زانیاری وەک زامنی پیشەییبوون!

ڕاستگۆیی لە گواستنەوە و شاندانە بەر بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی، ئەلفوبێی سەرەتایی کاری ڕۆژنامەنووسین
Thumbnail

سەرەڕای بوونی یاسای پێدانی زانیاری بە ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان، بەڵام یاساکە هێشتا وەک پێوویست نەچووەتە واری جێبەجێکردن. 

 

کاتێک لایەنی بەرپرس زانیاریی پێویست لەسەر کەیس و بابەتێک ناداتە میدیا، ڕۆژنامەنووس و میدیاکار ناچار دەبێت بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری و بەڵگەکان، پەنا بۆ ڕێوشوێنی دیکە ببات، یان لە خراپترین حاڵەتدا و بەهۆی دەستنەکەوتنی زانیاری، لە خستنەڕووی بابەتەکە دەکەوێتە هەڵە و شێواندن، تا ئاستی بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و زانیاریی پشتڕاست نەکراو.

 

پابەندبوون بە ئیتیکی کار، ڕەچاوکردنی بێ چەندوچوونی بێلایەنیی، ڕاستگۆیی لە گواستنەوە و شاندانە بەر بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی، ئەلفوبێی سەرەتایی کاری ڕۆژنامەنووسین، کە وەک پێشمەرج بۆ پیشەییبوون، پێویستە ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی پێیانە پەیگیر بن، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نییە!

 

بەبێ ڕەخساندنی هەلی پێویست و وەک یەک بۆ ڕۆژنامەنووسان لە دەستگەیشتنان بە زانیاری، هەروەها بەبێ فەراهەمکردنی ئازادیی کاری بێ ئاستەنگ، بەبێ گەڵاڵەبوونی تێگەیشتنێک کە پارسەنگی نێوان بەرژەوەندیی نیشتمانی و تەناهی کۆمەڵایەتی و ئازادیی کاری رۆژنامەوانی هاوتا بکات و پێکەوە بگونجێنێ، کێشەکانی ناو کایەی میدیا بە کۆتا نایەن. 

 

ئەگەر پۆپۆلیستی و بەکاربردنی زمانی ئاستنزم و بازاڕیی، کە ئێستا نەک هەر لە بەشێکی سۆشیال میدیای کوردستان و میدیای بەناو بێ دایک و باوک، بەڵکوو لە هەندێ کەناڵی ئاسمانی و ماڵپەڕی بەحیساب موعتەبەریش بووەتە باو، بەشێکی پەیوەندیی بە دەزگا ڕاگەیاندنەکان و خودی کاراکتەرەکانیانەوە هەبێت، ئەوا بەشەکەی تر پەیوەندیی بە جۆری مامەڵەکردنی ناتەندروست لەگەڵ میدیا و ڕۆژنامەنووسانەوە هەیە، بەتایبەتی لە پێنەدانی زانیاری و دواجار خەتابارکردنی ڕۆژنامەنووسان، بە بیانووی شێواندنی ڕاستییەکان.

 

هەر ئەم ڕاستییەشە کە وا دەکات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بە بۆنەی یادی (123)ساڵەی ڕۆژنامەنووسیی کوردی ڕاشکاوانە بڵێت: "ڕەخساندنی ژینگەی ئارام و لەبار و هاندەر بۆ ڕۆژنامەنووسان و گەیشتنیان بە سەرچاوەكانی زانیاری و گواستنەوەی دوور لە هەر جۆرە بەربەستێک، زامنە بۆ ئەوەی كایەی ڕۆژنامەگەری بتوانێت ئەركی خۆی لە هۆشیاركردنەوەی ڕای گشتی و ڕۆڵی چاودێرانەی بەسەر کارى دامودەزگاكانەوە بە جۆرێك ببینێت كە ببێتە هاوبەشێكی كاریگەر لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسى و كۆمەڵگەدا."

 

لەم ڕوانگەیەوە، بۆ ئەوەی میدیا (میدیا بە گشتی و ئەوەی پێی دەڵێن ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی) و دەسەڵات بەیەکەوە ڕۆڵی خۆیان لە پڕۆسەی بونیادنانی کۆمەڵگا و گەشەپێدانی هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی، دواجار لە قووڵکردنەوەی دیموکراسی و پاراستنی بەهاکاندا بە دروستی بگێڕن، پێویست دەکات هەردووکیان بە جۆری تێگەیشتن و شێوازی مامەڵەی خۆیان بۆ پرسی ئازادی و بەرپرسیارێتی، هاوکات سروشتی مامەڵە و بەریەککەوتنیان لەگەڵ یەکتری، بگۆڕن.

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە لە ڕابردووی دوور و نزیک و ئێستاشدا، هەمیشه و بە کردار، بۆ سەرپێخستنی میدیا و کاری میدیایی پڕۆفیشناڵ، ڕەخساندنی زەمینەی زیاتر و لەبارتری ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین، پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان دەسەڵات و میدیاکاران لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی و زامنکردنی ئازادیی کار و ڕەخنەگرتن بە پەیوەست بوون بە مۆڕاڵ و ئیتیک، پاڵپشت و هاندەر بووە و دەشبێت، زۆر باش لە گرنگیی میدیا تێدەگات، بۆیە لە خەمی هاوسەنگکردنەوەی هاوکێشەکەدایە. 

 

نێچيرڤان بارزانی ورد و دووربینانە، ئەوسەری مەترسییەکانی دووانەی ناپیشەییبوونی کاری میدیایی و خراپ مامەڵەکردنی بەرامبەر لەگەڵ میدیاکاراندا لەسەر تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا و سەقامگیریی سیاسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دەبینێت. بۆیە بەوپەڕی ڕژدییەوە، جەخت لەسەر پێویستیی تەریبکردنەوەی پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و بەرپرسیارێتی، دەستەبەرکردنی سەرچاوەی زانیاری و پابەندبوون بە مۆڕاڵ و پیشەییبوون، هاوکات دووبارە داڕشتنەوەی سروشت و جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ میدیا و میدیاکاران و بەپێچەوانەوە، دەکاتەوە. 

 

دواجار، سووربوون و پێداگرییان لەسەر هەرچی زووتر کۆتاییهێنان بەم زمانە ئاستنزم و بازاڕییەی ناو بەشێک لە سۆشیال میدیا و شەڕەجنێو و یەکترشکاندنی ناو هەندێک کەناڵی ڕاگەیاندن، کە لەگەڵ هیچ بەها و پرەنسیپێکی باڵادا نایەتەوە، تەنانەت بە کولتوور و فەرهەنگ و ئەخلاقیاتی کوردەواریش نامۆیە، دیوێکی دیکەی درککردنیانە بەو مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییانەی کە کورد لەبەردەم خۆی و چاوی دونیاشدا ناشیرین دەکات.

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