تا ئیستا 300 منداڵ و ھەرزەکاری ئێزدی لە لایەن پەکەکەوە ڕفێندراون

بۆ قەندیل براون و مەشق و ڕاھێنانیان پێ دەکرێت

پەکەکە تۆمەتبارە بە ڕفاندنی منداڵانی کوردی ئێزدی و بە پێی زانیارییەکان 300 منداڵی ئێزدی لە لایەن پەکەکەوە ڕفێندراون و بەشێک لەوانە بۆ قەندیل براون و مەشق و ڕاھێنانیان پێ دەکرێت.

لە کاتی ھێرشی گرووپی تیرۆرستیی داعش بۆ سەر دەڤەری شنگال ژمارەیەک چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان کەڵکیان لەو بۆشاییە ئەمنییەی ناوچەکە وەرگرتووه‌ و بە زۆر خۆیان بەسەر شنگالدا سەپاند. 

کاوە عیدۆ خەتاری، سەرۆکی ڕێکخراوی جڤین بۆ گەشەپێدانی کوردانی ئێزدی، پێی وایە ھەبوونی ھێزەکانی پەکەکە و ھێزەکانی دیکەی وەک حەشد و هێزەکانی عێراق بوونەتە سەرچاوەی کێشە بۆ دەڤەری شنگال و یەکێک لە ھۆکارەکانی سەقامگیرنەبوونی ڕەوشی قەزای شنگال بۆ ھەبوونی ئەو ھێزانە دەگەڕێتەوە.

کوردانی ئێزدی پەکەکە بە ڕفاندنی منداڵەکانیان تۆمەتبار دەکەن لە شنگال و تا ئێستا ژمارەیەک منداڵ دیار نەماون و دواتر دەرکەوتووە لە نێو ھێزەکانی پەکەکەدان. 

له‌م باره‌وه‌ کاوە عیدۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد" جگە لە ئاڵۆزکردنی ڕەوشی شنگال، پەکەکە دەستی ھەبووە لە ڕفاندنی ژمارەیەک ھاووڵاتیی کوردی ئێزدیدا و بە پێی ئاماری بەردەست تا ئیستا 300 منداڵ و ھەرزەکاری ئێزدی لە لایەن پەکەکەوە ڕفێندراون."

خەتاری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد" ئەو ئێزدییانە بە دوو شێوە ڕفێندراون لە لایەن پەکەکەوە، بەشێکیان لە کاتی ھێرشی سەر شنگال ڕوویان لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە و لەوێ پەکەکە چەکداری کردوون، بەشێکی دیکە لە شنگال ڕفێندراون و زانیاریمان ھەیە بردراون بۆ قەندیل و شوێنەکانی دیکەی کوردستان، کێشەی سەرەکی لەوەدایە زۆرێک لەوان لە خوار تەمەنی یاسایی و بە پێی یاسا نێوخۆیی و جیھانییەکان قەدەغەیە کاری سیاسی و چەکداری بەو منداڵ و ھەرزانە بکرێت."