هونه‌رمه‌ند ی میسری مه‌حمود قابیل: ژێرخانی ئابووری سینه‌مای میسری داڕماوه‌!

یه‌كه‌م گه‌شته‌ كه‌ بۆ كوردستان ئه‌نجامی ده‌ده‌م و ھاتووم ڕوویی گه‌شه‌سه‌ند و شارستانیه‌تی كورد به‌ چاوی خۆم ببینم

(مه‌حمود قابیل) ئه‌و ھونه‌رمه‌نده‌ی كه‌ 50 ساڵی ته‌مه‌نی خۆی به‌ ھونه‌ری نواندن به‌خشیووه‌، ھه‌موو ساڵاكانی ته‌مه‌نی ھونه‌ریشی عاشق بووه‌ به‌ داھێنان و گۆڕانكاریی له‌ دراما و فیلمی میسری دا، ئه‌وه‌ی ئه‌و ھونه‌رمه‌نده‌ش له‌ ھونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ی وڵاته‌كه‌ی جیاده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ھه‌رچه‌ند ژماره‌كانی ته‌مه‌نی گه‌وره‌ده‌بن ئه‌و ھه‌ر به‌ جوانیی ده‌مێنێته‌وه‌ و ئێستایش به‌ ھونه‌رمه‌نده‌ عاشقه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ھه‌ژمار ده‌كرێت، له‌م دیمانه‌یه‌شدا دیوه‌ شاراوه‌كانی ژیانی خۆی و به‌رھه‌مه‌كانی ده‌گێڕێته‌وه‌، ھاوكات باس له‌ عه‌شقێكی كۆن ده‌كات، كه‌ تێیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌!.

 

ئه‌گه‌ر نیو سه‌ده‌ی ته‌مه‌نی ھونه‌ری خۆت له‌ چه‌ند دێڕێكدا كورت بكه‌یه‌وه‌ چی له‌و ڕابردووه‌ جوانه‌ ده‌گێڕیه‌وه‌؟

بێگومان، به‌رھه‌مه‌ ناوازه‌كان له‌ به‌رھه‌مه‌ كرچ و كاڵه‌كانی سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی ھونه‌ریم ده‌گێڕمه‌وه‌، چونكه‌ بۆ ھه‌مووان ئاشكرایه‌، كه‌ دێته‌ نێو ده‌ریای ھونه‌ر، به‌ چه‌ند به‌رھه‌مێكی بچووك و نواندنی چه‌ند ڕۆڵێكی ئاسایی ده‌رده‌كه‌ویت، به‌ڵام من زوو دركم به‌وه‌ كرد، كه‌ ده‌بێت ئاراسته‌ی كاره‌ ھونه‌رییه‌كانم بگۆڕم و ھه‌نگاوبنێم بۆ كاری نه‌مر و پێگه‌یاندنی خۆم له‌ بواره‌كه‌، به‌رھه‌می (قاچی و جلاد)ـیش بوو به‌ ناونیشانی سه‌ركه‌وتنه‌كانی من له‌ مێژوویی كاری ھونه‌ریمدا، كه‌ له‌ ساڵی 1978 له‌ میسر پێشكه‌مان كرد.

 

تا ئێستا به‌شداریت له‌ چه‌ند كاری درامی و شانۆیی و سینه‌مایی كردووه‌؟

كاره‌ ھونه‌رییه‌كانی من له‌ ھه‌ژمار نایه‌ن، به‌و پێیه‌ی سینه‌ما و درامای میسر ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌وه‌ی كه‌ ھه‌میشه‌ له‌ جووڵه‌دایه‌ و پڕۆژه‌ ھونه‌رییه‌كانی ئێمه‌ ھێنده‌ زۆربوون له‌ ساڵێكدا به‌شداریم له‌ چه‌ند كارێكی نواندن كردووه‌، له‌وانه‌ش له‌ 1979 له‌یه‌ك كاتدا به‌شداریم له‌ به‌رھه‌مه‌كانی (الفخ، الملاعین، وادی الژكریات) كرد، كه‌ ئه‌مانه‌ به‌رھه‌می ناوازه‌ بوون بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ زێڕینه‌ و ھۆڵه‌ سینه‌ماییه‌كانیان ده‌ھه‌ژاند.

