جەمال جەلال هونەرمەندی گۆرانیبێژ و ژەنیار و ئاواز دانەر 

 ( 1942 _ 21/8/2016 ) سلێمانی
Thumbnail

هەركاتێك هەستمان بخوازێت یادێك لەدەنگێكی خۆش و هونەرمەندێكی دێرینی نەتەوەكەمان بكەینەوە بەتایبەت لەناوەڕاستی سەدەی بیست دا،  پێویستە ڕۆڵ و پێگەی ڕادیۆی كوردی بەغدا بەرزو پڕ بەها بنرخێنین ، ‌لەوكات و سەردەمەدا چ ڕۆڵیكی گرنگی هەبووە لەهاوكاری و تۆماركردنی بەرهەمی هونەرمەندان ئەویش بەهەوڵ و هیمەتی چەند كەسایەتیەكی دڵسۆز دەرگای ڕادیۆی كوردی بەغدا یان ئاوەڵاكردووە بۆ ئەو بەهرەمەند و دەنگخۆشانە،  هەروەها لەگەیاندنی دەنگی خۆش و بەرهەمە جوان و میلۆدییە پڕ سۆزەكانی هونەرمەندانی گۆرانیبێژ بەگوێگرانی ڕادیۆی كوردی بەغدا، هەمیشە بەچاوێكی پیرۆزو بەرزنرخاندنەوە لەكاروتێكۆشانی كارمەندە دڵسۆزەكانی ئەو ڕادیۆیە و تیپی مۆسیقای ڕادیۆی كوردی بەغدا بڕوانین ، وەهەروەها ئەو هونەرمەندە خۆڕسك و خۆبەخشانە بەوپەڕی دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە ‌بێ بەرابەر خۆیان گەیاندۆتە ڕادیۆی كوردی بەغدا بۆمەبەستی تۆماركردنی بەرهەمە جوانەكانیان كەئەمڕۆ بوونەتە ئەرشیفێكی مەزن وبەنرخ  لەهونەری نەتەوەییمان.22

هیچ كات نابێت  ڕۆڵی بەڕێزان 🙁 كامیلی كاكە مین و  عادل عیرفان و مامۆستا عەلی مەردان و شەماڵ سائیب و حەسەن زیرەك ، ڕەفیق چالاك ، تایەرتۆفیق ،ڕەسوڵ گەردی، محەمەد عارف جزیری و حەسەن جزیری، نەسرین شیروان، دایكی جەمال، گوڵبەهار، ئایشەشان وجەلال كۆچەر و قادر ئەحمەد و خەلیل عەبدوڵڵا  و محەمەد عەباس بەهرام و محەمەد قەدری و عیسی بەرواری و ئیبراهیم حەزین و تالیب مەجید و ڕەشۆڵ ....تاد ) فەرامۆش بكەین كەهەریەكەیان بەپێی توانای هونەرییان گەورەترین خزمەتییان بەهونەری موزیك و گۆرانی گەیاندووه، ( یادیان هەمیشە بەرزو بەڕێز و پر شكۆ بێت) .

