سووتاندنی ئەرشیفی هەڵەبجە و هێرشکردنە سەر پ.د.ک

 

نوسینی اسماعیل بیشێکچی

 

لە رۆژانی 22-23ی ئابی 2020 لە هەڵەبجە خۆپێشاندان دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بینا حکومییەکان ئاگریان تێبەردرا.

لەمیانی ئەو خۆپێشاندانانەدا ئەرشیفی شارەکەش سووتێنران. 'سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە کوێستان ئەکرەم رایگەیاند  ئەو ئەرشیفانەی شارەکە کە تەنانەت لە کیمیابارەکەی 1988یشدا زیانیان بەرنەکەوتبوو، لە خۆپێشاندانەکەی دوێنێ شەودا سووتێنران''.

خۆپێشاندەران جگە لە بینا حکومییەکان، بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانیشیان لە هەڵەبجە سووتاند. ئەمە زیانی 100 ملیۆن دینار (83 هەزار دۆلار)ی لێکەوتەوە. بەرپرسی رێکخستنەکانی پ.د.ک. لە هەڵەبجە، بەسام عەلی گوتی:"ئەوەی پێویستە پرسیاری لەبارەوە بکرێت ئەوەیە؛ بۆچی کەسانێک بە تایبەت پ.د.ک.یان کردە ئامانج؟ چونکە جگە لە ئێمە هێرشیاننەکردە سەر بینای هیچ حزبێکی دیکە. لەکاتێکدا زۆر جار ئێمە لە نێوان ئیدارەی خۆجێ و خەڵکدا نێوەندگیریش دەبین. 

ئەمە یەکەمجار نییە لە هەڵەبجە رووبدات. چەند ساڵێک لەمەوبەریش دیسانەوە پەیکەری کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە لەلایەن چەند خۆپێشاندەرێکەوە خاپوورکرا. روونە کە ئەو جۆرە چالاکییانەی خەڵکێکی کۆمەڵکوژکراو هیچ سوودێکیان بۆ کورد نییە. ئەم جۆرە چالاکییانە تەنیا دوژمنانی کورد دڵخۆش دەکەن. ئەو جۆرە کارانە نیشانیدەدات کە ئەنجامدەرانی نەگەیشتوونەتە هەستی نەتەوایەتی. بەتایبەتیش ئەنجامدانی کارێکی وەها لە هەڵەبجەی کۆمەڵکوژکراو زۆر جێگەی تێفکرینە.

پیتەر گالبرایس لە رێپۆرتاژێکی لەگەڵ رووداو گوتی:"کورد دوژمنی زۆرە. بەڵام خراپترین دوژمن خۆیانن". ئەو بنەما فیکرییەی ئێستا دەبێت جەختی لێبکرێتەوە زۆریی دوژمنانی کورد نییە. بەڵکو ئەوەیە کە خراپترین دوژمن کورد خۆیەتی.   

ئەو رووداوانەی لە هەڵەبجە روویانداوە تەنیا دەکرێ لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.  جگە لەمەش سووتاندنی بارەگاکانی پ.د.ک بابەتێکە کە دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بکرێت. چونکە لە شوێنەکانی وەکو هەڵەبجە و سلێمانی بارەگاکانی پ.د.ک بە بەردەوامی دووچاری ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە دەبنەوە. لەو باوەڕەدام ئەم بابەتە دەبێ زیاتر لە نزیکەوە هەڵبسەنگێندرێت.

رۆژی 23ی ئابی 2020 گوتارێکی ئیبراهیم گوچلو لە ماڵپەڕی کوردستان24 بە سەردێڕی "بەهای تەواوی کاتە رەواکانی پ.د.ک'' بڵاوکرایەوە. ئیبراهیم گوچلو لە گوتارەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان کە ساڵی 1946 دامەزراوە بۆ مێژووی کورد و کوردستان دامەزراوەیەکی زۆر گرنگە. هەروەها باس لەوە دەکات کە پارێزگاری لە کوردایەتی کردووە و بەرگریی لە دەستکەوتەکان کردووە. من لەگەڵ ئەو هەست و بیرکردنەوانەم کە لەو نووسینەدا هەیە. دەمەوێ زیادەیەکیشی بخەمە سەر.

