عـارف روشـدی : زۆر مادده‌ی گرنگ هه‌یه‌ له‌ ده‌ستووری عێراق فه‌رامۆش كراون

عـارف روشـدی ـ سـیاسـەتوان له‌ میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌ی رۆژه‌ڤی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پرسی ئاڵوزییەکانی عـێراق و ئایندەی رێکەوتنی هـەرێـم و بـەغـدا رایگه‌یاند كه‌

عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌تێك ناوزه‌ند كراوه‌ هه‌میشه‌ پڕ كێشه‌ بووه‌ چونكه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ دانه‌مه‌زراوه‌  و هاوسه‌نگی تیا فه‌راهه‌م نه‌كراوه‌ . ئه‌وانه‌ی حوكمڕانی ئه‌و وڵاته‌ش ده‌كه‌ن نه‌یانتوانیوه‌ له‌ بارودۆخی ئه‌و وڵاته‌ تێبگه‌ن بۆیه‌ هه‌میشه‌ كێشه‌و گرفته‌كان به‌رده‌وامه‌ .

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ عێراق به‌ مه‌به‌ست پرسی دارایی زه‌ق ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانی دیكه‌ی خه‌ڵكی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان فه‌رامۆش بكات

گوتیشی :  ئێمه‌ پرسی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیمان هه‌یه‌ ، عێراق به‌ ره‌زامه‌ندی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ پێك نه‌هاتووه‌ ، ده‌یانه‌وێ ته‌نها كات به‌ فیرۆ بده‌ن ، گوێ له‌ ده‌ستوور ناگرن و گوێ له‌ خواسته‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ناگرن .

له‌ هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانرێت كه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له‌ ده‌سته‌ له‌ به‌غدا له‌ هه‌ر چ پارتێك یان لایه‌نێك یان مه‌زهه‌بێك بن یه‌ك بۆچوونیان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌لكی كوردستان . بۆیه‌ پێو‌یسته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان یه‌ك وتاری نیشتیمانی هه‌بێت به‌ رامبه‌ر به‌ هه‌موو رووداوه‌كانی عیراق .

عـارف روشـدی  راشیگه‌یاند ، به‌ داخه‌وه‌ زۆر مادده‌ی گرنگ هه‌یه‌ له‌ ده‌ستووری عێراق فه‌رامۆش كراون ، ده‌سه‌لاتدارانی عێراق ته‌نها ئه‌و مادانه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه‌ ، خاڵێكی دیكه‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ هه‌وڵ له‌ ئارادایه‌ له‌ چه‌ند لایه‌نێك بۆ ئه‌وه‌ی  ده‌ستوور هه‌موار بكه‌ن كه‌ به‌ زه‌ره‌ری خه‌ڵكی كوردستان ته‌واو بێت .

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ به‌ داخه‌وه‌ هه‌ندێك ده‌نگی ناوازه‌ هه‌ن كه‌ ناكرێت به‌ نوێنه‌ری كورد وه‌سفیان بكه‌ین ده‌نگی خۆیان ده‌خه‌ پاڵ ده‌نگی نه‌یارانی كورد بۆ پێشێلكردنی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان .

سه‌باره‌ت به‌ پرسی هه‌لبژاردنه‌كان  عارف روشدی رایگه‌یاند كه‌ هێشتا پێداویستیه‌كانی هه‌لبژاردن به‌رجه‌سته‌ نین و مشت و مڕ له‌ سه‌ر یاسای هه‌لبژاردن هه‌یه‌ و له‌ سه‌ر كات و خه‌رجی هه‌لبژاردن هه‌یه‌ . هه‌روه‌ها پارته‌ سیاسییه‌كان ناچنه‌ ژێر باری هه‌لبژاردن ئه‌گه‌ر نه‌زانن ده‌ره‌نجامی هه‌لبژاردن چۆن ده‌بێت

ئاماژه‌شیدا كه‌ بۆ كورد ئه‌و هه‌لبژاردنه‌ زۆر هه‌ستیاره‌ ، پێویسته‌ پێداگیری له‌وه‌ بكرێت یان عێراق یه‌ك بازنه‌ بێت یان هه‌ر پارێزگایه‌ك یه‌ك بازنه‌ بێت .

هه‌ر بڕیارێكی چاره‌نووسساز له‌ عێراق بدرێت پێویسته‌ كورد به‌شداربێت