به‌نمایشكردووه‌و تیاییدا گیری خواردووه‌، راسته‌ ئه‌م كۆنتاكته‌ ناپه‌ڕێته‌وه‌ نێو رووبه‌ری لۆژیك و ده‌رفه‌ت به‌ بینه‌ر نادات تا رای تایبه‌ت و دیدگای تایبه‌تی خۆی دروستبكات، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر به‌كاربردنی ئه‌و گوتاره‌ راسته‌وخۆییه‌ی كه‌ ھه‌ر زوو بینه‌ر ده‌خاته‌ ژێر گوشاری ھه‌ست به‌ گوناحكردن و قێزكردنه‌وه‌ له‌ مرۆڤبوون و ژیانكردن له‌سه‌ر زه‌وی.

فاكته‌رێكی تر كه‌ واده‌كات جه‌سته‌ی نمایش جیاواز بنوێنێت، فراوانكردنی فه‌زای بینینه‌ لای بینه‌ر، ده‌رھێنه‌ر زۆر زیره‌كانه‌ ھه‌موو ئه‌و روانگه‌یه‌ به‌كار ده‌بات كه‌ ره‌نگه‌ له‌ دیمه‌نێكدا به‌رچاوی بینه‌ر بكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی ھه‌موو ئه‌وبینراوانه‌ی كه‌ له‌و ساته‌ به‌ر بینه‌ر ده‌كه‌ون پڕ بن و بینه‌ر چاوی به‌ر ھیچ رووبه‌رو فه‌زایه‌كی خاڵی و به‌تاڵ نه‌كه‌وێت كه‌ ئیحساس و كۆنتاكتی به‌ نمایش لاواز بكات، بۆ نمونه‌ له‌ كاتێكدا دیمه‌نی مالێك نیشانده‌دات كه‌ چیرۆكێكی تیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ده‌بینین له‌ چوارده‌وه‌ری ئه‌م ماڵه‌ جوله‌و روانین و كردارو دژه‌ كرداری فریشته‌كان ھه‌یه‌، ئه‌م وێنه‌یه‌ش وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی دیمه‌نه‌كه‌یه‌، به‌و مانایه‌ی ده‌رھێنه‌ر ده‌یه‌وێت ھاوكات له‌گه‌ل دیمه‌نی ماڵه‌كان، وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ وون نه‌كات، ئه‌ویش گرێدانه‌وه‌ی راسته‌خۆی ماڵه‌كه‌یه‌ به‌ چیرۆكی ھه‌وڵدانی فریشته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی مناڵێك له‌ یه‌كێك له‌و خێزانانه‌ له‌ دایك ببێت، ئه‌م وێنه‌یه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ رووی درامیی و ھه‌ست و كۆنتاكته‌وه‌ فاكته‌رێكی گرنگی داڕشتنی جه‌سته‌ی نمایشه‌، به‌ڵام له‌ رووی فراوانكردنی په‌یوه‌ندی نێوان دال و مه‌دلوله‌كانی نمایش، زیان به‌ وه‌زیفه‌ی بینین و وه‌رگرتن ده‌گه‌یه‌نێت و رێگه‌ نادات بینه‌ر مه‌دلول بۆ داله‌كانی نمایش خه‌یاڵبكات، به‌ڵكو ھه‌ر زوو فریشته‌كان له‌ رێگه‌ی كردارو دژه‌ كرداریانه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و به‌ركه‌وتنه‌ ده‌ده‌ن و رێگه‌ ناده‌ن بینه‌ر ته‌ئویل و لێكدانه‌وه‌ی جیاوازی ھه‌بێت و ھه‌مووان مه‌حكوم ده‌بن به‌و دیده‌ی كه‌ نمایش له‌ پاش ھه‌ردیمه‌نێك ده‌یسه‌پێنێت، ئه‌مه‌ش بۆ من یه‌كێك بوو له‌ كێماسیه‌كانی ئه‌م نمایشه‌ كه‌ رووبه‌رو ده‌رفه‌تێك به‌جێناھێلێت بۆ گه‌ڕانی بینه‌ر به‌دوای لێكدانه‌وه‌و دروستكردنی وێنه‌ی جیاواز به‌ده‌ر له‌و وێنه‌ ره‌ش و سپیانه‌ی كه‌ نمایش به‌سه‌ر بینه‌ری فه‌ڕز ده‌كات و توانای تێپه‌ڕاندنی نییه‌.

