نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان دابه‌زی

به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌یه‌

ئه‌مڕۆ نرخی نه‌وت له‌ بۆرسه‌كانی جیهان بۆ نزمترین ئاستی له‌ ماوه‌ی چوارده‌ مانگی ڕابردوو دابه‌زی، بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و زیادبوونی نه‌وتی كۆگاكراوی ئه‌مه‌ریكا هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م داكشانه‌ی نرخی نه‌وتن ///// ئه‌مڕۆ هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، دابه‌زی بۆ په‌نجاو یه‌ك دۆلار و نۆهه‌دو پێنج سه‌نت و له‌سه‌دا یه‌ك و پۆینت شه‌ست و پێنجی نرخه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا. هه‌روه‌ها نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی رۆژئاوای تێكساس به‌ چل و حه‌وت دۆلار و نۆهه‌دو یه‌ك سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا. خواست له‌سه‌ر نه‌وت له‌ بازاڕی جیهانیدا كه‌میكردووه‌ و نرخه‌كه‌ی گه‌یشتووه‌ته‌ كه‌مترین ئاستی له‌ چوارده‌ مانگی رابردوو. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، به‌پێی داتاكانی پەیمانگای زانیاریی وزه‌ی ئه‌مریكا ، نه‌وتی كۆگاكراوی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌فته‌ی پێنجسه‌د هه‌زار به‌رمیل زیادیكردووه‌، ئه‌وه‌یش بووه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی خستنه‌ڕوو له‌ بازاڕی نه‌وتی جیهانیدا به‌رده‌وام له‌ زیادبووندابێت.