قوتابخانەی بارزانی

قوتابخانەی بارزانی دامەزراوەیەک نییە تەنیا قورئان، فەرموودە، فقهـ، گوتە، عەرەبی، نەحوسەرف (رێزمان) و شتیتری لێ بخوێنرێت.  دامەزراوەیەکە زمان و کولتوور کە بەرهەمهێنەری کوردایەتین، لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازێتەوە. بێگومان لەو قوتابخانەیەدا وانەیەک بە ناوی کوردایەتی نییە، بەڵکو ئەمانە بەرهەمی هەست وبیرۆکەی قوتابخانەی بارزانین کە لە چوارچێوەی بەرهەمی پەیوەندییە مرۆییەکانی ئەو قوتابخانەیەدان.  لە قوتابخانەکەدا وانەی تایبەت بە ئەحمەدی خانی و مەلای جزیریش نین. بەڵام ئەوانەی لە قوتابخانەی بارزانی پەروەردە دەبن، بێگومان بە دیداری ئەحمەدی خانی، مەلای جزیری، فەقێی تەیران و حاجی قادری کۆیی شاد دەبن کە ئەمانە لە بیرمەندانی کوردن. زۆر روونە کە قوتابخانەکە فێرگەیەکی کوردییە.

بزووتنەوەی نەتەوەیی لای بارزانییەکان لە شێخ عەبدولسەلامەوە (1868-1914) دەستیپێکرد. ئنجا لەڕێی شێخ ئەحمەد بارزانی، مەلا مستەف بارزانی و کوڕەکانی و نەوەکانی فراوانکراوە و بڵاوبووەتەوە تا گەیشتووەتە ئەمڕۆ".

ئەمە راستییەکی گرنگە. بارزانییەکان هەمیشە ناکۆکییان لەگەڵ ئیدارەی عوسمانی هەبووە. لە میانی ئەو ناکۆکییانەدا بەهای کورد و کوردایەتی بەرەوپێش چووە. لەمڕووەوە ئەو پەیوەندییانە لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی (1874) تاوەکو سەردەمی شێخ تاجەدین بارزانی (1850'کان) دەڕوات.  (قەدری یڵدرم) قوتابخانە کوردییەکان و زانا کوردییەکان، بەرگی 2. قوتابخانەی تەکیەکان، ئاڤێستا 2008، لاپەڕە107-116)

لە زۆربەی گوندەکانی ناوچەی بارزاندا مزگەوت،  سیناگۆگ و کەنیسە لە تەنیش یەکدییەوەن. لە هیچ شوێنێکدا سیناگۆگ یاخود کەنیسە تێکنەدراوە و مزگەوت لە شوێنەکەیدا دروست بکرێت. شێخە بارزانییەکان هەمیشە لە گوتارەکانیاندا جەختیانکردووەتەوە کە پێویستە رێز لە باوەڕی کریستان و یەهودییەکان بگیرێت. بۆ نموونە شێخ عەبدولسەلام بارزانی (1968-1914) لەکاتی قسەکردنی لەگەڵ کوردەکاندا هەمیشە ئەمەی لەسەر زار بووە. شێخ ئەحمەد بارزانی (1896-1969) بەردەوام لە گوتارەکانیدا ئامۆژگاریی کوردانی کردووە بۆ ئەوەی رێز لە سروشت بگرن،  لە دارستانەکاندا دار نەبڕن و ئاژەڵ نەکوژن.

