فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران پشتیوانی خۆی بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ربڕی

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق پشتیوانی خۆی بۆ ناوه‌رۆكی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق پشتیوانی خۆی بۆ ناوه‌رۆكی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و په‌یامه فه‌رمییانه‌‌وه‌ كه ئاراسته‌ی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كردن و بریتی بوون: له‌ فره‌وانكردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی نێرده‌ی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و له‌ ناوبژیوانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ڕۆڵێكی گه‌وره‌تر بگێڕێت و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێرراوه‌كانی نێوانیان به‌ تایبه‌تی ماده‌ی سه‌دو چل و بابه‌تی دابه‌شكردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی سامانی سروشتی.

هاوكات پشتیوانی خۆی بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ربڕیوه‌ له‌باره‌ی پێویستی ده‌سته‌به‌ركردنی ڕۆڵێكی دیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خت به‌ مه‌به‌ستی گه‌ره‌نتی پاكی و شه‌فافییه‌ت و ده‌ركردنی بڕیارێكی فه‌رمی له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه‌وه‌ بۆ پشتیوانیكردن له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا له‌ باره‌ی بودجه‌ی ساڵی دوو هه‌زارو بیست و یه‌كه‌وه‌، هه‌روه‌ها پێشكه‌شكردنی پشتیوانی مرۆیی و هاریكاری پێویست بۆ ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و چاكتركردنی ڕه‌وشی ژیانیان له‌ كه‌مپه‌كان.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق هاوكات داوای له‌ حكوومه‌تی فیدراڵی و ده‌زگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵی كردووه‌ به‌ ده‌نگی ئه‌م داواكارییانه‌وه‌ بێن كه‌ به‌پێی ده‌ستوور پێوه‌ندییه‌كی دروست و به‌رده‌وام له‌نێوان هه‌ردوولادا پێك ده‌هێنن.