 

چه‌ند جار عه‌شق یه‌خه‌ی گرتووی؟

پرسیارێكی قورسه‌ و چه‌ند جارێكیش ڕووبه‌ڕووم كراوه‌ته‌وه‌، من له‌ دووجار عاشق بووم، جارێكیان ھه‌رزه‌كار بووم و وه‌ك ھه‌ر گه‌نجێكی دیكه‌ ده‌مویست پێوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ كچه‌ دراوسێیه‌كی خۆماندا دروست بكه‌م، ئیدی ماوه‌یه‌كی خایاند تا له‌وه‌ تێگه‌یشت كه‌ من به‌دوای ده‌گه‌ڕێم و به‌ڕاستی خۆشم ده‌وێت، به‌ڵام خۆشه‌ویستیه‌ك، كه‌ به‌ مانای وشه‌ پڕ بوو له‌ پاكی، كه‌ تێكه‌ڵاوی ھونه‌ر و شانۆ و نواندنیش بووم، جارێكی تر عاشقی (مێرڤه‌ت ئه‌مین) بووم، به‌ڵام ئه‌ویان له‌ ڕێگه‌ی كاره‌ ھونه‌رییه‌كانی بوو، ئه‌و چیرۆكه‌شم له‌ زۆربه‌ی میدیاكانی عه‌ره‌بی و میسری دا باس كردووه‌.

 

خۆشه‌ویستی نێوان تۆ و مێرڤه‌ت ئه‌مین له‌ كوێوه‌ ده‌ستی پێكرد؟

ئه‌و كاته‌ی به‌رھه‌می (حب تحت المگرم)ـان پێشكه‌ش كرد، كه‌ چه‌ند دیمه‌نێكی ڕۆمانسی له‌خۆوه‌ گرتبوو، سیناریۆكه‌ی گێڕانه‌وه‌ی دوو ئه‌وینداربوو، به‌ ته‌واوه‌تی ئێمه‌ چووینه‌ نێو قوڵایی ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌وه‌، به‌ڵام خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی ئێمه‌ به‌ جیابوونه‌وه‌ كۆتایی پێھاتوو نه‌مانتوانی له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتووبین.

ktv

ده‌گوترێت تۆ سه‌ربازێكی بوێری جه‌نگ بوویت، بۆچی ڕووتكرده‌ سینه‌ماكانی میسره‌وه‌؟

ژیان ھه‌مووی سیناریۆیه‌ بۆ نووسینه‌وه‌ی یادگار و تۆماركردنی ده‌بێت په‌نا بۆ سینه‌ما ببه‌ین، چونكه‌ ته‌نیا له‌وێدا یادگار و به‌سه‌رھاته‌كان به‌ زیندوویی ده‌مێننه‌وه‌، بۆیه‌ منیش كه‌ كۆلێژی سه‌ربازیم ته‌واوكرد، چه‌ند دیمه‌نێك ھه‌بوو نه‌ده‌كرا له‌ چه‌ند كاغه‌زێكی وشكی یادگاره‌كانم بینووسمه‌وه‌، بۆیه‌ په‌نام بۆ سینه‌ما برد كه‌ كارێكی دیكۆمێنته‌ری بكه‌م، له‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌شدا متمانه‌ی زۆرم به‌خۆم بوو، ھه‌ستم به‌وه‌ده‌كرد كه‌ ده‌توانم بگه‌م به‌و حه‌زه‌ی كه‌ له‌ پاڵ كاری سه‌ربازی ھه‌مه‌ بۆ نواندن و سینه‌ما، وه‌ك له‌ پێشووشدا گوتم، ده‌سپێكی به‌رھه‌مه‌كانم تا ڕاده‌یه‌كی لاوازی منی پێوه‌ دیاربوو، به‌ڵام متمانه‌ی زۆرم به‌خۆم و تواناكانم منی ھێنایه‌ سه‌ر ته‌ختی شانۆ و بووم به‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ستێره‌كانی میسر.