لەوانەیە بۆ هەندێكمان ناو و دەنگ و كارە هونەرییەكانی هونەرمەندی كۆچكردوو( جەمال جەلال) نامۆ و تازە ناسراو بێت لەگۆڕەپانی موزیك و گۆرانی، دیارە هۆكارەكەشی بگەڕێتەوە بۆ كەم تەرخەمی خودی هونەرمەند، یان نەبوونی هوشیاری ڕاگەیاندنی كوردی بووبێت لەو سەردەمەدا،  بەڵام خۆش بەختانە بەرلەوەی هونەری موزیك و گۆرانی و ژینگە و فەرهەنگ و كەلتوور و هونەری عەرەب هونەرمەند (جەمال جەلال ) لەكلتووەركەی خۆیدا بیتوێنێتەوە ،هونەرمەند بەیەكجارەكی گەڕایەوە كوردستان و لەزێدەكەی خۆی درێژەی بەژیانیدا ، لەڕێگەی كەناڵەكانی میدیای بینراوە  چەند دیدارێكیان لەگەڵدا سازداو بینەر و بیسەرییان بەژیان و بەرهەمە هونەرییەكانی هونەرمەند جەمال جەلال ئاشناكرد كە جێی دەستخۆشی وستایشكردنە ، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵیم هونەرمەند جەمال جەلال هونەرمەندێكی بەتوانا و پڕ بەرهەم و ژەنیارێكی بەتوانا و كارامەو ئاوازدانەرێكی بەسەلیقە بووه بۆ بەرهەمەكانی خۆیی و هونەرمەندانی كوردو عەرەب ، لەگەڵ خوێندنەوە  بۆ كەسایەتی و كارە هونەرییەكانی هونەرمەند جەمال جەلال ،  پێویستە یادێك لەهونەرمەندی كۆچكردوو ( ئەحمەد دەنگ گەورە ) ( ئەكتەر و بێژەر و ئاوازدانەر و دەنگخۆش ) بكەینەوە كە ڕۆڵیكی بەرچاوی هەبووە لەدەستپێكی ژیانی هونەری هونەرمەند جەمال جەلال دا،  لەهەمانكاتیشدا كەخاڵی هونەرمەند جەمال جەلال بووە ، ئەوكات ماڵی لەشاری بەغدا بووە لەتەمەنی 14 بۆ 15 ساڵی واتە ساڵی 1957 هونەرمەند ئەحمەد دەنگ گەورە جەمالی خوشكەزای بەهونەرمەند ( شەماڵ سائیب) دەناسێنێ و گەواهی ئەوە ئەدات كە خوشكەزاكەی دەنگی خۆشەو توانای خوێندنی گۆرانی هەیە، هونەرمەند شەمال سائیب هونەرمەندێكی بەئەزموون و دەنگخۆش و ژەنیارێكی بەتوانا وداهێنەرو قاڵبوو لەبوارەكەی خۆیدا ، دوای تاقیكردنەوەی دەنگی جەمال جەلال بڕیاردە‌دات گۆرانییەك لەئاوازو تێكستی خۆی بداتێ و بیخوێنێ، لەڕادیۆی كوردی بەغدا  گۆرانییەك‌ بۆ هونەرمەند جەمال جەلال تۆماردەكەن، گۆرانییەكەش بەنێوی ( دەمەكەو بێنە و دەستت لادە ) ئەو گۆرانییە دەبێتە سەرەتایەك بۆ هەنگاو نان بۆ نێو دنیای هونەری موزیك و گۆرانی ،و دەبێتە ئەندامی تیپی كۆرسی ڕادیۆی كوردی بەغدا .

هونەرمەندجەمال جەلال لەم كارە هونەرییەوە زیاتر عاشقی موزیك و گۆرانی دەبێت و هەرئەوەش دەبێتە هۆكار  كە بچێتە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا،  بەداخەوە لەوسەردەمەدا لەشارەكانی كوردستان پەیمانگای هونەرە جوانەكان نەبووە ، لەبەر خولیای زۆری بۆ موزیك درێژە بەخوێندن دەدات و فێری مۆسیقا و ژەنینی ئامێری (عود ) دەبێت لەژێر دەستی مامۆستایانی بەئەزموونی پەیمانگا وەك ( جەمیل بەشیر ، عیزەدین صدقی ، جەمیل سەلیم و غانم حەداد ) لەگەڵ بەردەوام بوونی لەهونەر  و دەبێتە مامۆستای هونەر لەپەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا تا ئەو كاتەی بەیەكجارەكی دەگەڕێتەوە كوردستان .

