حکومەتێک بۆ چارەسەری گرفتەکان یا قوڵکردنی ناکۆکییەکان؟!

دوای رزگارکردنی عێراق زۆریان لەو گروپە ئۆپۆزسیۆنە بە سوننە و شیعە دوژمنایەتی کوردیان کرد
Thumbnail

 دوای رزگارکردنی عێراق لە ٢٠٠٣ لە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری، تا ئەمرۆش نەتوانراوە تەبای و یەکریزی نیوانی پێکهاتەکانی رێک بخرێت، و یەک هەڵوێستی و تێروانین هەبێ سەبارەت بە بابەتەکانی نیشتمانی و نەتەوەییەکان لە پێکهێنانی حکومەتێکی بنکە فراوان کە سەرجەم پێکهاتەکان لە خۆ بکرێت، مەحاڵە عێراق ئارامی و سەقامگیری بەخۆوە ببینێ ئەگەر هاتوو هەر پێکهاتەیەک پەراوێز بخرێت، نەخاسمە کورد، بەتایبەتی دوای دابەشکردنی بەسەر سێ پێکهاتە، کورد و سونە و شیعە، ئەگەر چی زۆر جار رێککەوتن لە نێوان ئەو سێ لایانە بوونی هەبووە، بەتایبەتی لەکاتی ئۆپۆزسیۆن ساتێک کوردستان هەموویانی لە ئامێز خۆ کۆکردبۆوە، بەڵام دوای رزگارکردنی عێراق زۆریان لەو گروپە ئۆپۆزسیۆنە بە سوننە و شیعە دوژمنایەتی کوردیان کرد، و خواستی ئەوەیان هەبوو کورد پەراوێز بخەن، جگە لەوەی هەندێ لایەنی شیعە لە هەوڵی پەراوێزی سونەیان کرد و سەرکەوتن لە پلانەکانیان، بەڵام لەگەڵ کورد نەیانتوانی سەرکەوتنێکی وەها بەدەست بێن سەرەڕای هەندێ لایەنی کوردی ژێر بەژێر کۆ دەنگ بوون لەگەڵ نەیارانی کورد، بەڵام هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی لە رووبەروو بوونەوەی نەیاران و ئاشکراکردنی پڵانی شۆفیەنییەکان کەوا عێراق بەرەو ئایندەیەکی تاریک و ناروون دەبەن و بەرەو دیکتاتۆریەت هەنگاو دەنێت، هەروەها سەرکەوتنی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بەسەر تیرۆردا، و خۆراگرتی هاووڵاتیانی کوردستان و رووبەرووبوونەوەی قەیرانی دارایی لە ئاکامی نەناردنی بوودجە"سەرجەم هەوڵەکانی پووچەلکردەوە.

هەر لەو روانگەش بوو کوردستانیان بۆ ئەوەی دوو جاری نەهامەت نا دادپەروەری نەبنەوە جارێکی دیکە بریاری چارەنووسیان بە دەنگدان بۆ سەربەخۆی کوردستان دا، کە بەداخەوە لە دوا ساتەکان کارێکی نەخوازیار و دوور لە نەریەتی و خەباتی چەندین ساڵە کورد خیانەتی لێکرا لە لایەن تاقمێک کە تاوەکو ئیستاش کەرکوک و ناوچە دابراوەکان پێوەی دەناڵێنن. ساتێک حکومەتەکەی بەرێز عادل عبدولمەهدی پێک هێنرا لە هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان بوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و لێک تێگەیشتنی هاوبەش نێوان هەردوو لا بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکان، و سەردانی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا لەو ساتەدا و هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، تا رادەیەکی زۆر لێک تێگەیشتن و دیدی هاوبەش هەبوو بۆ بابەتەکان، هەر ئەوەش بوو ناحەزان لە هەوڵی گرفت و بەربەست بوون بۆ لەکارلابردنی بەرێز عەبدلمەهدی بە بیانووی جیا جیا.

ئەمرۆ لە سەر و بەندی پێکهێنای حکومەتێک کە بتوانیت عێراق لە قەیرانەکان رزگار بکات و داواکانی دەستوری و یاسایی هاووڵاتیان جێ بەجێ بکات، ئارامی و سەقامگیری دابین بکات و سەروەری بگەرێنیتەوە بۆ عێراق، بە پێچەوانەوە دەبینین بەرێز موحەمەد علاوی راسپێرداوی پێکهێنای حکومەت کە لەلایەن حزبە شیعەکان کاندید کراوەو زۆریان پشتگیری لێدەکەن، گرفتەکان قوڵتر دەکاتەوە و چارەسەری گرفتەکانی لەگەڵ کوردستان و برگەکانی دەستوری وەلاوەناوە، نەک هەر ئەوەش دەیەوێت لە ئەجندای سیاسی و بوونی هەرێم کوردستان کە بە دەستور دامەزراوە فەرامۆش بکات، کاندیدی وەزارەتەکانی پشکی کورد بە ئارەزووی خۆی و ئاغاکانی دەست نیشان دور لە خواستی میللەتی کورد، کە ئەمەش هەنگاوێکی دیکە دژایەتی کوردە.

لەم سەروبەندە یەکریزی و هاوهەڵوێستی کورد گرنگ و کاریکەری دەبێت، بۆیە دەبێ هەڵوێستی دڵسۆزەکانی میللەتەکەمان بەو ئاقارە پیادە بکرێت رێگە بە نەیاران و زۆڵە کورد نەدرێت بەمەرامی خۆیان و ئاغاکانیان بکەن، ئەوەی علاوی بەنیازە بەرامبەر کورد پیادەی بکات پێشێڵکردنێکی روونی دەستوور و سەرجەم رێککەوتنەکانە، بەڵکو دژایەتیکردنی ئاشکرای کوردە، و پێچەوانەی هەڵسوکەوتی خۆیەتی کە ئەو نوێنەری لایەنە شیعەکانە، نەک هەر ئەو، بەڵکو ئەو ناوانەی لە راگەیاندن بڵاوکراونەتەوە ئەگەر راست بێت زۆربەیان سەر بەم حزب و ئەو حزبن، نەک هەر ئەوە بەڵکو زۆریان تاقی کراونەتەوە و پێشتر پۆستی باڵایان هەبوو، تەنانەت هەندێکیان لە کاتی رژێمی سەددام باڵا دەست و پۆست بوون. بێگومان ئەوەی بەرێز علاوی دیکات دورە لە خواستی هاووڵاتیان عێراق، و داواکاریەکانیان، و بەو شێوازە عێراق دوو جاری قەیرانێکی گەورەتر و ئاڵۆزتر و ترسناک تر دەکات کە مەحاڵە رزگار بوون لەو گرفتانە بەو شێوازەی ئەو رەفتار دەکات، و گرنگە ئەوە بزانێ هەر دژایەتیکی کورد گرفتەکان زێدە تر دەکات.