له‌ هه‌ولێر چه‌ندین كه‌س به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت ده‌ستگیركران

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر ڕایده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌مشه‌و له‌ هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری چه‌ندین كه‌سیان به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌ك به‌ شێوه‌ی نایاسایی و چه‌قۆ و دامبۆكس، ده‌ستگیر كردووه‌.

لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: شه‌وی رابردوو ده‌ستیان به‌ هه‌ڵمه‌تێكی پشكنین له‌ كافتریا و شوێنه‌ گشتییه‌كان ده‌ست پێكردووه‌ و كۆمه‌ڵێك كه‌سیان به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌ك به‌بێ مۆڵه‌ت و به‌ شێوه‌ی نایاسایی، ده‌ستگیر كردوون.

هه‌روه‌ها گوتی: تیمی گه‌ڕۆكیان هه‌یه‌ و جگه‌ له‌وه‌ی له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان و كافتریا و قاوه‌خانه‌كاندا ده‌ستیان به‌ پشكنینی ورد كردووه‌، به‌وپه‌ڕی وریایی و چاوكراوه‌ییه‌وه‌، تیمه‌كانیان بازگه‌ی كاتی داده‌نێن و هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌ستگیر ده‌كه‌ن كه‌ سه‌رپێچیی یاسا ده‌كه‌ن.

گوتیشی: له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا هێزه‌كانی ئاسایشی گشتی، ئاسایشی هه‌ولێر، پۆلیسی چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان، پۆلیسی فریاكه‌وتن، پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان و پۆلیسی ناوشار به‌شدارن و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.