ئه‌مرۆ مامه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی دروستكردنی خانوو له‌ زه‌وییه‌كانی 8ی حه‌سارۆك ده‌ستی پێ كرد

دوای سه‌ردانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ زه‌وییه‌كانی هه‌شتی حه‌سارۆك و به‌ڵێندان به‌جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیان، فه‌رمانگه‌ی هه‌شتی حه‌سارۆك كرایه‌وه‌ و ئه‌مڕۆش مامه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی دروستكردنی خانوو ده‌ستی پێ كرد.

كێشه‌ی زه‌وییه‌كانی هه‌شتی حه‌سارۆك، كه‌ چه‌ند ساڵه‌ درێژه‌ی كێشاوه‌، چاره‌سه‌ركردنی بووه‌ یه‌كێك له‌ كاره‌ له‌پێشه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی كرد و به‌ڵێنی دا به‌ هه‌موو توانایانه‌وه‌ كار بۆ جێبه‌جێكردنی داواكانیان و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریی به‌و گه‌ڕه‌كه‌ بكه‌ن، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و پارێزگای هه‌ولێری ڕاسپارد، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌و پێشیش فه‌رمانگه‌ی خزمه‌تگوزاریی گه‌ڕه‌كی هه‌شتی حه‌سارۆك كرایه‌وه‌ و ئه‌مڕۆ مامه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی دروستكردنی خانوو له‌ زه‌وییه‌كانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ ده‌ستی پێ كرد.