ئێران به‌رزترین رێژه‌ی تووشبوون به‌ كۆرۆنای له‌ رۆژێكدا تۆماركرد

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران رایگه‌یاند: له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا له‌ ئێران پێنج هه‌زار و 39 كه‌یسی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوه‌ و كۆی گشتی تووشبووان به‌ كۆرۆنا له‌ ئێران بۆ 539 هه‌زار و 670 تووشبوو به‌رزبووه‌ته‌وه‌. 

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئاشكراشیكردووه‌ كه‌ 322 كه‌یسی مردنی دیكه‌ به‌كۆرۆنا له‌ ئێران تۆماركراون كۆی مردووان به‌ كۆرۆنا بۆ 31 هه‌زار و 34 كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه‌. 

هه‌روه‌ها له‌ ئێران چوار هه‌زار و 810 تووشبووی كۆرۆنا له‌ ره‌وشی ته‌ندروستی مه‌ترسیداردان و له‌ ژووی چاودێری چڕی نه‌خۆشخانه‌كان‌ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن. 

له‌لای خۆیه‌وه سیما لاری‌ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران رایگه‌یاند: ئه‌وان له‌ ره‌وشێكی شه‌ڕی سه‌ختدا له‌گه‌ڵ كۆرۆنا ده‌ژین، پێویسته‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ بۆ ماوه‌ی لانیكه‌م سێ هه‌فته‌ رابگه‌یه‌نرێت.

سیما لاری ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ پێویسته‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌ فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت به‌ڕێوه‌نه‌چن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هۆكاری گواستنه‌وه‌ی كۆرۆنان.

گوتیشی رۆژانه‌ 40 بۆ 55 تووشبووی كۆرۆنا له‌ تاران گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.