به‌كاربردنی موزیك و گۆرانی له‌م نمایشه‌ رووێكی گه‌شی نمایشه‌ و ئه‌وشێوازه‌ درامییه‌ له‌ به‌كاربردنی موزیك و گۆرانی كه‌ وه‌زیفه‌ی موزیك و گۆرانی له‌ وه‌زیفه‌ی بیستنه‌وه‌ ده‌گۆرَێت بۆ وه‌زیفه‌ی بینین، كێشه‌ی زۆرێك له‌ نمایشه‌ شانۆییه‌كانی ئێمه‌یه‌ كه‌ زۆرجار موزیك و گۆرانی له‌نێو نمایشی شانۆیی ناتوانن كلێشه‌یه‌كی درامی وه‌رگرن و ببن به‌ سۆلۆیه‌كی درامی له‌نێو نمایش كه‌ وه‌زیفه‌ی بیستن تێپه‌ڕێنن به‌ره‌و وه‌زیفه‌ی دروستكردنی وێنه‌و فۆرمی بینراو له‌نێو سیاقی نمایشی شانۆیی، من پێموایه‌ موزیك و گۆرانی له‌م نمایشه‌ ھاوته‌ریب له‌گه‌ل جوله‌و جل وبه‌رگ و ئیكسسوار، وه‌ك توخمێكی بینراوی شانۆییه‌كه‌، رۆڵی گرنگیان ھه‌یه‌ له‌ داڕشتنه‌وه‌ی گوتاری به‌سه‌ری نمایش و به‌ركه‌وتنی نمایش له‌رێگه‌ی ھه‌ستی بینینه‌وه‌ پیش ھه‌ستی بیستن.

Ktv

چێژوه‌رگرتنی بینه‌ر له‌ نمایشی شانۆیی، یه‌كێكه‌ له‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ شانۆی ئێمه‌ وونه‌و نائاماده‌یه‌، زۆرینه‌ی كات نمایشه‌كانی ئێمه‌ ناتوانن له‌ بایه‌خی پرۆسه‌ی چێژوه‌رگرتن تێبگه‌ن له‌نێو نمایشی شانۆیی، زۆرێك پێیانوایه‌ چێژوه‌رگرتنی بینه‌ر ته‌ریب نییه‌ له‌گه‌ل كوالیتی نمایشی شانۆیی و ئه‌و نمایشانه‌ی كه‌ كار له‌سه‌ر چێژی بینه‌ر ده‌كه‌ن، نمایشی ساده‌و ساكارن و كوالیتی دروستكردنیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، من لێره‌دا نامه‌وێ به‌ دووردرێژی له‌سه‌ر ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ ناڕاسته‌ قسه‌ بكه‌م چونكه‌ پێویستی به‌ وتاری تره‌، به‌ڵام به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك مه‌سه‌له‌ی چێژبردنی بینه‌ر ناته‌ریب و دژ نییه‌ له‌گه‌ل كوالیتی نمایش و چێژیش له‌ شانۆ ته‌نھا ئه‌و ره‌ھه‌نده‌ كۆمیدییه‌ی نییه‌ كه‌ زۆرێك به‌و شێوه‌ وێنای ده‌كه‌ن، ھه‌رچه‌نده‌ بوونی كۆمیدیا به‌شێوه‌و فۆرمی جیاواز كارێكی خوازراوه‌ له‌نێو نمایشی شانۆیی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م نمایشه‌ له‌نێو جیدیترین دیمه‌نی شانۆیی، فۆرمێكی كۆمیدی بابه‌تی ده‌بینین و نه‌وه‌كو ھه‌ر زیان به‌ نمایش ناگه‌یه‌نێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێته‌ خاڵی به‌ھێزی نمایش و دروستكردنی فۆرمی نمایش.

