نرخی نه‌وت دابه‌زینێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراوی تۆماركرد

به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ململانێی سعوودیه‌ و ڕوسیاوه‌یه‌

هه‌فته‌ی رابردوو بازاڕی نه‌وت خراپترین دۆخی مژوویی خۆی له‌ ماوه‌ی سێ ده‌یه‌ی رابردوو تێپه‌ڕ كرد و شۆكێكی گه‌وره‌ی خسته‌ بازاڕه‌كانی دنیاوه‌. یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستپێكی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش بازاڕه‌كه‌ خراپه‌ و نرخی نه‌وت به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو رووی له‌ دابه‌زین كرد. هه‌فته‌یه‌كی نوێ له‌ بازاڕی بۆرسه‌ كرایه‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێری رابردوودا به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ نرخی نه‌وت دابه‌زیووه‌. به‌گوێره‌ی لیڤ چارت له‌و ماوه‌ كورته‌دا نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت سه‌رووی سه‌دا شه‌ش له‌ نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه‌ و دوو دۆلار و نیو له‌ به‌های هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت كه‌م بووه‌ته‌وه‌. هه‌فته‌ی رابردوو له‌ دواین رۆژی هه‌فته‌بازاڕی بۆرسه‌ نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت به‌ نزیكه‌ی سی و پێنج دۆلار داخرابوو، كه‌چی ئێسته‌ به‌ سی و دوو دۆلار و شێست و پێنج سه‌نت ده‌فرۆشرێت. له كۆبوونه‌وه‌كانی پێنجی ئاداری ئه‌مساڵ كه‌ له‌ پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌ڕێوه‌ چوو، رووسیا نه‌چووه‌ ژێرباری بڕیاره‌كانی ئۆپێك، بۆیه‌ش سعوودیه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ویستی بازاڕ جووڵایه‌وه‌ و بڕیاری دا بڕێكی زۆری نه‌وت بخاته‌ بازاڕه‌وه‌.وڵاتانی ئۆپێك بڕیاریان دابوو دیسان بڕێكی تر له‌ قه‌باره‌ی خستنه‌ڕوو كه‌م بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی كۆرۆنا له‌سه‌ر دابه‌زاندنی نرخی نه‌وت نه‌هێڵن.