شێخەکانی بارزان هەروەک چۆن رێزیان لە ئەرمەن، یەهودی و سریانییەکان گرتووە، هاوکات لە باشووری رۆژئاوا  هەوڵیانداوە رێگری لەو گوشارانە بکەن کە ئاغا زێبارییەکان لەسەر خەڵک دروستیان دەکرد. لە باکووری رۆژهەڵاتیشدا هەوڵیاندەدا رێگری لە ئاغا برادۆستییەکان بکەن بەرامبەر ئەو گوشارەی لەسەر خەڵک دروستیان دەکرد. 

لە هیچ ناوچەیەکدا تەنانەت ئەگەر کەنیسە و سیناگۆگەکان پەرستشی بە کۆمەڵیشیان تێدانەکرێت، بیناکان وەکو خۆیان پارێزراون.

پێشمەرگە

ئەگەر ئەم بابەتە لە نزیکەوە سەیر بکرێت سوودی زیاترە. ئەمە پەیوەندیی تۆکمەی بە پێکهاتن و پێشکەوتنی پێشمەرگەوە هەیە. پێشمەرگە کێیە؟ ئەو کەسەیە کە باوکیشی پێشمەرگە بووە. ئەگەر بە شێوەیەکی دیکە بیڵێین؛ کوڕی پێشمەرگەش هەر پێشمەرگەیە. لە ساڵانی 1960'کان، 70'کان، 80'کان دۆخەکە وەها بووە.

لە نێو کورداندا کاتەگۆرییەکی دیکەی کۆمەڵایەتی هەبوو کە پێیدەڵێن جاش. ئەوانە ئەو کوردانە بوون کە هەماهەنگییان لەگەڵ  حکومەتی ناوەندیی بەغداد دەکرد. ئەو کوردانە شەڕیان لە دژی ئەو کوردانە دەکرد کە خەباتی سەربەخۆیی و ئازادییان دەکرد و سەربەخۆییان دەویست، بەتایبەتیش شەڕیان لە دژی بارزانییەکان دەکرد. ئەوان بە پشتیوانیی دەوڵەت منداڵەکانیان رەوانەی ئەوروپا، بەتایبەتیش بەریتانیا دەکرد. ئەو قوتابیانە لە بەریتانیا پزیشکی، ئەندازیاری، یاسا و هتد..یان دەخوێند.  

ساڵی 2005 بەپێی دەستووری عێراقی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا. ستافی بورۆکراتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان  بە شێوەیەکی گشتی لەوانە هەڵبژێردران کە خوێندنیان لە ئەوروپا و بەتایبەتیش لە بەریتانیا تەواوکردبوو. بەهۆی ئەوەی خوێندنیان تەواونەکردبوو، پێشمەرگەکان بەو شێوەیە لە ریزی ستافی بورۆکراتەکان وەرنەگیران.

ئەو بورۆکراتانەی لە ئەوروپا و بەتایبەتیش لە بەریتانیا خوێندنیان تەواوکردبوو، شارەزاییان لانی کەم لە بوارێکدا هەبوو، بەڵام خاوەن هەستی سەربەخۆیی و هەستی کورد و کوردستان نەبوون. ئەوەی پیتەر گالبرایس  جەختی لەسەر دەکاتەوە و دەڵێ 'خراپترین دوژمنی کورد، کورد خۆیانن' بە بڕوای من مەبەستی لەم چینەیە.

لەم بابەتەدا بەراوردکردنی کوردستان لەگەڵ وڵاتە موستەعمەرەکانی ئەفریقا زانیاریمان زیاد دەکات. لە وڵاتە موستەعمەرەکانی ئەفریقادا ئەو منداڵانەش کە بە مەبەستی خوێندن چووبوونە وڵاتە پێشکەوتووەکان، منداڵانی هۆزە هەماهەنگیکارەکان بوون. ئەوان لە شوێنەکانی وەکو لەندەن، پاریس، بەرلین، بروکسل، لیشبۆنە، مەدرید، رۆما و مۆسکۆ لەمیانی خوێندنەکانیاندا تێکەڵ بە فەلسەفە و سیاسەتی سەربەخۆیی و ئازادی بوون و ئەمانە گەیشتە هەست و ناخیان. کاتێک خوێندنیان تەواوکرد و گەڕانەوە وڵاتەکانی خۆیان، بەرەی نیشتمانییان دامەزراند و لەپێناوی سەربەخۆییدا تێکۆشان.

