كتێبی (مه‌سعود بارزانی مه‌رجه‌ع و په‌ناگه‌) چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌

كتێبی (مه‌سعود بارزانی، مه‌رجه‌ع و په‌ناگه‌)، بڵاوكرایه‌وه‌، كتێبه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یی و توێژینه‌وه‌ی‌ سیاسی ئاماده‌كراوه‌ و تێیدا باس له‌ رۆڵ و پێگه‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات.

كتێبی (مه‌سعود بارزانی، مه‌رجه‌ع و په‌ناگه‌)، له‌لایه‌ن نووسه‌ر و توێژه‌ر سه‌عد هه‌مه‌وه‌ندى، چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌، كتێبه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى به‌ڵگه‌نامه‌یی و توێژینه‌وه‌ى سیاسی ئاماده‌ كراوه‌ و تێیدا باس له‌ رۆڵ و پێگه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌كات.

سه‌عد هه‌مه‌وه‌ندى، توێژه‌رو نووسه‌ر، له‌ كتێبه‌كه‌یدا تیشكى خستووه‌ته‌ سه‌ر به‌رخودان و تێكۆشانی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، كاتێك رۆڵێكى به‌رچاوى له‌ بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى گه‌لى كورد، گێڕاوه‌، تا ئه‌و ئاسته‌ى بووه‌ته‌ هێماى لێبورده‌یی و ئازایه‌تى و پاكى.

نووسه‌ر، ناونیشانى (مه‌سعود بارزانى. مه‌رجه‌ع و په‌ناگه‌)ى هه‌ڵبژاردووه‌، كتێبه‌كه‌ له‌ (337) لاپه‌ڕه‌ پێكهاتووه‌، له‌ چاپخانه‌ی "كاروان"، له‌هه‌ولێر چاپكراوه‌.

له‌ پێشه‌كییه‌كه‌یدا، نووسه‌ر كتێبه‌كه‌ى پێشكه‌شى هه‌موو قوربانیان كردووه‌، كه‌ له‌ پێناو پره‌نسیپ و بیروباوه‌ڕیان گیانیان سپاردووه‌، دواتر باسی له‌ هۆكاره‌كانى نووسینه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌ كردووه‌.

سه‌عد هه‌مه‌وه‌ندى، له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كیدا نووسیویه‌تی: من به‌رده‌وام شتى تایبه‌ت و ناوازه‌ له‌ كه‌سایه‌تى سه‌رۆك بارزانى، فێربوومه‌، سه‌رۆك بارزانى ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌یه‌، كاتێك سه‌یری ده‌كه‌ی، هێز و توانا و متمانه‌ت پێده‌به‌خشێت، فێری ئه‌وه‌ت ده‌كات له‌ كاته‌ هه‌ستیاره‌كاندا، هێمن و له‌سه‌رخۆ بیت.

له‌ به‌شی یه‌كه‌مى كتێبه‌كه‌، نووسه‌ر باس له‌ دۆزى كورد ده‌كات، كه‌ چۆن سه‌رۆك بارزانى، له‌ مێژووى  سیاسیى و شۆڕشگێری خۆیدا، به‌رده‌وام خاوه‌ن ده‌ستپێشخه‌ریی بووه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى بۆ كه‌سایه‌تى ناوچه‌ى بارزان ده‌كات، كه‌ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى لێی له‌دایك بووه‌، كه‌ خه‌ڵكى بارزان به‌وه‌ ناسراون، به‌ هه‌ڵوێست و جوان و مرۆڤى گه‌وره‌ن.

هه‌مه‌وه‌ندى، له‌ به‌شى دووه‌مى كتێبه‌كه‌ى ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، سه‌رۆك بارزانى بووه‌ته‌ په‌ناگه‌یه‌كى سیاسی و مرۆیی بۆ ته‌واوى ناوچه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ئاماژه‌ى بۆ وته‌یه‌كى سه‌رۆك بارزانى كردووه‌، تێیدا هاتووه‌: پێویسته‌ له‌ ڕووى سیاسییه‌وه‌ رێكبكه‌وین، تاوه‌كو مافه‌ سه‌ره‌كییه‌كانمان به‌ده‌ست بێنین، به‌ له‌به‌رچاوگرتنى مافى خه‌ڵكى دیكه‌ش، ئه‌مه‌ ترس و نیگه‌رانى لاى هه‌موو لایه‌ك لاده‌بات.

له‌ به‌شى سێیه‌مى كتێبه‌كه‌دا نووسه‌ر باسی كه‌ركووك و سیاسه‌تى مه‌لا مسته‌فای بارزانى رابه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كوردستانی كردووه‌، به‌رامبه‌ر خه‌ڵكى ئه‌و شاره‌، ئاماژه‌ى بۆ رووداوێك كردووه‌، كه‌ به‌ر له‌ (50) ساڵ له‌ كه‌ركووك روویداوه‌، دواتر ستایشى هه‌ڵوێستى مسته‌فا بارزانى كردووه‌، نووسه‌ر نووسیویه‌تی: له‌ حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو، شاندێك له‌  به‌غداوه‌ سه‌ردانى بارزانى نه‌مریان كرد، پێیان راگه‌یاند، تۆ چیت ده‌وێت؟

بارزانى نه‌مر فه‌رمووى: مافه‌كانمان، تاوه‌كو زنجیره‌ چیاكانى حه‌مرین، به‌ كه‌ركووكی دڵیشه‌وه‌.