پێداگری شوان له‌م نمایشه‌و له‌زۆرینه‌ی ئه‌و نمایشانه‌ی به‌ر من كه‌وتووه‌ له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی چێژوه‌رگرتنی بینه‌ر له‌ نمایش، یه‌كێكه‌ له‌و خاڵه‌ روناكانه‌ی كه‌ زۆرینه‌ی نمایشه‌كانی شوانی داگیركردووه‌، شوان ئه‌گه‌رچی نمایشه‌كه‌ی له‌سه‌ر گوتارێكی تووڕه‌و توند بونیاد ده‌نێت ، به‌ڵام بینه‌ر ناخاته‌ گۆشه‌ی خۆخواردنه‌وه‌و خه‌مۆكی و به‌دبینی، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی تر رووبه‌رووی ئه‌و گوتاره‌ تووڕه‌یه‌ی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بیر له‌ گۆڕین بكاته‌وه‌و شۆڕشێك دژی ئه‌و بوون و به‌رده‌وامییه‌ به‌رپا كات كه‌ تیاییدا نغرۆ بووه‌.

ئه‌دای ئه‌كته‌ر

یه‌كێك له‌ رووه‌ جوانه‌كه‌ی شانۆی ئێمه‌ كه‌ مایه‌ی خۆشحاڵییه‌ بۆ ھه‌مووان، بوونی نه‌وه‌یه‌كی تازه‌یه‌ له‌ ئه‌كته‌ری به‌تواناو به‌ھره‌دار كه‌ ده‌توانن وه‌زیفه‌ی ژیانكردن و ئه‌داكردن له‌ نمایشه‌ شانۆییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نایاب ئه‌دا بكه‌ن و فاكته‌رێكی گرنگی بونیادی نمایش بن له‌م ھه‌رێمه‌ی ئێمه‌، ره‌نگه‌ له‌ ھه‌موو سێكته‌ره‌كانی شانۆی ئێمه‌ بۆشایی به‌رچاو ھه‌بێت ھه‌ر له‌ نوسین و ده‌رھێنان و سینۆگرافیا و كاری دراماتۆرگی له‌ ئاماده‌كردنی تێكسته‌ ئه‌ده‌بییه‌كان بۆ نمایشی شانۆیی بینراو، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ بواری نواندن و ئاكتینگدا شانۆی ئێمه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندو پشت ئه‌ستووره‌ به‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كوڕ و كچی داھێنه‌ر كه‌ ده‌توانن ته‌خته‌ی شانۆكانمان پڕ بكه‌ن له‌ ئه‌دای ناوازه‌و خوڵقاندنی داھێنه‌رانه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ سلێمانی جیاواز له‌ ھه‌موو شاره‌كانی تری كوردستان، كۆمه‌ڵێكی به‌رچاو ئه‌كته‌ری داھێنه‌رو به‌ھره‌دارمان ھه‌یه‌ كه‌ ده‌رھێنه‌ر ده‌توانێت بۆ دروستكردنی نمایش پشتیان پێببه‌ستێت و ئه‌وه‌یان لێوه‌ربگرێت كه‌ خواستیه‌تی.