لە مۆزەمبیق سامۆرا میشیل (1933-1986)، لە ئەنگۆلا ئۆگیستینۆ نیتۆ (1922-1979)، گینێ بیساو ئاملجار جابراڵ (1924-1979)، لە زائیر پاتریک لومومبا (1925-1961) بە بڕوای من لەو قوتابیانە بوون.

لە گانا کوامێ نکروما (1909-1972)، لە سەنیگال لیۆپۆلد سیدار سەنگهۆر (1906-2001)، لە کینیا جومۆ کینیاتتا (1909-1972)، تۆمبۆیا (1930-1969) لە تەنزانیا، لە جەزائیر جولیوس نیەرەرە (1922-1999) ، نێجیریا نامدی ئازیکیوی (1904-1996)، لە جەزائیر ئەحمەد بن بیللا (1916-2012) ، لە مەغریب مەهدی بن بەرەکە (1920-1965)، لە گینە ئەحمەد سەکۆو تۆرێ (1922-1984) ... ئەمانەش بە هەمان شێوە.

کوردەکانیش خوێندنیان تەواوکرد و گەڕانەوە کوردستان بەڵام زۆربەیان خاوەن هەستی ئازادی و سەربەخۆیی نەبوون. ئەمە دۆخێکی زۆر سەرسوڕهێنەرە. بە بڕوای من دوژمنە خراپەکانی کوردستان لەم چینانە پێکهات. هەڵبەتە دەبێت لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە بکرێت کە پێشهاتەکان لە دەوڵەتە موستەعمەرەکانی ئەفریقا و کوردستانی موستەعمەری نێوان دەوڵەتەکان لەم بابەتەدا زۆر جیاواز بوون.    

بێگومان فێربوونی زمانێکی وەکو ئینگلیزی، قسەکردن و نووسنیان بەو زمانە و بەدەستهێنانی پسپۆری لە بوارێک لەلایەن کوردانەوە زۆر گرنگە. بەڵام ئەگەر هەستی کورد و کوردستانی لەگەڵدا نەبێت، ئەمانەش بەهایەکیان نییە. ئەگەر چەند زمانێکی دیکەش بخەیتە سەر ئینگلیزییەکە، کاتێک هەستی کورد و کوردستانی تێدا نەبوو هیچ بەها و گرنگییەکیان نییە. زمانی بیانی تەنیا ئەو کاتە بەهادارە کە لەگەڵ کوردایەتی لە بەرژەوەندیی کورد و کوردستان بەکاردێت.

بۆ ئەو کوردانەی لەم دۆخەدان مرۆڤ ناتوانێ خۆی ببوێرێ لە گوتنی؛ خۆزگە ئەوان لە لە قوتابخانە (بارزانی) بیخوێندایە نەک لەندەن. هیچ نەبێ ئەوکات وەکو کوردێکی نیشتمانپەروەر کە خزمەتی کورد دەکات و کار لەپێناو کوردستان دەکات، دەژیا. 

سەردانەکەی 3-4ی ئەیلوولی 2020ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا، لە زۆر میدیای دەوروبەر رەخنەی لێگیرا. لەگەڵ ئەو جۆرە رەخنانە نیم. بە بڕوای من ئەم سەردانە بۆ کوردان سەردانێکی ئەرێنییە.  چونکە هەرێمی کوردستان و تورکیا کێشەی زۆری سەربازی، بازرگانی، ئابووری و دیپلۆماسی لە نێوانیاندا هەیە. بێگومان ئەم کێشانە لەڕێی گفتوگۆکردنەوە چارەسەر دەبن.

سه‌رچاوه‌: peyamakurd