قائیمقامی سلێمانی: زیاتر لە 800 دۆنم چیای گۆیژە سەوز دەکرێت

لە قۆناغی دووەمداو لە چوارچێوەی کەمپینی سەوزکردنی چیای ئەزمڕو گۆیژەی شاری سلێمانی لە رێوڕەسمێکدا قۆناغی دووەمی ناشتنی ٢١ ھەزار نەمام لەسەر رووبەری ٢٠٠ دۆن  راگەیاندرا کە لەلایەن کۆمپانیای تانوپۆ ھۆڵدین جێ بەجێ دەکرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە  لە رێورەسمێکدا قۆناغی دووەمی سەوزکردنی چیای گۆیژە راگەیەندراو لە ووتەیەکدا ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی سوپاسی کەرتی تایبەتی کرد کە رۆڵێکی نیشتیمانی و خەمخۆرانە دەبینن لە سەوزکردن و پاکراگرتنی ژینگەی کوردستان و شاری سلێمانی و داوای کرد کۆمپانیاکانی تری کەرتی تایبەت بەشداری لەم پڕۆژە نیشتیمانییەدا بکەن کە دەبێتە مایەی سودگەیاندن بە نەوەی ئێستاو داھاتوو زیادکردنی رێژەی سەوزایی پاک راگرتنی ژینگە .

ھەروەھا ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە وتەیەکدا بە گرنگییەوە باسی لە پڕۆژەکە کردو رایگەیاند : ئەم پڕۆژەیە کە بە دەستپێشخەری قائیمقامیەتی  سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و بە ھارکاری کەرتی تایبەت چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە لە ئێستاو داھاتوودا خزمەتێکی گەورە بە ژینگەو سروشتی کوردستان دەکات و لەرێگەی ناشتنی ھەزاران نەمام ھەنگاوی گرنگ دەبێت بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە سلێمانی و پاک راگرتنی ژینگە ، قائیمقامی سلێمانی گوتیشی:  ناشتنی نەمامەکان بەشێوەی زانستی  و ئەندازیاری دەبێت و پاش گەورەبونی لە شێوەی تابلۆیەکی سەرنج راکێش چیای ئەزمڕ دەنەخشێنێت و سێمایەکی جوان دەبەخشێت بە سلێمانی .

لەبەرامبەر ھەڵوێستی نیشتیمانی کەرتی تایبەت ئاوات محەمەد رایگەیاند:  بە ھەوڵی ئەوان و بە ھاوکاری فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی زیاتر لە ٨٠٠ دۆنم لە چیای ئەزمڕ و گۆیژە سەوز دەکرێت و بەھەزاران نەمام دەنێژرێت، بۆ ئەمەش سوپاسی کۆمپانیاکانی« گروپی کۆمپانیاکانی فاروق، قەیوان ، تانوپۆ ، ماس ، دەرواز»ی کرد و ووتی: لە چەند رۆژی داھاتوودا قۆناغەکانی تری سەوزکردن و ناشتنی نەمام لە چیای گۆیژە بەردەوام دەبێت و بەمەش رووبەرێکی فراوان سەوز دەکرێت .