ئه‌مریكا ڕێگه‌ی به‌ توركیا نه‌دا هیلیكۆپته‌ری هێرشبه‌ر به‌ پاكستان بفرۆشێت

له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و سزایانی ئه‌مریكا به‌سه‌ر توركیایدا سه‌پاندووه‌ به‌رانبه‌ر به‌ كڕینی سیستمی مووشه‌كی ئێس چوارسه‌دی ڕووسی، ئه‌مریكا ڕێگه‌ی به‌ توركیا نه‌دا سی هیلیكۆپته‌ری هێرشبه‌ر جۆری ئه‌تاك به‌ پاكستان بفرۆشێت.

له‌و باره‌وه‌ ئیبراهیم كالین گوته‌بێژ به‌ ناوی سه‌رۆكی توركیاوه‌ له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا ڕێگه‌ی به‌ وڵاته‌كه‌ی نه‌دا سی هیلیكۆپته‌ری هێرشبه‌ر به‌ پاكستان بفرۆشێت.

كالین سه‌باره‌ت به‌و سزایانه‌ی ئه‌مریكا به‌هۆی كڕینی سیستمی مووشه‌كی چوارسه‌دی ڕووسیاوه‌ به‌سه‌ر ئه‌نقه‌ریدا سه‌پاندوون ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ دوور نییه‌ له‌بری پاكستان ئه‌و سی هیلیكۆپته‌ر به‌چین بفرۆشرێن.

هه‌ڵبه‌ت توركیا و پاكستان له‌ ساڵی دوو هه‌زارو هه‌ژده‌ ڕێككه‌وتنێكیان مۆركرد به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌بوو پاكستان سی هیلیكۆپته‌ر هێرشبه‌ر له‌ جۆری ئه‌تاك به‌ بڕی یه‌ك ملیارو پێنجسه‌د ملیۆن دۆلار له‌ توركیا بكڕێت، به‌ڵام ئه‌مریكا ڕی نادات ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ جێبه‌جێ بكرێت.