هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند جیهاد دڵپاك تێده‌په‌ڕێت

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (25ی ئه‌یلوول) هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند  جیهان دڵپاك، شانۆكار و سینه‌ماكاری گه‌وره‌ی كورد تێده‌په‌ڕێ، خانه‌واده‌كه‌شی ده‌ڵێن دڵپاك به‌ عیشقه‌وه‌ هونه‌ری بۆ میلله‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌كرد.

هونه‌رمه‌ندی شانۆكار و سینه‌ماسازی گه‌وره‌ی كورد جیهاد دڵپاك ، له‌ 12ی 4ی 1948 له‌ شاری كه‌ركووك له‌دایك بووه‌ قۆناغه‌كانی خوێندنی هه‌رله‌و شاره‌دا ته‌واوكردوه‌و ده‌رچووی خانه‌ی مامۆستایان بووه‌ ساڵی 1971 یه‌كه‌م كاری به‌ناوی (ژیانی كچه‌ لاڵه‌كه‌) وه‌ك كاری شانۆ پێشكه‌شكردووه و درامای (به‌هاری دزراو)یش یه‌كه‌م كاری دراما بووه‌ كه‌ ساڵی 1972 به‌شداریی تێدا كردووه‌، پاشان له‌ساڵه‌كانی دواتردا به‌شداریی له‌ژماره‌یه‌كی زۆر له‌دراماو فیلمدا كردووه‌ له‌وانه‌ فیلمی (مه‌ره‌زه‌ و مامه‌ ڕیشه‌، كه‌ركوك 4، به‌شه‌كانی درامای گه‌رده‌لول، لاپه‌ڕه‌كانی كه‌ركوك)و چه‌ندین به‌رهه‌می تر، هونه‌رمه‌ند جگه‌ له‌كاری ئه‌كته‌ری كاری ده‌رهێنانشی كردووه‌.

پاشانیش له‌ درامای ” مه‌ره‌زه‌” ، له‌پاش ئه‌م دوو كاره‌، جیهاد دڵپاك ده‌بێته‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی پرشنگداری جیهانی هونه‌ری كوردی. ساڵی 1997 له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی تری شاری كه‌ركوك له‌ میهره‌جانی كوردی بۆ شانۆ له‌ شاری به‌غدا به‌شدارده‌بێت، ساڵی 1999ش، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك شانۆگه‌ری ” تاوان و سزا” نمایش ده‌كه‌ن، ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ له‌ ڕۆمانه‌ ناوداره‌كه‌ی ” دۆستیۆفسكی” یه‌وه وه‌رگیراوه.

هونه‌رمه‌ند جیهاد دڵپاك له‌چه‌ند درامایه‌كدا له‌گه‌ڵ خێزانی خۆیدا ڕۆڵی بینیوه‌ واته‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی هونه‌ردۆست بووه‌

له‌ 25 ئه‌یلولی 2013 دوای ململانێیه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی دواجار دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌ لێدان كه‌وت و بۆ هه‌تا ماڵئاوایی له‌ هونه‌ری كوردی كرد، له‌ دوای كۆچییشی وه‌ك وه‌فایه‌ك قوتابخانه‌یه‌ك له‌ كه‌ركوك و شه‌قامێك له‌ سلێمانی به‌ناوی جیهاد دڵپاك ناونرا.

ئا- كامران