ئێران هاووڵاتییه‌كی كوردی بە 40 ساڵ زیندانی كردن سزادا

به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندام بوون له‌ پارتێكی كوردستانی

هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای 40 ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاوی كرده‌وه‌، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا محەمەد مورادی، خەڵکی پیرانشار لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی سزای 40 ساڵ بەندکران و دووخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەی بە سەردا سەپا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار كه‌به‌هه‌نگاوی راگه‌یاندووه‌، ئەو سزایە بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە سەر ناوبراودا سەپاوە و  رۆژی چوارشەممە 12-5-2021 دوای ئەوەی بانگ کراوە بۆ ژووری جێبەجێ کردنی سزاکانی بەندیخانەی نەغەدە بە فەرمی سزاکەی پێ ڕاگەیەندراوە.

محەمەد مرادی خەڵکی گوندی قەبری حوسێنی پیرانشار کە شەش مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە،له‌ساڵی 2017 لەو حیزبە جیا بووەتەوە  و چووەتەوە ئێران و له‌ 6  سێپتمبه‌ری 2017 خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەرچەند محەمەد خۆی تەسلیم کردووە، بەڵام سوپای پاسداران لە ڕێگای یەکێک لە ئەندامەکانی خۆیەوەی بە ناوی ”عەلی ئاتەش بەرگ“ دۆسیەیەکیان بۆ کردووەتەوە و وایان نیشان داوە کە محەمەد لەکاتێکدا 3 چەکی پێ بووە دەستبەسەر کراوە.

محەمەد مورادی دوای دەستبەسەر کران بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە و دواتر بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازراوەتەوە و ئێستا لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.

جێگای ئاماژەیە کە دوو برای محەمەد بە ناوەکانی ”عەبدوڕەحمان و سادق مورادی“ ڕۆژی دووشەممە 14 ی ئۆكتۆبه‌ری 2019   لەکاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانیان لە دەست دا.