هونەرمەند  جەمال جەلال  لەساڵی 1959 كەهێشتا فێری ژەنینی ئامێری عود نەبووە داوای لێدەكەن كە ئاوازێك بۆ گۆرانییەك دابنێ و بیخوێنێ،  بەڵێ ئەو كارە دەكات لەڕووی هەستی هونەرییەوە نەك بەشێوەیەكی ئەكادیمی ،  لەوبارەیەوە هونەرمەند بەوشێوەیە ئەو یادەوەریە دەگێڕێتەوە‌ : ( ساڵی 1959 تەكلیفی ئاوازێكیان لێكردم كەلەو كاتەدا نەمدەزانی ئامێری عود بژەنم تەنها بەدەم ئاوازەكەم دانا ،  ئەو ئاوازە زۆر ناوبانگی دەركرد كەلەهەرچوارپارچەی كوردستان چووە سەر زوبانی خەڵكی و دوایی بە گۆرانی

 ( وەڵاتێ مە كوردستانە ) ناوبانگی دەركرد ئەو ئاوازە هی منە و كەسیش ناوی من نابات ، لەبنەڕەتدا گۆرانییەكە بەو شێوەیە ( وەڵاتێ مە كوردستانە كوردو عەرەب هەمووی برانە) (1)

ئەو گۆرانییە  بەدەنگی خانمە هونەرمەندی كوردی یەریڤان  ( ئەسلیكا قادر ) زیاتر بڵاوبۆوە و كەوتە سەرزاری هاوڵاتیانی كوردستان ( ج،د)

هونەرمەند  لەساڵی 1965 بەدواوە  جیا لەهونەری گۆرانیبێژی وەك  هونەرمەندێكی عودژەن دەركەوتووە و بۆتە ئەندامی دەستەی تیپی هونەرە میللییەكانی سەربه ‌وەزارەتی ڕۆشنبیری  عێراق بەسەرپەرشتی هونەرمەندی  موزیكژەن(غانم حەداد )

لەماوەی ژیانی هونەریدا هونەرمەند جەمال جەلال بەشداری چەندین فیستڤاڵی كردووە وەك : ( میهرەجانی بابل ، سێیەمین میهرەجانی مۆسیقای جیهانی لە لینینگراد ،میهرەجانی جیهانی زاگریب ،میهرەجانی ئەگریگەنتۆ لە ئیتاڵیا، میهرەجانی ئیسماعیلییە لە وڵاتی میسر ) (2)

لەساڵی 1966 بەشێوەی (دوێت) گۆرانی ( وەرە وەرە گیانی شیرینم ) هونەرمەند جەمال جەلال لەگەڵ خانمە هونەرمەند (ژیان ئەحمەد ) ناسراو بە ( د، بەڵقیس دۆسكی ) تۆماردەكات و بەشێوەی ڕەش و سپی لەتەلەفزیۆنی بەغدا تۆماركراوەو و بڵاو بۆتەوە.

بەداخەوە لەبەر بەدبەختی هونەرمەندی كورد ونەبوونی دەوڵەت و كیانی نەتەوەیمان و داگیركردنی كوردستان لەلایەن داگیركەرانی كوردستانەوە، بەشداریكردنی هونەرمەند لەو میهرەجان و ئاهەنگانەدا وەك هونەرمەندێكی موزیكژەنی عێراقی ناسێنراوە، نەك وەك هونەرمەندێكی كورد ، بەڵام جێی خۆش حاڵییە بۆ هونەرمەندێكی موزیكژەن و گۆرانیبێژی كورد ڕێز لەهونەرەكەی بگرن و خەڵات و بڕوانامەی  پێببەخشن،  دیارترینیان بەدەست هێنانی بڕوانامەی ( دیپلۆمی باڵا) یە لەلینینگراد.

هونەرمەند جەمال جەلال خاوەنی چەندین ئاوازە كە بۆ هونەرمەندانی كورد و عەرەبی داناوە، یەكێك لەو ئاوازانەی بۆ خانمە هونەرمەندی عەرەب ( مائیدە نەزهەت ) ی داناوە ،هونەرمەند لەساڵی 1971 ژیانی هاوسەرێتی پێكهێناوە لەگەڵ خاتوو (مەیسون عەبدولواحید قادرئاغای عەتار) كە ئامۆزای خۆی بووە ، بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە  هونەرمەند جەمال جەلال بۆتە خاوەنی دوو كچ بەناوەكانی ( ئیڤان و ئەڤین).

