رادیۆی یه‌ریڤان – یه‌كه‌م رادیۆ كه‌ په‌خشی كوردی كردووه‌

رۆژانه‌ ته‌نها (30) خوله‌ك په‌خشی هه‌یه‌ له‌ كاتژمێر (8) شه‌و به‌ كاتی یه‌ریڤان

به‌شی كوردی ڕادیۆی یه‌ریڤان ساڵی 1930 به‌ بڕیاری ئه‌و كاتی یه‌كێتی سوڤیه‌ت ده‌ستی به‌ په‌خشی خۆی كرد . ئه‌م رێكه‌وته‌ش پێمان ده‌ڵێت كه‌ یه‌كه‌م رادیۆ له‌ جیهاندا په‌خشی كوردی هه‌بووبێت رادیۆی یه‌ریڤان بووه‌. بۆیه‌ زۆر جار له‌ مێژووی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌ یه‌كه‌م رادیۆی كوردی ناوی ده‌بردرێت.

  له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نها چه‌ند خوله‌كێك په‌خشی كوردی هه‌بووه‌. كه‌ له‌ هه‌فتیه‌كه‌دا ‌ نه‌ده‌گه‌یشته‌ 15 خوله‌ك تا ساڵی 1937.

به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌بوو كه‌ كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك دانی پێنرا له‌ ڕووی ڕاگه‌یا‌ندن و مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین ، مافه‌كانی قسه‌كردن و مافی وه‌شاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌.  ئه‌و په‌خشه‌ش به‌رده‌وام بوو تا ساڵی 1937  دواتریش وه‌ستا بۆ ماوه‌یه‌ك. دوای هاتنی خرۆچێف بۆ حكومداری له‌ ساڵی 1955 جارێكی دیكه‌ په‌خشه‌كه‌ی ده‌ستی پێكرده‌وه‌ كه‌ هاوشانی ئه‌ویش رۆژنامه‌ی ریاتازه‌ش ده‌رچوێنرایه‌وه‌. دواتر بۆ چه‌ندین جار وه‌ستێنراو، دووباره‌ ده‌ست به‌ په‌خش ده‌كرایه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌و كاتانه‌ی كه‌ باردۆخی سیاسی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت گۆرانكاری به‌سه‌ردا ده‌هات چونكه‌ ڕادیۆكه‌ ببووه‌ ڕادیۆی ده‌وڵه‌ت و هه‌موو بابه‌تێك رێگا به‌ په‌خش كردنی نه‌ده‌درا. به‌ هۆی سیاساتی ئه‌وكاتی‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ته‌وه‌ كه‌ سانسۆرێكی زۆر له‌ سه‌ر بابه‌ته‌ په‌خشكراوه‌كان هه‌بووه‌ به‌ تایبه‌ت بابه‌ته‌ سیاسیه‌كان.

بابه‌تی ئابووری كاریگه‌ری له‌ سه‌ر كردنه‌وه‌ و داخستنی ئه‌م به‌شه‌ هه‌بووه‌ . بۆ نموونه‌ پاش نه‌مانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له‌ ساڵی 1991 ئه‌رمینیا و ئه‌زربیجان كه‌وتنه‌ شه‌رێكی قورسه‌وه‌ ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ ئه‌رمینیا تووشی گرفتێكی گه‌وره‌ی ئابووری ببێت، خراپی باری ئابووریش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌موو كه‌رته‌كان هه‌بوو.  كه‌رتی ڕاگه‌یاندنیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ، و حكوومه‌ت ناچار بوو زۆربه‌ی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌كان دابخات یان ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه‌م بكاته‌وه‌، یان به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌رانی ڕادیۆكه‌ به‌ هۆی خراپی گوزه‌رانیانه‌وه‌ ئه‌رمینیایان جێ هێشت و ڕوویان كرده‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا. بۆیه‌  په‌خشی به‌شی كوردی ڕادیۆی یه‌ریڤانیش وه‌ستێنرا.

له‌ ساڵی 2001 جارێكی دیكه‌ به‌ هه‌وڵی (كه‌ره‌می سه‌یاد)  په‌خشه‌كه‌ ده‌ستی پێكرده‌وه‌ و تا ئێستاش په‌خشه‌كه‌ی به‌رده‌وامه‌ كه‌ هه‌ر رۆژێك ته‌نها (30) خوله‌ك په‌خشی هه‌یه‌. جگه‌ له‌ كه‌رمی سه‌یاد هه‌ره‌یه‌كه‌ له‌ تیتاڵی كوڕی و له‌یلای كچی و گولیزاری مه‌میێ به‌شداری كردنه‌وه‌ی ئه‌و خوله‌ی ڕادیۆكه‌ بوونه‌ به‌ڵام كه‌رمی سه‌یاد ڕۆلی سه‌ره‌كی بینیووه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی ڕادیۆكه‌ ئێستاش كه‌ ساڵی 2019 یه‌ ته‌نها تیتاڵی كه‌ره‌م و له‌یلای كه‌ره‌م و گولیزاری مه‌میێ تیادا كارده‌كه‌ن.

