رێژەی 78٪ی پڕۆژەی رێگای (دەربەندیخان - باوەخۆشێن) تەواو کرا

لە چوارچێوەی پڕۆژە بەردەوامەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، کارکردن لە پڕۆژەی چاککردن و قیرتاوکردنی رێگای (دەربەندیخان - باوەخۆشێن) بەردەوامە.

لە ماوەی رابردوودا وه‌زاره‌تی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کارکردنی لە پڕۆژەکە دەستی پێکرد، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوەو پاراستنی ڕێگاوبانی سلێمانیەوە بە شێوازی ڕاستەوخۆ جێبەجێ‌ دەكرێت، بە درێژی 4كم و بە گوژمەی (498،000،000) دینار كە بودجەکەی لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنەوە بۆ دابینكراوە، رێژەی کاری ئەنجامدراویش لەئێستادا گەیشتوەتە (٧٨٪‏).

پڕۆژەکە کۆمەڵێک بڕگە لەخۆدەگرێت، ئەوانیش:

قلع كردنی ئەو بەشانەی ڕێگاكە كە تێكچون، لەگەڵ فەرشكردنی چینێك قیری ستابلایزەر بە ئەستوری 10سم. فەرشكردنی چینێك قیری بایندەر بە ئەستوری 6سم بۆ گشت ڕێگاكە بە درێژی 4كم. سەرلەنوێ‌ چاككردنەوەی شانی ڕێگاكەو فەرشكردنی تێكەڵەی جۆری ( B ) بە ئەستوری  16سم. دروستكردنی جۆگەی لاتەنیشت بۆ هەردولای ڕێگاكە.

رێگای دەربەندیخان - باوەخۆشێن، ناوچەی قەرەداغ و ناحیەی باوەخۆشێن و ناحیەی سێوسێنان و گوندەكانی سنورەكە بە دەربەندیخانەوە دەبەستێتەوەو لە ھەر حاڵەتێکی داخستنی تونێلی دەربەندیخانیشدا، دەبێتە رێگای سەرەكی هاتوچۆی ناوچەی گەرمیان و دەربەندیخان لەگەڵ شاری سلێمانی.