قائیمقامییه‌ت بۆ هاوڵاتیان ئاگاداری ئه‌م برنجه‌ بن شیاوی خواردن و به‌كارهێنان نیه‌

له‌راگه‌یاندراوێكدا


لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر برنجدا گرتوه‌ كه‌ شیاوی خواردن و به‌كارهێنان نیه‌ و سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ش هاوڵاتیانی شاری سلێمانی لێ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌.


به‌روار محمد سه‌رۆكی لیژنه‌ی كۆگاكان رایگه‌یاند: له‌ئه‌نجامی سه‌ردان و پشكنینه‌ به‌رده‌وامه‌كانی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان بۆ كۆگاكانی عه‌مبار كردنی خوارده‌مه‌نی له‌ شاری سلێمانی، له‌یه‌كێك له‌ كۆگاكان ده‌ست به‌سه‌ر زیاتر له‌ شه‌ست فه‌رده‌ برنج-دا گیراوه.


وتی: ئه‌و برنجه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ ناوی (برنجی خۆمان)ه‌ كه‌ بۆنێكی ناخۆشی هه‌یه‌ و فه‌رده‌كه‌شی دوباره‌ دوراوه‌ته‌وه‌ هه‌روه‌ها لیبڵه‌كه‌شی به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق نیه.


وتیشی: نمونه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆپاراستنی ته‌ندروستی سلێمانی كراوه‌ بۆ پشكنین، ده‌ركه‌وتوه‌ برنجه‌كه‌ شیاوی خواردن و به‌كارهێنان نیه.


سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ داوا له‌ هاوڵاتیانی شاری سلێمانی ده‌كات له‌كاتی بازاڕكردن و كڕینی پێداویستیه‌كانیان ئاگاداری ئه‌وجۆره‌ برنجه‌ بن، له‌كاتی هه‌بونی-دا لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی لێئاگادار بكه‌نه‌وه‌. 

 

11

شوان عه‌زیز