11

هونەرمەند بەردەوام بووە لەسەر كاری مامۆستای هونەر لەپەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا تاساڵی 1989 خانەنشین دەكرێت ، دەهێنێ ئاماژە بەڕۆڵی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەێمی كوردستانیش بدەم كە لەڕێكەوتی  ( 8/6/2010 ) لەمەراسیمێكی شایستەدا لەهۆڵی پێشەوا مەراسیمێكی ڕیزلێنان بۆ هونەرمەند  جەمال جەلال سازكراو خەڵاتی وەزارەتی ڕۆشنبیری پێبەخشرا  لەدەرئەنجامی ئەو ماوە دوورو درێژە  كەبەهونەری موزیك و گۆرانی كوردی بەخشیوە .

 بەداخەوە  هونەرمەندی گۆرانیبێژ و ژەنیارو ئاواز دانەر ( جەمال جەلال)  لەتەمەنی (74 ) ساڵیدا ‌لەڕێكەوتی ( 21/8/2016 ) بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ئامێرە خۆشەویستەكەی ( عود) ەكەی و هونەری موزیك و گۆرانی كوردی كرد ، هونەرمەند بۆ ماوەی نیوسەدە مێژوویەكی پرشنگداری لە هەوڵ و تیكۆشان و خزمەتكردن بە موزیك و گۆرانی تۆماركرد، بەداخەوە بۆدواجار بەجێی هێشتین و پەنجەكانی بۆ هەمیشە لەژەنینی عودەكەی لەجوڵە كەوت و مەرگ لێی فڕاندین بۆ باوەشی گەرمی خاكی كوردستان و لەزێدەكەی شاری سلێمانی ئەسپەردەكرا ،بەڵام ناو و بەرهەمەكانی لەئەرشیفی موزیك و گۆرانی كوردی بەپیرۆزی دەمێنێتەوە . یادی‌ هەمیشە بەخێر و گڵكۆكەی غەریقی رەحمەتی پەروەردگار بێت .

بەرهەمە تۆماركراوەكانی هونەرمەند جەمال جەلال

1/  ڕۆژ باش ..... ئاوازی ( جەمال جەلال ) هۆنراوەی ( كامیل ژیر ) 1959

2/ رووناك ...... ئاوازی ( ڕەزا عەلی ) هۆنراوەی ( عوسمان عوزێری ) موزیك ( قادر دیلان ) 1958

3/ دەمەكەت بێنە .... ئاواز ( شەمال سائیب ) هۆنراوەی ( شەماڵ سائیب ) 1957

4/ وەرە وەرەگیانی شیرینم  .... ئاواز ( خەلیل ئیبراهیم ) 1966

5/ پەخشان ...... ئاواز ( ئەحمەد خەلیل ) 1959

6/كیژوڵەی كوردستان .... ئاواز ( جەمال جەلال ) 1959

7/گیانەكەم كوا .... ئاواز ( جەمال جەلال ) 1959

8/ بەتەنیام .... ئاواز ( جەمال جەلال ) 1964

9/ وازدێنم .... ئاواز ( جەمال جەلال ) 1966

10/ بابڵیین بابڵیین ...... ئاواز ( ئەحمەد دەنگ گەورە ) هۆنراوەی

( ئەحمەد دەنگ گەورە ) 1957

جەمالی دەلاك  30/12/2020 هەولێر

سەرچاوە : (1) بەرنامەی ئەزموونی هونەرمەندێك ....كەناڵی ئاسمانی NRT2  لەپێشكەشكردنی ( ئامانج بابانی)

: (2) مێژووی ڕادیۆی كوردیی بەغدا (1939_1958) بەرگی یەكەم .... كەمال ڕەووف محەم

جەمالی دەلاك