عێراق و میسر یاداشتى لێکتێگەیشتن واژوو ده‌كه‌ن

سەرۆک وەزیرانی میسر، رایگەیاند: لەگەڵ عێراق گەیشتوینەتە رێککەوتن بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە بەرامبەر نەوت و کارکردنی زیاتری کۆمپانیا میسرییەکان لە عێراق كاری هاوبه‌ش ئه‌نجام ده‌ده‌ین.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ مسته‌فا مه‌دبولی سه‌رۆك وه‌زیرانی میسڕ به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ هاوتا عێراقییه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی عێراقی ـ میسڕی ده‌كات بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵات له‌ چه‌ندین بواری جۆراوجۆردا.

ئه‌مه‌ش سێیه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی له‌مجۆره‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات به‌ڕێوه‌ده‌چێت پێشووتریش له‌ ساڵانی هه‌زار و نۆسه‌د و هه‌شتا و هه‌شت و هه‌زار و نۆسه‌د و هه‌شتا و نۆ كۆبوونه‌وه‌ی هاوشێوه‌ له‌ نێوانیان ئه‌نجامدراوه‌.

نووسینگه‌ی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاوی كردۆته‌وه‌ ئامانج له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ درێژه‌پێدانه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنامه‌ی سێ قۆڵی نێوان عێراق و میسڕ و ئوردن و پێكهێنانی لیژنه‌ی هاوبه‌ش بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی كاری هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ر سێ وڵات له‌سه‌ر ئاستێكی باڵای وزاریدا.

هاوكات به‌ پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ میسڕ هاریكاری عێراق ده‌كات له‌ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ رێگه‌ی هاتنی كۆمپانیاكانی بواری وه‌به‌رهێنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی میسڕی و جێبه‌جێكردنی چه‌ندین پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ نێو خاكی عێراق.

مستەفا كازمی خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بەوەی بەغدا میوانداری كارەكانی لیژنەی باڵای هاوبەشی عێراق و میسری كردووە كە لە میانیدا ژمارەیەك رێككەوتننامە لە بوارەكانی گواستنەوە، تەندروستیی، وزە، كارەبا، فێركردن و رۆشنبیری نێوان هەردوو وڵاتدا واژوو دەكرێن.

مستەفا مەدبولی سەرۆک وەزیرانی میسر ئاشکرای کرد: هەردوو وڵات توانایەکی گەورەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنیان هەیە، پێویست دەکات هەردوو وڵات لەبوارەکانی وەبەرهێنان و بازرگانی هەماهەنگیی زیاتر بکەن، بەتایبەتی لە بواری گواستنەوە و گواستنەوەی ئاوی نێوان بەندەرەکانی عێراق و میسر و ئوردن.

بەپێى راگەیەنراوەکەى نووسینگەى مستەفا کازمى، ئەو یاداشتانامانەى کە واژۆ کراون تایبەتن بەبوارەکانى گواستنەوە، سەرچاوەکانى ئاو، دادوەرى، تەندروستى، ژینگە، وەبەرهێنان، نیشتەجێکردن، ئاوەدانکردنەوە، دارایى، بازرگانى  و پیشەسازى.

سەرۆک وەزیرانی میسر رایگه‌یاند: لە رووی مەبدەئییەوە رێککەوتووین لەسەر ئەنجامدانی رێککەوتنی نەوت بەرامبەر ئاوەدانکردوە، ئەویش لە رێگەی کۆمپانیا میسرییەکانەوە کە بەشداریی بکەن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورەی ستراتیژی و ژێرخانیی، بەرامبەر وەرگرتنی نەوت لە عێراق، دروستکردنی ئەو سندوقەش دەبێتە هۆی چەند هێندەکردنی هاوکاریی و هەماهەنگی لەنێوان هەردوو وڵات.

هاوكات ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی میسر دوای ئه‌مه‌ دێت له‌ مانگی رابردوو فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌ردانی میسر كرد چه‌ند رێككه‌وتنێیان ئیمزاكرد و بانگهێشتنامه‌یه‌كی فه‌رمیشی ئاراسته‌ی مسته‌فا مه‌دبولی سه‌رۆك وه‌زیرانی میسڕ كرد كه‌ سه‌ردانی عێراق بكات.  

بەیانی ئەمڕۆ شەممەش، مستەفا مەدبولی سەرۆكوەزیرانی میسر، بە سەردانێك گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق.