ڤیه‌ننا گونجاوترین شاری جیهانه‌ بۆ ژیان

ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا وه‌ك باشترین و گونجاوترین شار بۆ ژیان ده‌ستنیشانكرا

ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا وه‌ك باشترین و گونجاوترین  شار بۆ ژیان و به‌غدای پایته‌ختی عێراقیش بۆ ساڵی ده‌یه‌م له‌سه‌ر یه‌ك وه‌ك خراپترین شاری جیهان بۆ ژیان و گوزه‌ران ده‌ستنیشانكران .

له‌ هه‌واڵێكی سكای نیوزی عه‌ره‌بی هاتووه‌ ، دامه‌زراوه‌ی " مێرسه‌ر " ی جیهانی بۆ وه‌به‌رهێنان پشتبه‌ست به‌ چه‌ند بنه‌مایه‌ك پۆلێنی شاره‌ گونجاوه‌كانی بۆ ژیان و گوزه‌ران كردووه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش توێژینه‌وه‌ و به‌دواداچوونی له‌سه‌ر 231 وڵات ئه‌نجامداوه‌ .

جێگیربوونی سیاسی  ، چاودێری ته‌ندروستی  ، خوێندنی باڵا و كرده‌ی تاوان چه‌ند پێوه‌رێكن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی باشترین و خراپترین شار بۆ ژیان ،له‌ كۆی 10 باشترین وڵات بۆ ژیان  هه‌شتیان له‌ كیشوه‌ری ئه‌ورووپان ، له‌وانه‌ش  سێ شاریان له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا و سێی دیكه‌ له‌ وڵاتی سویسرا و شارێك له‌ نیوزله‌ندا و یه‌ك له‌ كه‌نه‌دا و شارێكیش له‌ وڵاتی ئوسترالیا له‌ لیسته‌كه‌دان .

جێی باسه‌ شاری به‌غدا ده‌یه‌م ساڵه‌ له‌سه‌ر یه‌ك وه‌ك خراپترین شاری جیهان بۆ ژیان و گوزه‌ران دیاری ده‌كرێت و هۆكاره‌كه‌شی بۆ بۆ بوونی ناكۆكی و شه‌ری خێله‌كی و چه‌ندین قه‌یرانی دیكه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ .