عێراق و توركیا لەسەر پشكی ئاو گفتوگۆ ده‌كه‌ن

رووبارەكانی عێراق تا دێت وشكتر دەبن بەپێی پێشبینییەكانی پسپۆڕێكی بواری جیۆلۆجی تا ساڵی دووهه‌زار و چل رووبارەكانی عێراق نامێنن و وشك دەبن.

ئێستا شاندی عێراقی بە سەرۆكایەتی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان مەهدی رەشید حەمدانی لە توركیایە بۆ گفتووگۆ لەسەر پشكی عێراق لە ئاو و دابەشكردنی سەرلەنوێی لە نێوانیاندا.

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رووانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لە مانگی رابردوودا، ئاستی ئاوی رووباری فوڕات كە رووبارێكی نێودەوڵەتییە، به‌ به‌رزی پێنج مەتر دابەزیوە لە مێژووی خۆیدا بەهۆی ئەو بەربەرستانەی لە توركیا لەسەر رووبارەكە دروستكراون.

عەبدولڕەحمان مەشهەدانی پسپۆڕی بواری جیۆلۆجی ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كۆمەڵێك بەنداوی توركیا لەنێویاندا ئەلیسۆ، بووە بەهۆی رێگری لە هاتنی پشكی عێراق لە ئاو.

لە چوارچێوەی پرۆژەی باشووری خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵ كە بە گاپ ناسراوە و لە حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووەوە دەستیپێكردووە، كاریگەرییەكی گەورەی لە گرتنەوەی ئاو هەیە، توركیا خاوەنی پێنج بەنداوی گەورەیە لە سەر رووباری فوڕات، ئێستاش كار لەسەر دوو بەنداوی دیكە دەكرێت.

رووبارەكانی فوڕات و دیجلە بە شا دەماری سەرەكی ژیانی عێراق دادەنرێن، بەڵام پرۆژەكانی توركیا بە تەواوی ئەم دوو رووبارەی بەرەو ووشكبوون بردووە.