ئێران داوایه‌كی سعودیە ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: تاران داواکارییەکی سعودیەی رەتکردوەتەوە بۆ بەشداریکردنی ئەو وڵاتە لەگفتوگۆکانی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی چوار كۆ یه‌ك، جەختیش دەکاتەوە سعودیه‌ ناتوانێت وەک هێزێک لەدەرەوەی ناوچەکە مامەڵە بکات.

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئێران بەشداریکردنی سعودیەی لەگفتوگۆکانی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی چوار كۆ یه‌ك (روسیا، فڕەنسا، ئەڵمانیا، چین و بریتانیا) رەتکردوەتەوە، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وشدا، وڵاتی سعودیه‌ توانای ئەوەی نیە بچێتە گفتوگۆیەکەوە لەدەرەوەی ناوچەکە و لەرێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی دوو هه‌زارو پانزه‌ش رۆڵێکی تێکدەرانەی هەبووە.

خەتیبزادە ئه‌وه‌شی خسته‌روو، رێککەوتنی ئەتۆمی لەچوارچێوەیەکی داخراودایە و رێنمایی سعودیە دەکەن بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئاستی هەرێمی و تاران پێشوازی لەگفتوگۆی هەرێمی دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی، وڵاته‌كه‌ی ئومێدەواره‌ فڕەنسا لەگفتوگۆکانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمی بەئاڕاستەی بونیادنانەوە و پابەندکردنی لایەنەکان هەنگاو بنێت، بۆیە لەکۆبونەوەکانی ڤییەننادا داوا دەکەن واشنتن سەرجەم سزاکان هەڵبگرێت و کەبەسەر تاراندا سەپاندویەتی و کەمکردنەوەی سزاکان قۆناغ بە قۆناغ رەتدەکەنەوە.