له‌ سنووری نێوان توركیا و سوریا سه‌دان حاڵه‌تی تووشبوون به‌ كۆرۆنا له‌نێو كەمپی په‌نابه‌ران تۆماركراوه‌

له‌ سنووری نێوان توركیا و سوریا سه‌دان حاڵه‌تی تووشبوون به‌ په‌تای كۆرۆنا له‌ نێو كەمپی په‌نابه‌ران تۆماركراوه‌ رێكخراوه‌ جیهانییه‌كانیش هۆشداری ده‌ده‌ن له‌ زیادبوونی ژماره‌ی تووشبووان و دروستبوونی كاره‌ساتی مرۆیی له‌نێو خێمه‌ی په‌نابه‌ران.

به‌پێی راپۆرتێكی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌نێو خێمه‌ی په‌نابه‌ران له‌ باكووری شاری ئیدلب و له‌ سنووری باكووری رۆژئاوای سوریا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و ڤایرۆسه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژیانی هه‌زاران نیشته‌جێی نێو كه‌مپه‌كان ده‌كات.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ په‌نابه‌ره‌ تووشبووه‌كانی سه‌ر سنوور به‌هۆی شه‌ڕو پێكدادانه‌كان و له‌ ترسی گیانی خۆیان ناتوانن بچنه‌ نه‌خۆشخانه‌كانی ئیدلب و هه‌ر له‌ نێو كه‌مپه‌كان چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن ئه‌مه‌ش مه‌ترسی له‌سه‌ر گیانی هه‌زاران ئاواره‌ی دیكه‌ش دروست كردووه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ كه‌لوپه‌لی خۆپارێزی پێویست له‌ به‌رده‌ستدا نییه‌.

له‌ ئێستاشدا ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی ده‌سته‌ی ته‌حریرو شام له‌ ئیدلب و ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌كانی توركیا و گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌و وڵاته‌ له‌ باكووری شاری حه‌له‌ب ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی به‌رچاوی ڤایرۆسی كۆرۆنای به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و به‌هۆی هه‌بوونی گروپه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كان و ناسه‌قامگیری دۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه‌، ناتواندرێت كه‌لوپه‌ل و پێداویستی پزیشكی و خۆپارێزی به‌ دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه‌ بگه‌یه‌نرێت.