نەیمار سوپاسی منداڵێکی سووری خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات

لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا


ئەستێرەی تۆپی پێی ناوبانگی جیھانی و یاریزانی یانەی پاریس سانت جێرمانی فەڕەنسی، نەیمار دا سێلڤا لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا سوپاسی ئەو منداڵە خاوەن پێداویستی تایبەتەی شاری ھاتای وڵاتی تورکیا کرد، کە بە لەبەرکردنی درێسی ئەو یاریزانە لەگەڕەکەکانی ئەو شارە یاری تۆپ پێی کرد و ڤیدیۆیەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابووەوە.

دوو ساڵ پێش ئێسا خەمیس غاجر تەمەن ھەشت ساڵ لە بۆردومانێکی فڕۆکەکانی رژێمی سووریا لە گوندەوارەکانی ئیدلب قاچی راستی لەدەستداوە و بەم ھۆیەوە لەگەڵ باوکی رووی لە شارۆچکەی رەیحانلی سەر بە پارێزگای ھاتای کردووە و ئێستا قاچێکی دروستکراوی بۆ دروستکراوە.

دوای ئەوەی ئاژانسی ئانادۆڵو گرتەی ئەو منداڵە تەمەن ھەشت ساڵانەی بڵاوکردەوە لە کاتی یاریکردن بە درێسی ژمارە ١١ی یانەی سانتۆس، یاریزانی یانەی پاریس سانت جێرمان، نەیمار لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە پەیوەندی بە خانەوادەی ئەو منداڵەوە کرد.

نەیمار دا سێلڤا لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە بۆ خانەوادەی ئەم منداڵەی ناردووە، تیایدا دەڵێت "سڵاو خەمیس، سوپاس بۆ پشتیوانیکردنت لە من. دڵم لەگەڵ تۆ و خانەوادەکەتە. خوا ئێوە بپارێزێت. خواتان لەگەڵ".

خەمیس غاجر لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند پەیامەکەی نەیمار ئەوانی زۆر دڵخۆش کردووە.

خەمیس راشیگەیاند، سەرەڕای ھەبوونی قاچێکی دەستکرد بەڵام دەستبەرداری یاری تۆپی پێ نەبووە و راشیگەیاند کە ئەو نەیماری زۆر خۆشدەوێت.

خەمیس غاجر ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو دەیەوێت وەک نەیمار ببێتە یاریزانی تۆپی پێ و گوتیشی: "ھیوادارم خوێندنەکەم تەواو دەکەم و بە نەیمار دەگەم. ئینشائەڵڵا ھاوکاری خانەوادەکەم دەکات. زۆر سوپاسی نەیمار دەکەم".

لەلایەکی دیکەش محەمەد غاجر باوکی ئەو منداڵە ھەشت ساڵانە رایگەیاند کە کوڕەکەی نەیتوانیوە واز لە تۆپی پێ بھێنێت و زۆریش خۆشحاڵ بوونە بە پەیوەندییەکەی نەیمار و یانەی سانتۆس.