ڕادیۆكه‌ له‌ چاخی زێرینی ڕادیۆ واته‌ پێش هاتنی سه‌ته‌ڵایت زۆربه‌ی كوردان له‌ ڕووسیا و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا و ته‌نانه‌ت باشوری كوردستان و جۆرجیاش گوێگرێگی زۆری هه‌بووه‌

له‌ باره‌ی ناوه‌رۆكی به‌رنامه‌ و بابه‌ته‌ په‌خش كراوه‌كان به‌رێوه‌به‌ری به‌شی كوردی ڕادیۆی یه‌ریڤان ده‌ڵێت: جگه‌ له‌ ده‌نگوباسی رۆژانه‌ له‌ هه‌فتیه‌كه‌دا چه‌ند جارێك شرۆڤه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌. وه‌ رۆژانی سێ شه‌ممه‌ بابه‌تی تایبه‌ت به‌ پاراستنی زمان هه‌یه‌ ، هه‌روه‌ها له‌ هه‌فته‌ی جارێكدا باسی مێژووی سیاسی كورد و كه‌سایه‌تییه‌كان و هه‌ڵگیرسانی شۆرشه‌كانی كورد ده‌كرێت.   

ئه‌گه‌ر چی ئاسان نیه‌ بگه‌یته‌ ناو دیكۆمێنته‌كانی حكوومه‌تی ئه‌رمینیا بۆ ئه‌وه‌ی بزانی چه‌ند كه‌س به‌ ژماره‌ وه‌ له‌ چ سه‌رده‌مێكدا كاریان كردووه‌ له‌ به‌شی كوردی ڕادیۆی یه‌ریڤان. چونكه‌ له‌ سه‌رده‌می یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌ هۆی باشی ڕه‌وشی دارایی زیاتر له‌ (30) كارمه‌ند له‌و ده‌زگایه‌ كاریان كردووه‌ له‌وانه‌ش ( جاسمێ جه‌لیل  ، خه‌لیل چاچان  ، ئه‌حمه‌د گوگوی  ، جه‌میلا جه‌لیل ، گولیزار جاسم ، سمۆ سه‌مه‌ند ، ئه‌زنیڤا ره‌شید ، اوسۆبیان ، ئۆردیخانی جه‌لیلی ، وه‌زێری عه‌شۆ ، كه‌ره‌مێ سه‌یاد ، جه‌مالی تیتاڵ ، گۆلینا نینكۆ ، مرازێ قه‌دۆ ، دكتۆر خالید مراد چه‌ته‌یڤ ، گولیزار مه‌میێ ، حه‌سه‌ن مه‌حمود ، ته‌یمور خه‌لیل چاچان ، به‌لگا قادۆ ، ئه‌سلیكا قادر ، فیریك ئوسوف ، شكوحسن عه‌گید جه‌مۆ ، ره‌شیدی باسو ، ڕه‌شیدی سلێمان ، سویسكا سمۆ ، زادینه‌ شاكو و كوبارا خدرۆ)

دوای نه‌مانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تیش چه‌ندین كه‌سی دیكه‌ وه‌ك فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌ت كاریان تێدا كردووه‌

هه‌روه‌ها ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ ڕۆڵی به‌شی كوردی ڕادیۆی یه‌ریڤان بده‌ین له‌ پاراستنی هونه‌ری كوردی و به‌رهه‌مهێنانی چه‌ندین گۆرانی وپاراستنی زمانی دایك و په‌ره‌پێدانی، ئه‌رشیفكردنی چه‌ندین به‌رهه‌می گۆرانی فولكلۆر  و پاراستنی به‌رهه‌می گۆرانی سترانبێژانی ده‌ره‌وه‌ی خاكی كوردستان وه‌ك جۆرجیا و ئه‌رمینیا و ڕووسیا  وه‌ ئه‌رشیفكردنی چه‌ندین چاوپێكه‌وتنی نایاب له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كان ، به‌رهه‌مهێنانی ته‌مسیلی ده‌نگی و چه‌ندین پارچه‌ موزیكی كوردی . هه‌روه‌ها له‌ باره‌ی بارودۆخی ئێستای به‌شی كوردی ڕادیۆی یه‌ریڤان تیتاڵی كه‌ره‌م سه‌ید سه‌رپه‌رشتیاری به‌شی كوردی ده‌ڵێت: به‌ هۆی هه‌بوونی گرفتی دارایی ئێستا به‌شی كوردی ڕادیۆكه‌ له‌ دۆخێكی خراپدایه‌ و رۆژانه‌ ته‌نها (30) خوله‌ك په‌خشی هه‌یه‌ له‌ كاتژمێر (8) شه‌و به‌ كاتی یه‌ریڤان.

ئه‌مه‌ی خواره‌ لینكی رادیۆیه‌كه‌یه‌:

https://ku.armradio.am/?fbclid=IwAR1mLDPaQ8FzdAa35UKQIWVOtVxLMOhAfHfFDvb2bJnjMn-dqz-N7s1pFdg 

 

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ

COVID-19
تووشبوون
819,025
گیانله‌ده‌ستدان
39,794
چاکبوونەوە
173,209
تووشبووان
162
گیانله‌ده‌ستدان
2
چاکبوونەوە
57
تووشبووان
641
گیانله‌ده‌ستدان
46
چاکبوونەوە
154