له‌ كه‌ركووك سه‌ركرده‌یه‌كی داعش ده‌ستگیركرا

بەشداربووە لە هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكان


ئاسایشی نیشتمانی عیراق، دەستگیركردنی فەرماندەیەكی مەیدانی و چەكدارێكی (دیوان الجند)ی رێكخراوی تیرۆرستی داعش لە پارێزگەی كەركووك ڕاگه‌یاند.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی ئاسایشی نیشتمانی كەركووك هاتووه‌، ئەمڕۆ چوار شەممە لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە، بەپشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەكان، لەم پارێزگەیه‌ توانیان لەڕێی یاداشتی دادوەرییەوە، سەركردەیەكی داعشیان لەناو شاری كەركووك دەستگیركرد، كە داواكراو بووە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر.

یەكێك لە فەرماندە مەیدانییەكانی بە ناو (دیوانی جوندی سەر ویلایەتی كەركووك) بووه‌، دەستی لە چەندین كردەوەی تیرۆریستیدا هەبووە و سەركردایەتی هێرشكردنە سەر گوندی بەشیر و داگیركردنی كردووە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، ئەو فەرماندەیەی داعش دانی ناوە بۆ هێرشكردنە ناوچەی بەشیر، بەشداربووە لە هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكان و دەركردنی هاووڵاتییان لە ماڵەكانیان و تەقاندنەوەی خانووەكانیان.