له‌ 4 پارێزگا 9 داعش ده‌ستگیر كران

فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ئاشكرای كرد، توانیویانه‌ له‌ 4 پارێزگای جیاواز 9 ئه‌ندام و چه‌كداری داعش ده‌ستگیر بكه‌ن كه‌ یه‌كێكیان له‌ پارێزگای سلێمانی بووه‌.

لیوا یه‌حیا ڕه‌سوول گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق بۆ‌ ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كان گوتی: ده‌زگای نه‌هێشتنی تیرۆر له‌ چه‌ند هه‌ڵمه‌تێكدا له‌ 4 پارێزگای عێراق توانیویانه‌ 9 ئه‌ندامی داعش ده‌ستگیر بكه‌ن، پارێزگاكانیش بریتین له‌ به‌غدا، ئه‌نبار، كه‌ركووك و سلێمانی.

گوته‌بێژه‌كه‌ هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: چوار له‌و ده‌ستگیركراوانه‌ی داعش له‌ شاری به‌غدا بوون، سێی تریان له‌ شارۆچكه‌ی فه‌لووجه بوون، یه‌كێكی تریش له‌ كه‌ركووك و ئه‌وه‌ی تریشیان له‌ شاری سلێمانی بووه‌ كه‌ به‌ هاوكاری ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بووه‌.