Ktv

له‌م نمایشه‌ وه‌ك نمایشه‌كانی تری سلێمانی، ئه‌كته‌ر پانتایی و رووبه‌رێكی گه‌وره‌ی داھێنان و دروستكردنی چێژی به‌رده‌كه‌وێت، شوان كه‌ریم وه‌ك ده‌رھێنه‌رێكی كارامه‌ توانیویه‌تی به‌ باشترین شێوه‌ توانا به‌كارنه‌براوه‌كه‌ی ئه‌كته‌ره‌كانی ده‌ربخات و له‌ فۆرمێكدا دایانبڕێژێته‌وه‌، كه‌ پڕ له‌ ساده‌یی و جوانی و ئاسانییه‌، كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م سێ ئاكاره‌ له‌ نواندنی ئه‌كته‌ر كارێكی ئاسان نییه‌، چونكه‌ ساده‌یی مانای خۆدوورخستنه‌وه‌ له‌ زیاده‌ڕۆیی و ئه‌داو نواندنی كڵیشه‌ییه‌ كه‌ شانۆیی ئێمه‌ پڕكردووه‌ له‌ ھات و ھاوارو راكه‌ راك، جوانی مانای قوڵبوونه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌داكردن و به‌رجه‌سته‌كردنی كاره‌كته‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ ره‌گه‌زێكی ھاوسه‌نگ بێت له‌نێو ھارمۆنیای نمایش و فاكته‌رێك بێت بۆ راگرتنی ریتمی نمایش و به‌خشینی چێژ به‌ بینه‌ر، ئاسانی به‌ مانای مامه‌ڵه‌كردنی ئاسان له‌گه‌ل كاره‌كته‌ر له‌نێو ئه‌و رووبه‌ره‌ی كه‌ ده‌یخوازێت بێ ئه‌وه‌ی ھه‌وڵبده‌ین كاره‌كته‌ر ته‌ژی بكه‌ین به‌ كۆمه‌ڵێك ئیحساس و ھه‌سته‌وه‌ری دروستكراو كه‌ تامی راسته‌قینه‌ی ژیان و فۆرمی ئاسانی سروشت ناگه‌یه‌نن، ئه‌كته‌ر پێویسته‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌م فاكته‌رانه‌وه‌ به‌ر كاره‌كته‌ر بكه‌وێت و به‌ ساده‌یی و ئاسانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل بكات و له‌نێو فۆرمێكی پڕ جوانی و داھێنان و راستگۆیی به‌ بینه‌ری بگه‌یه‌نێت.

له‌م نمایشه‌ به‌ر كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری ناوازه‌ ده‌كه‌وین كه‌ ده‌توانن فاكته‌رێكی گرنگ بن له‌ وێناكردنی جه‌سته‌ی نمایش به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ پڕه‌ له‌ وێنه‌ راسته‌قینه‌كانی ژیان و عه‌فه‌وییه‌ت، ساده‌یی و ئاسانی له‌ به‌رجه‌سته‌كردن و ئه‌دای كاره‌كته‌ر واده‌كات نمایش له‌ كورتترین كه‌ناڵه‌وه‌ به‌ر بینه‌ر بكه‌وێت ئه‌ویش كه‌ناڵی راستگۆیی و جوانییه‌، فریشته‌كان ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی كه‌ ئه‌دای فریشته‌كان ده‌كه‌ن، ھه‌وڵناده‌ن له‌نێو فۆرمێكی نامۆ و زیادڕۆیی ئه‌و فۆرمه‌ بگه‌یه‌نن، چونكه‌ خودی فریشته‌ رووه‌ چاكه‌كاره‌كه‌ی مرۆڤه‌، فریشته‌ شتێك نییه‌ جگه‌ له‌ مرۆڤێكی ھێمن و چاكه‌كار كه‌ ده‌یه‌وێت ژیان به‌و جوانییه‌ ساده‌ییه‌وه‌ دروستبكات كه‌ له‌ سروشتدا ھه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌دای ئه‌كته‌ره‌كان بۆ كاره‌كته‌ری فریشته‌كان پڕه‌ له‌ مرۆڤبوون و ساده‌یی و خۆشه‌ویستی، پڕه‌ له‌ ژیان به‌شێوه‌ راست و دروسته‌كه‌ی خۆی، پڕه‌ له‌ عه‌فه‌وییه‌ت و راستگۆیی .

به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاویش ئه‌دای (شاد) له‌ كاره‌كته‌ری ئه‌و فریشته‌یه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت مناڵێك بخاته‌ سه‌ر زه‌وی، ئه‌دایه‌كی ھاوسه‌نگ و په‌سه‌نده‌و گه‌رموگوڕییه‌كی زۆر به‌ نمایش ده‌به‌خشێت و به‌ حه‌ق ده‌بێته‌ ھێلی گریدانه‌وه‌ی دیمه‌نه‌ كۆلاژكراوه‌كانی نمایش، ره‌نگه‌ ئه‌م ئه‌دایه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان بچێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌دای شاد له‌ شانۆیی ماراساد، به‌ڵام ناكرێت ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو نه‌گرین كه‌ ئه‌م ئه‌دایه‌ ته‌واو گونجاوو پێویسته‌ بۆ ئه‌م نمایشه‌و ئه‌كته‌ر له‌ ئه‌داكردنی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ ده‌توانێت ئه‌و فۆرمه‌ پێشكه‌ش بكات كه‌ ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ی له‌سه‌ر بونیادنراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌ھانه‌یه‌كی په‌سه‌نده‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌داكه‌ ئه‌م فۆرمه‌ وه‌ربگرێت و په‌یوه‌ست نه‌كرێته‌وه‌ به‌و پرسه‌ی ئاخۆ ئه‌كته‌ر له‌ نمایشی تر فۆرمێكی ھاوشیوه‌ی پێشكه‌شكردووه‌ یان نا.

