ئایا كێشی هه‌ساره‌ی زه‌وی زیادی كردووه‌ یان كه‌م؟

مرۆڤ زۆرجار باس له ‌ڕووى زه‌وى ده‌كات یان باس له ‌زۆر خه‌سڵه‌تى دیكه‌ى ده‌كات، به‌ڵام زۆر به ‌كه‌مى باس له‌ كێشى هه‌ساره‌كه‌ ده‌كات، واته‌ ئایا له‌گه‌ڵ رۆژگاردا و تا ئێستا كێشی زه‌وی قورس بووه‌ یان كه‌مبووه‌؟

به‌پێى رۆژنامه‌ى (تێلیگراف)ى به‌ریتانى، هه‌ساره‌ى زه‌وى له‌ رۆژێكدا نزیكه‌ى 500 ته‌ن له ‌تۆز و نێزه‌ك وه‌رده‌گرێ، بۆ ماوه‌ى 4 ملیار ساڵیش كه‌ ته‌مه‌نى گۆیى زه‌وییه‌، هه‌ساره‌كه‌ بڕى 16 ملیۆن ته‌نى له‌ تۆز و به‌ردى له‌خۆگرتووه‌، ئه‌مه‌ش 1%ی كێشی گشتیى هه‌ساره‌كه‌یه‌.

شاره‌زایان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كێشى زه‌وى له‌نێوان بڕى 30 تا 100 هه‌زار ته‌ن زیادى كردووه‌، ڕاكێشانى موگناتیسى زه‌وى رۆڵێكى گه‌وره‌ ده‌بینێ له‌م زیادكردنه‌ و له‌ ‌وه‌رگرتنى تۆز و نێزه‌ك كه‌ له‌ ئاسماندا ده‌سووڕێنه‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا زه‌وى به ‌هۆى سووتانى وزه‌كانى ژێر زه‌وى كێشى به‌ره‌و دابه‌زینیش ده‌ڕوا به ‌تایبه‌ت له ‌كاتی چوونی هایدرۆجین و هیلیۆم بۆ‌ ناو به‌رگه‌ى ئاسمان، به‌پێى ڕاپۆرته‌كانیش زه‌وى له ‌ماوه‌ى ساڵێكدا 100 ته‌ن كێشى خۆى له‌ده‌ست ده‌دات.

له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێ كه‌س قورسیی زه‌وی‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ دروستكردنى باڵه‌خانه‌ و تاوه‌ره‌كان، به‌ڵام شاره‌زایان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ چالاكییه‌كانی مرۆڤ هیچ گۆڕانكارییه‌ك دروست ناكات، چونكه‌ ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ى به‌كارى ده‌هێنین وه‌ك ئاسن و چیمه‌نتۆ له‌ پێشتردا له‌سه‌ر زه‌وى بوونیان هه‌بووه‌‌ و مرۆڤ‌ ته‌نیا شێوه‌كه‌ى گۆڕیوه‌ یان دروستى كردووه‌‌‌.

بێگومان زۆربوونى دانیشتووانیش كاریگه‌رى نییه‌ له‌سه‌ر قورسبوونى زه‌وى، چونكه‌ پێكهاته‌ى مرۆڤ له ‌پێشتردا له‌سه‌ر هه‌ساره‌كه‌ هه‌بووه‌‌، بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زۆربوونى دانیشتووان سروشتییه‌.