300 كه‌سایه‌تی زانستی ئێرانی خوازیارن بایدن دژی تاران سیاسه‌تێكی توند په‌یڕه‌و بكات

ره‌حیم ره‌شیدی - واشنتۆن

له‌ نامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی كه‌تووه‌، 300 كه‌سایه‌تی زانستی و مامۆستای زانكۆ كه‌ نیشته‌جێی ئه‌مریكان، له‌ نامه‌یه‌كدا داوایان له‌ سه‌رۆك جۆبایندن كردووه‌ درێژه‌ به‌ سیاسه‌تی گوشار بۆ سه‌ر ئێران بدات.

واژۆكه‌رانی نامه‌كه‌ خۆیان وه‌كوو "كۆمیته‌ی پسپۆرانی ئێرانی بۆ سیاسه‌ت له‌هه‌مبه‌ر ئێران" ناساندووه‌و كه‌ له‌ مامۆستایانی زانكۆ، ئاكادیمی، به‌ڕێوه‌به‌رانی پیشه‌سازی و كاروكاسبی پێكهاتوون، تێكرا داوا له‌ ئیداره‌ی جۆبایدن ده‌كه‌ن داكۆكی له‌ خه‌ڵكی ئازادیخوازی ئێران بكات و له‌ به‌رانبه‌ردا دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران توندو قایم ڕابوه‌ستن.

"كۆمیته‌ی پسپۆرانی ئێرانی بۆ سیاسه‌ت له‌هه‌مبه‌ر ئێران"، باس له‌ سیاسه‌تی شه‌ڕانگێزانه‌ی تاران ده‌كه‌ن و له‌م چوارچێوه‌شدا ئاماژه‌یان به‌ پرسی پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ئێران و سه‌ركه‌وتنی خه‌ڵكی نارازی له‌ نێوخۆو ده‌ره‌وه‌ی ئێران كردووه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران په‌یره‌وی ده‌كه‌ن.

هه‌ر بۆیه‌ واژۆكه‌رانی نامه‌كه‌ روویان له‌ بایدن و ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆشكی سپی كردووه‌  كه‌ ئه‌مریكا پشتیوانی و داكۆكی له‌ كۆمارێكی دیموكرات و سیكولار و به‌ دوور له‌ چه‌كی ناوكی بۆ ئێران بكات.

ئه‌و 300  كه‌سایه‌تییه‌  ئێرانییه‌، هه‌روه‌ها خوازیارن كه‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی بایدن رێگری له‌ چالاكی تێكده‌رانه‌ی ئێران بگرێ و سنوورێك بۆ په‌ره‌پێدانی تیرۆریزم كه‌ ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ پشتیوان و په‌ره‌پێده‌ریه‌تی دابنێ و به‌م هه‌نگاوه‌ به‌رگری به‌كردووه‌ به‌به‌ر سیاسه‌تی داكۆكی له‌ مافی مرۆڤ و دیموكراسیدا بكات كه‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی بایدن بانگه‌وازی بۆ ده‌كات.

به‌ گوێره‌ی ناوئاخنی نامه‌كه‌، ئێرانییه‌كان پێشوازیان له‌و سیاسه‌ته‌ی بایدن كردووه‌ كه‌ له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ ئێران، گه‌مارۆكان له‌سه‌ر كۆماری ئێسلامی هه‌ڵناگرێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نامه‌كه‌دا، واژۆكه‌ران، پێداگریان كردووه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، دوو رووی یه‌ك دراون و نابێ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئێستای واشنتۆن هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌و ئه‌وان به‌سه‌ر باڵ و به‌ره‌ی جیاوازدا دابه‌ش بكه‌ن.


ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كه‌سایه‌تییه‌ زانستییه‌كانی ئێرانی له‌ ئه‌مریكا،  هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ی وڵاتانی رووسیا، چین، ئەڵمانیا، بەریتانیاو فەرەنسا، لە ڤیەننا، كه‌ به‌ جیا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئێران و ئەمریکا کۆبوونەوە تاكوو دوو لایه‌ن رازی بكه‌ن په‌یوه‌ست به‌ رێککەوتنی ئەتۆمی، ساڵی 2015 ببنه‌وه‌ كه‌ لە نێوان ئێران، ئەمریکا، رووسیا، چین، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا لە ڤیەننا واژۆکرا، به‌ڵام ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، تاكلایه‌نه‌ له‌ رێککەوتننامەکە کشایەوەو سیاسه‌تی"ئەوپەڕی گوشار"ی لە دژی ئێران هێنایه‌ ئاراوه‌.

ئیدارەی بایدن له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونیه‌وه‌ رایگه‌یاندووه: ئه‌گه‌ر ئێران نیازپاكی خۆی نیشان بدات و خاڵه‌كانی رێكه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێبكات و ده‌ست له‌ پشتیوانی تیرۆریزم هه‌ڵگرێت، ئه‌مەریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو رێككه‌وتنه‌كە، له‌م باره‌یه‌وه‌ یه‌كێتی ئه‌ورووپا و به‌ریتانیا، له‌گه‌ڵ ئه‌م سیاسه‌ته‌ی واشنتن له‌ هه‌مبه‌ر ئێران هاوهه‌ڵوێستن.