Ktv

دییه‌ له‌م نمایشه‌ زۆر به‌ داناییه‌وه‌ ئیحساسی مناڵیمان پێده‌به‌خشێت، مناڵێك كه‌ خه‌ونێكی جیاوازی ھه‌یه‌و ده‌یه‌وێت له‌نێو وێنه‌یه‌كی جیاواز ده‌ركه‌وێت كه‌ پڕه‌ له‌ به‌رائه‌ت و ساده‌یی مناڵی، ئه‌م وێناكردنه‌ی دییه‌ بۆ كاره‌كته‌ری ئه‌و مناڵه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ دایك بێت، فاكته‌رێكی گرنگه‌ له‌ ھاوسه‌نگكردنی ژیان له‌نێو دوو جه‌مسه‌ر، جه‌مسه‌ری مناڵی وبه‌رائه‌ت و جوانییه‌ سروشتییه‌كان، به‌رامبه‌ر جه‌مسه‌ره‌كه‌ی تر كه‌ جه‌مسه‌ری ناشیرینی و جوانییه‌ ده‌ستكرده‌كان و ئاكاره‌ ناسروشتییه‌كانی مرۆڤه‌.

ئه‌دای سۆنیا له‌ كاره‌كته‌ری ژنه‌كه‌ له‌ سێ دیمه‌نی جیاوازدا ئه‌دایه‌كی زۆر تایبه‌ته‌و سۆنیا ده‌توانێت له‌ ھه‌ر دیمه‌نێك ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ پێشكه‌ش بكات كه‌ ره‌نگه‌ جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ی ھه‌بێت له‌ كاره‌كته‌ری پێشووتر، بۆیه‌ ده‌بینین له‌ دیمه‌نی یه‌كه‌م كه‌ رۆڵی ژنێكی خیانه‌تكار ده‌بینێت به‌ته‌واوی رۆده‌چێته‌ نێو ئه‌دایه‌كی سایكۆلۆژی ناوه‌كی ستانسلافسكییانه‌ و بینه‌ر.

پڕ ده‌كات له‌ ھه‌سته‌وه‌ری راسته‌قینه‌و له‌رێی سۆزه‌وه‌ به‌ر بینه‌ر ده‌كه‌وێت، به‌لام له‌ دیمه‌نی دواتر ئه‌دایه‌كی ته‌واو جیاواز ده‌بینین كاتێ كه‌ سۆنیا كاره‌كته‌رێكی ترمان پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ پشت به‌ جوله‌ی میكانیكی رۆبۆتئاسا ده‌به‌ستێت و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كاره‌كته‌ره‌كه‌ خاڵیده‌كاته‌وه‌ له‌و ھه‌سته‌وه‌ره‌ ناوه‌كییانه‌ی كه‌ له‌ دیمه‌نی پێشووتر له‌ نواند و ژیانكردنی كاره‌كته‌رێكی تر به‌كاریده‌بات، كه‌واته‌ ئه‌دای سۆنیا له‌ دیمه‌نی یه‌كه‌م ئه‌دایه‌كی ریالیزمی واقعییه‌ و له‌سه‌ر ژیان له‌نێو كاره‌كته‌ر بونیاد نراوه‌، به‌ڵام له‌ دیمه‌نی دواتر ئه‌دایه‌كه‌ ته‌واو ده‌گۆڕێت و وه‌زیفه‌ی ئه‌كته‌ر ده‌بیته‌ پێشكه‌شكردنی كاره‌كته‌ر نه‌وه‌كو ژیانكردن تیاییدا، سۆنیاش له‌ ھه‌ردوو وه‌زیفه‌كه‌ به‌ ته‌واوی سه‌ركه‌وتوو بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ماف به‌ لاوكیش بده‌ین، ده‌توانین بڵێین ھه‌مان تێگه‌یشتن بۆ ئه‌داكردنی لاوك راسته‌، بێگومان به‌جیاوازی ئه‌وه‌ی ھه‌ر یه‌ك له‌و دوو ئه‌كته‌ره‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆیان ھه‌یه‌ له‌ دروستكردنی كاره‌كته‌ر.

