​​​​​​​سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/4/22 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییانەی سەر هەولێری کرد و پشتگیریی هاوپەیمانانی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند کە لە گەڵ حکومەتی عێراق، لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و کۆتاییان بێت.

لە دیدارەکەدا هەروەها ، جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی فیدراڵی کرایەوە . باڵیۆزی بەریتانیا ، ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئامادەیی وڵاتەکەشی ، بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێم دەربڕی. سەرۆکی حکومەت ، سوپاسی پشتگیریی هەڵوێستی بەریتانیا و هاوپەیمانانی کرد و داوای کرد، حکومەتی فیدراڵی، پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، تایبەت بە یاسای بودجەی گشتیی، جێبەجێ بکات و بەشە بودجەی هەرێم، لە ئایندەیەکی نزیکدا بنێرێت. هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.