ده‌ستگیركردنی سه‌دان ئێرانی كه‌ ویستوویانه‌ به‌ نایاسایی بێنه‌ عێراق‌

ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ئه‌مڕۆ دووشه‌م ده‌ستگیركردنی سه‌تان هاووڵاتیی وڵاته‌كه‌یان ڕاگه‌یاند كه‌ ویستوویانه‌ به‌شێوه‌ی نایاسایی بێنه‌ سنووری خاكی عێراق بۆ به‌شداریكردن له‌ مه‌ڕاسیمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمامی حوسێن.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ دووشه‌م 329 هاووڵاتیی ئێرانیان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ ویستوویانه‌ سنووری زه‌مینی مه‌هران ببڕن و به‌شێوه‌ی نایاسایی بچنه‌ خاكی عێراقه‌وه‌.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ڕێكخراوی گه‌شت و حه‌جی ئێرانی بڵاوی كرده‌وه‌: 54 هاووڵاتیی ئێرانی ده‌ستگیركراون كه‌ ویستوویانه‌ به‌ قاچاغ بێنه‌ خاكی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی له‌ مه‌ڕاسیمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمامی حوسێن له‌ شاری كه‌ربه‌لا بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌یان ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق به‌ ڕووی گه‌شتیاران داخستووه‌ و هه‌ر ئێرانییه‌كیش خوازیار بێت به‌شداریی مه‌ڕاسیمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمام حوسێن بكات ده‌بێت به‌ ڕێگه‌ی ئاسمانی و فڕۆكه‌خانه‌‌ گه‌شتی عێراق بكات.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی بۆ ئێران له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ رێككه‌وتبوو ژماره‌ی گه‌شتیارانی ئێرانی بۆ عێراق به‌‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ مه‌ڕاسیمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمامی حوسێن له‌ 40 هه‌زار بۆ 80 هه‌زار گه‌شتیار زیاد بكات.

لای خۆشییه‌وه‌ لیژنه‌ی باڵای ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی عێراق جه‌ختی كردبووه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م سه‌ردانیكه‌ران له‌ ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانه‌وه‌ بێنه‌ خاكی عێراق و ده‌شبێت هه‌ر سه‌ردانیكه‌رێك پشكنینی (پی سی ئاڕ)ی تایبه‌ت به‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنای هه‌بێت و 72 كاتژمێری به‌سه‌ردا تێپه‌ڕ نه‌بووبێت.

حكوومه‌تی عێراق جه‌ختی كردبووه‌وه‌، بۆ ئه‌مساڵ پشكنینی وردی ته‌ندروستی بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن وه‌ك سه‌ردانیكه‌ر دێنه‌ عێراق بۆ به‌شداریكردن له‌ مه‌ڕاسیمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمامی حوسێن وه‌ك ڕێگرییه‌ك بۆ ته‌شه‌نه‌كردنی زیاتری په‌تای ڤایرۆسی كۆڕۆنا.

جێی باسه‌ چله‌ی ئیمام حوسێن ده‌كه‌وێته‌ 40 ڕۆژ دوای ڕێكه‌وتی 10ی موحه‌ره‌م، كه‌ له‌ ساڵی 61 كۆچی (680ی زاینی) دوای كوشتنی ئیمام حوسێن له‌سه‌ر ده‌ستی سوپای یزیدی كوڕی موعاویه‌ی خه‌لیفه‌ی ئه‌مه‌وییه‌كان ئه‌نجامدراوه‌ و تا ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و ساڵانه‌ له‌و ڕۆژه‌ شیعه‌كان شیوه‌ن و ماته‌م ده‌گێڕن، له‌ سه‌رتاسه‌ری دنیایش ڕوو له‌ كه‌ربه‌لا ده‌كه‌ن كه‌ گۆڕی ئیمام حوسێنی لێیه‌.