له‌ كۆتاییدا نایابترین دیمه‌ن به‌لای منه‌وه‌ دیمه‌نی ماڵی دووه‌م بوو له‌ رووی فۆرم و ئه‌داكردنه‌وه‌، ھه‌رچه‌نده‌ من پێموایه‌ ئه‌م ماڵه‌ ره‌نگه‌ كۆنتاكتێكی گه‌وره‌ی به‌تاكی كورده‌وه‌ نه‌بێت و ھێشتا ژیان لای ئێمه‌ به‌ ھۆی كارو به‌رنامه‌ی ژیانه‌وه‌ كه‌ له‌ زۆرینه‌ی كات نیمانه‌، خێزان و مرۆڤ نه‌كه‌وتونه‌ته‌ به‌ر ھه‌ڕه‌شه‌ی به‌ رۆبۆت بوون، به‌ڵام له‌ڕووی بونیادی به‌سه‌ری نمایش ئه‌م دیمه‌نه‌ ئیزافه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو به‌سه‌ر نمایش و توانی ریتمی دووباره‌بوونه‌وه‌ی دیمه‌نه‌كان تێكبشكێنێت و دیمه‌نێكی گرنگ بوو له‌ سیاقی دروستكردنی جه‌سته‌ی نمایش.

تێبینی دووه‌م له‌سه‌ر ئه‌و شۆڕبوونه‌وه‌ ناوه‌كییه‌یه‌ له‌ ئه‌دای ئه‌كته‌ر كه‌ توانی له‌ ڕووی سۆزو ئه‌دای سایكۆلۆژییه‌وه‌ ھه‌مووان سه‌رسام بكه‌ن، به‌ڵام ھه‌ستده‌كه‌م ئه‌م ئه‌دایه‌ له‌نێو سیاقی گشتی نمایش تۆزێك نامۆ خوی ده‌نوێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی جه‌سته‌ی نمایش له‌سه‌ر ته‌كنێكی جیاواز بونیادنراوه‌ كه‌ كه‌متر ده‌رفه‌تی ئه‌و شۆڕبوونه‌وه‌ ناوه‌كی و سۆزدارییه‌ ھه‌ڵده‌گرێت.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م نمایشه‌ یه‌كێك له‌و نمایشه‌ جیدیانه‌یه‌ كه‌ ده‌توانن به‌ردێكی گه‌وره‌ بن بۆ شڵه‌قاندنی گۆمی شانۆی ئێمه‌و به‌رده‌وامبوونی ئه‌م دیدگا جیاوازانه‌ له‌ دروستكردنی نمایشی شانۆیی كارێكی یه‌كجار گرنگه‌و ھه‌نگاوێگی گه‌وره‌یه‌ بۆ ده‌ربازكردنی نمایش له‌ رووبه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ و لێكچوونی نمایشه‌ شانۆییه‌كان و ده‌رفه‌تێكی گرنگیشه‌ بۆ كاراكردنی دیالۆگ و گفتوگۆی جیددی له‌نێوان شانۆكاران و نوسه‌رانی بواری شانۆو بینه‌رو وه‌رگرانی شانۆی ئێمه‌

كوردستان تیڤی/ كامران

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ

COVID-19
تووشبووان
58,277
گیان له‌ده‌ستدان
2,060
چاکبوونەوە
35,899
تووشبووان
413,215
گیان له‌ده‌ستدان
10,021
چاکبوونەوە
347,396
تووشبوون
38,480,205
گیان له‌ده‌ستدان
1,092,586
چاکبوونەوە
28,923,379