فه‌رمانده‌یه‌كی هێزه‌كانی ئه‌مریكا: واشنتۆن لە بەکارهێنانی هێزە بەوەکالەتەکان لەلایەن ئێرانەوە نیگەرانە

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن لە بەکارهێنانی هێزە بەوەکالەتەکان لەلایەن ئێرانەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نیگەرانە.

جەنەرال کێنێس مککێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، لە میانه‌ی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی ئۆنڵایندا کە پەیمانگەی ئەمێریکان ئینتەرپڕایز رێکیخستبوو، رایگەیاند بەکارهێنانی گرووپە بەوەکالەتەکان بە تایبەتی لە عێراق، لەلایەن تارانەوە، واشنتۆنی نیگەران کردووە.

ئاماژەشی بەوەش کرد، کە وێڕای لەنێوبردنی خەلافەتی داعش، ئایدۆلۆژیای گرووپە توندره‌وه‌ لە ناوچەکدا ماوەتەوە و بووەتە هاندەر بۆ ئەوە شانە نووستووەکانی هێرش لە نێوخۆی عێراق و سووریا ئه‌نجامبده‌ن.

هاوکات گوتیشی کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەردەوامن لە هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ ئەوەی توانا سەربازیەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بەرزبکەنەوە.

لەبارەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەرێوەبەرایەتیی خۆسەریشەوە، جەنەرال مککێنزی گوتی، وەزارەتی دەرەوەی وڵاته‌كه‌ی و ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی وڵاتەکەیانەوە، ژمارەیەک پرۆگرامی هاوکاریان لەو ناوچانە جێبەجێکردووە کە بووەنەتە هۆی دابینکردنی بەشێک لەو خزمەتگوزارییانەی کە ئەو ناوچانە پێویستیان پێی هەبووە.

هاوكات ئه‌وه‌شی خسته‌روو، کە ئەو سەرچاوانەی لەلایەن وڵاتانەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو ناوچانە دابینکراون، بەشی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی ئەو ناوچەیە ناکەن، کە ئەوەش بە گوتەی خۆی، دەبێتە دەرفەتێک بۆ داعش تا دووبارە سەرهەڵبداتەوە.

مککێنزی گوتیشی: دەبێت هەموو ئەو چەکدارە بیانییانەی داعش کە لە کەمپەکان دەستبەسەرکراون، لەگەڵ ژن و منداڵەکانی بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان و پێویستە وڵاتان جیددی بن و هەنگاوی پێویست بۆ گەڕانەوەی ئەو چەکدار و منداڵ و ژنانە بنێن.