 

بۆچی نێوانتان له‌گه‌ڵ ھونه‌رمه‌ند حوسێن فه‌ھمی ھێنده‌ خراپه‌ و له‌ میدیاكان ھێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر یه‌كتر ئایا بڕیارنیه‌ ئاشت بنه‌وه‌؟

دڵشكانی حوسێن فه‌ھمی له‌گه‌ڵ من شتێكی وانه‌بوو، چه‌ند جارێكیش ھه‌وڵمدا له‌گه‌ڵی ئاشت ببمه‌وه‌، به‌ڵام ھه‌وڵه‌كانم بێ سوود بوون، توڕه‌یی ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ پێوه‌ندی نێوان من و مێرڤه‌ت ئه‌مینی ھاوسه‌ری، ھێرشه‌كانیشی له‌ نێو میدیای وڵاته‌كه‌م ئه‌وه‌بوو، كه‌ من پیاوێكی ته‌ڵه‌كه‌باز و ڕاستگۆنه‌بوومه‌ له‌ ژیانی ئه‌ودا و ھه‌وڵمداوه‌ خێزانه‌كه‌ی لێ زه‌وت بكه‌م، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا وانیه‌، ته‌نیا خۆشمویست و ماوه‌ی خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی ئێمه‌ش زۆری نه‌خایاند و گه‌ڕایه‌وه‌ لای ئه‌و، كه‌ ئه‌وكات جۆرێك له‌ گرژی له‌ نێوانیان ھه‌بوو.

 

به‌ سه‌ردانێكی كورت ھاتیه‌ كوردستان و ھۆكاری ئه‌و سه‌ردانه‌ چی بوو چ پڕۆژه‌یه‌كی بازرگانی و ھونه‌ریت له‌به‌رده‌سته‌؟

یه‌كه‌م گه‌شته‌ كه‌ بۆ كوردستان ئه‌نجامی ده‌ده‌م و ھاتووم ڕوویی گه‌شه‌سه‌ند و شارستانیه‌تی كورد به‌ چاوی خۆم ببینم و ھه‌ندێك له‌ ھونه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌ شاره‌زابم و پڕۆژه‌یه‌كی بازرگانی ھاوبه‌ش له‌و وڵاته‌ ئه‌نجام بده‌م، له‌ سه‌ردانی داھاتوومدا، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌چێت ئێستا نه‌توانرێت ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ میدیادا ئاشكرا بكه‌م، تا كاتی ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كه‌ و به‌ده‌ستھێنانی ڕه‌زامه‌ندی لایه‌نی پێوه‌ندیدار.

 

كۆڕۆنا ئێستاش سینه‌ماكانی میسری داخستوون؟

نه‌خێر، ئێستا سینه‌ما و ھۆڵه‌ شانۆییه‌كان ئاماده‌كاریی ده‌كه‌ن بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌ دوور و درێژه‌ی كه‌ خه‌ریك بوو به‌ھۆی كۆڕۆناوه‌ ھونه‌ری میسری له‌بار ببات و بینه‌ر له‌ ھۆڵه‌كان به‌ یه‌كجاری بترازێنێت، به‌ڵام جێی خۆشحاڵیه‌ كه‌ جارێكی تر ده‌ست ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ پێشكه‌ش كردنی به‌رھه‌می جوانی ھونه‌ری.

ktv

داخستنی سینه‌ماكان چ كاریگه‌رییه‌كی به‌سه‌ر ئابووری وڵاته‌كه‌تان داھه‌بوو؟

ھونه‌ر، له‌ ھه‌موو وڵاتێكدا سه‌رچاوه‌ی ژیان و بناغه‌ی ئابوورییه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ڕێگه‌یه‌كه‌ بۆ گه‌یاندنی په‌یامی شارستانیه‌تی وڵاتان، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ سینه‌ما و شانۆ و ھونه‌ر ده‌كرێت به‌ سیاسه‌ت ناكرێت، ئه‌و ماوه‌ی كه‌ سینه‌ماكانیش داخران، ھونه‌رمه‌ندان و وڵات به‌ گشتی تووشی قه‌یرانی ده‌روونی و دارایی ببوو، چونكه‌ كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ژیانی ھونه‌رمه‌نداندا ھه‌بوو، تا ئه‌و ڕاده‌ی بژێوی ژیانیان سه‌خت ببوو، ئێستاش ژێرخانی ئابووری میسر داڕماوه‌ ناچار ده‌بێت ھه‌وڵبده‌ین بۆ دووباره‌ ژیانه‌وه‌ی به‌رھه‌مه‌كان تا بتوانین بینه‌ر له‌گه‌ڵ ھونه‌ر ئاشت بكه‌ینه‌وه‌..

ئا / شیڤان شێرزاد