له‌ جه‌مسه‌ری باشوور پارچه‌ سه‌هۆڵێكی گه‌وره‌ كه‌وته‌ نێو ئاوه‌وه‌

له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوودا درزی بردبوو

ئا- گۆران ئه‌رده‌لان

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی space.com ئه‌و پارچه‌ سه‌هۆڵه‌ی كه‌ له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوو له‌ به‌شی رۆژئاوای به‌سته‌ڵكۆی جه‌مسه‌ری باشوور درزی بردبوو، به‌ یه‌كجاری له‌ به‌سته‌ڵۆكی جه‌مسه‌ر جیابووه‌ته‌وه‌ و كه‌وتووته‌ نێو ئاوی ده‌ریاوه‌.
سه‌رچاوه‌كه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و پارچه‌ سه‌هۆڵه‌ 1270 كیلۆمه‌تره‌ سێجایه‌ و ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م پارچه‌ سه‌هۆڵه‌ له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌كانی ئاودا ئه‌ملا و ئه‌ولا بكات و ببێته‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر گه‌شته‌ ده‌ریاییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا.
ئاژانسی لێكۆڵنه‌وه‌ی جه‌مسه‌ری بریتانیا باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ مانگی كانوونی دووه‌مدا رۆژانه‌ 1 كیلۆمه‌تره‌ درزه‌كه‌ گه‌وره‌ بووه‌ و دواجار به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ ( دوینێ) ئه‌و پارچه‌ گه‌وره‌یه‌ی سه‌هۆڵ له‌ به‌سته‌ڵۆكی جه‌مسه‌ر جیابووه‌ته‌وه‌. 
ئاژانسه‌كه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و پارچه‌ سه‌هۆڵه‌ 20 ئه‌وه‌نده‌ی دووڕگه‌ی مانهاتان گه‌وره‌یه‌ و دوو ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌وه‌ی ره‌نگه‌ پارچه‌ سه‌هۆڵه‌كه‌ هه‌ر له‌ كه‌ڕاخی ئاودا له‌ پاڵ به‌سته‌ڵۆكی گه‌وره‌دا بمێنێته‌وه‌ و یا ئه‌وه‌ته‌ له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌كانی ئاو دا ئه‌ملا و ئه‌ولا بكات.