هه‌مه‌وه‌ندى، ئاماژه‌ى بۆ به‌رخودانی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى كردووه‌، كه‌ پڕه‌ له‌ ده‌ستكه‌وت، وته‌یه‌كى سه‌رۆك بارزانى باسكردووه‌، ده‌ڵێت: كه‌ركووك، به‌شێكه‌ له‌ جوگرافیاى هه‌رێمى كوردستان، به‌ بۆچوونى كورد، ئه‌مه‌ پرسێكى مێژوویی گه‌وره‌یه‌.

نووسه‌ر، له‌ كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ى بۆ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانى كه‌ركووك كردووه‌، كه‌ تووشى ده‌یان هه‌ڵمه‌تى گۆڕینى دیموگرافیا و ته‌عریب و ته‌بعیس، بووه‌، هه‌موو هه‌وڵێك دراوه‌ بۆ نه‌هێشتنى كورد له‌و شاره‌دا.

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، سیاسه‌تى سه‌رۆك بارزانى سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركووك روون و ئاشكرایه‌، كه‌ شارێكى پیرۆزى كوردستانه‌، هه‌وڵى جدی داوه‌ بۆ پاراستنى ره‌چه‌ڵه‌كى مێژوویی و جوگرافییه‌كه‌ى.

له‌ بابه‌تى "كوردستان پایته‌ختى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست"، نووسه‌ر ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، كه‌ چۆن هه‌رێم بووه‌ته‌ هاوبه‌شێكى ئیجابی، به‌شدارى هه‌موو یارییه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات.

له‌ باره‌ى سیاسه‌ته‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانى سه‌رۆك بارزانى، نووسه‌ر رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له‌ سیاسه‌تى هه‌رێمایه‌تى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى بكۆڵینه‌وه‌، ده‌بینین، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانی په‌یوه‌ست نه‌كردووه‌ به‌ سوڕگه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌، چونكه‌ سه‌رۆك بارزانى خاوه‌نى ستراتیژێكى تۆكمه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانى كه‌نداو، توركیا، ئێران و چین، په‌یوه‌ندی دیپلۆماتی و سیاسی په‌ره‌ پێداوه‌.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: سه‌رۆك بارزانى بۆ عێراق و قوڵایی عه‌ره‌بی له‌ ناوچه‌كه‌، كلیلى كردنه‌وه‌ى كێشه‌كانه‌، هه‌رێمى كوردستان به‌ گه‌رمییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانى عه‌ره‌بی دامه‌زراندووه‌.

پێش ئه‌وه‌ى كۆتایی به‌ كتێبه‌كه‌ بهێنێت، سه‌عد هه‌مه‌وه‌ندى ئاماژه‌یپێدا: سه‌رۆك بارزانى رۆڵێكى گرنگى هه‌یه‌، زۆرترین هه‌لى خسته‌ به‌رده‌ست.

ئه‌وه‌شی نووسیوه‌: بارزانى سه‌ركرده‌یه‌كى دادپه‌روه‌ر و ناوازه‌یه‌، هه‌بوونى ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌، هه‌بوونى سوپایه‌كى مرۆییه‌، هه‌ولێر بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى هێز، هیچ وڵات و حكومه‌تێك دووچارى شه‌ڕو ماڵوێرانى نابێته‌وه‌، كاتێك خاوه‌نى مه‌رجه‌عێك و په‌ناگه‌یه‌كى وه‌ك سه‌رۆك بارزانى بن.

به‌ گشتیی كتێبه‌كه‌ له‌ سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه‌. به‌شی یه‌كه‌می تایبه‌ته‌ به‌ لایه‌نه‌ مێژووییه‌كانی ژیانی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی سه‌رۆك بارزانی. به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خستنه‌ڕوو و شیكردنه‌وه‌ی روانگه‌ و دید و تێڕوانینی سه‌رۆك بارزانی بۆ هه‌ریه‌ك له‌ پرسه‌ مرۆیی، سیاسی، ئابووری و یاساییه‌كان و باسكردنی هه‌ریه‌ك له‌ پرسه‌كانی تیرۆر، به‌رهه‌ڵستكاری سیاسی و چه‌وساندنه‌وه‌ و راوه‌دوونانی سیاسی و مافه‌كانی په‌نابه‌ری سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا. به‌شی سێیه‌م و كۆتایی كتێبه‌كه‌ ته‌رخانكراوه‌ بۆ خستنه‌ڕووی روانگه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ پرسی كه‌ركووك و كوردستانییه‌تی كه‌ركووك و سه‌نتراڵكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

له‌ كۆتایی كتێبه‌كه‌شدا، ئه‌لبوومێكی وێنه‌یی سه‌رۆك بارزانی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ تێیدا ده‌یان وێنه‌ی سه‌رۆك له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كانی جیهان و بڕیاربه‌ده‌ستانی سیاسه‌ت له‌ ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی خراونه‌ته‌ڕوو.