په‌رله‌مانی كوردستان به‌دواداچوون له‌سه‌ر هاورده‌كردنی گۆشت و مریشكی به‌ستوو ده‌كات

له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا

 به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێك كه‌وێنه‌یه‌ك ده‌ست ماڵپه‌رى كوردستان تیڤى كه‌وتووه‌ ، لێژنه‌ى بازرگانى له‌په‌رله‌مانى كوردستان  ڕایده‌گه‌ێنێت ، به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوون له‌سه‌ر بابه‌تى هاورده‌كردنى جگه‌رى مریشك و گۆشتى سوورى به‌ستوو و بڕیاره‌كانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ سه‌باره‌ت به قه‌ده‌غه‌كردن و هه‌ندئجار رێگه‌دان به‌هینانى، هه‌روه‌ها لیكولینه‌وه له بوونى ئه‌وجۆره به‌رهه‌مانه له بازاڕه‌كانى كوردستان كه زۆرجار به‌رێگه‌ى نایاسایى و قاچاخ ده‌هێنرین و له بازاره‌كاندا ده‌فروشرێن، سه‌رله‌به‌یانى رۆژى چوارشه‌ممه‌ ریكه‌وتى ٢٠١٨/٩/٥، لیژنه‌ى بازرگانى و پاراستنى مافه‌كانى به‌كاربه‌ر له په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ نوینه‌رانى هه‌رسئ وه‌زاره‌تى پلاندانان، بازرگانى و پیشه‌سازى و كشتوكاڵ و به‌رپرسانى ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى ئیبراهیم خه‌لیل و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى فێته‌رنه‌ریى هه‌ریمى كوردستان كۆبۆوه‌.

هه‌روه‌ها ڕاشیده‌گه‌ێنێت ، هاورده‌كردنى جگه‌رى مریشك و گۆشتى سوورى به‌ستوو و بڕیاره‌كانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ سه‌باره‌ت به قه‌ده‌غه‌كردن و هه‌ندئجار رێگه‌دان به‌هینانى و لێكوڵینه‌وه له بوونى ئه‌وجۆره به‌رهه‌مانه له بازاڕه‌كانى هه‌رێمی كوردستان كه زۆرجار به‌رێگه‌ى نایاسایى و قاچاخ ده‌هێنرین و له بازاره‌كاندا ده‌فروشرێن گفتوگۆیان له‌ باره‌وه‌ كران و له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ كومه‌ڵێك زانیارى و پێشنیاز بۆ ریكخستن و كۆنترۆلكردنى بازاڕه‌كان و پاراستنى مافه‌كانى به‌كاربه‌ر خرانه‌ڕوو و جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیى پاراستنى ته‌ندروستیى هاووڵاتییان و نه‌هێشتنى گه‌یشتنى به‌رهه‌مه زیانبه‌خشه‌كانى وڵاتان بۆ هه‌ریمى كوردستان كرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه به گرنگیى پاڵپشتیكردنى لیژنه‌كانى چاودێرى و به‌دواداچوونى بازاڕه‌كان له شاره‌كانى هه‌رێمی كوردستان كرا.

 له ته‌وه‌ریكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له شێوه‌ و رولى كۆمپانیا پشكنه‌ره‌كانى كه‌رتى تایبه‌ت و كاركردنیان له ده‌روازه سنوورییه‌كان و رولى ده‌زگاى پێوانه‌سازى و كۆنترۆلى جۆرى كرا دواى سپاردنى ئه‌نجامدانى پشكنینه‌كان بۆ ئه‌و كومپانیایانه‌، ئه‌ندامانى لیژنه هه‌میشه جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیى پابه‌ندبوونى حكومه‌تى هه‌رێم به یاساكان كردۆته‌وه‌ به‌تایبه‌تى یاساى ژماره ٩ ى سالى ٢٠١٠ تایبه‌ت به‌ پاراستنى مافى به‌كاربه‌ر و دامه‌زراندنى ئه‌نجوومه‌نى پاراستنى مافه‌كانى به‌كاربه‌ر و ئاماژیان به‌وه كرد كه تائیستا هیچ تێبینى و پێشنیازێك له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانه‌وه بۆ په‌رله‌مانى كوردستان ره‌وانه نه‌كراوه به‌مه‌به‌ستى هه‌مواركردنى و جیبه‌جیكردنى بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى هاووڵاتییان و كۆنترۆلكردن و رێكخستنى جموجۆلى بازرگانى له هه‌رێمى كوردستان و كۆنترۆلكردنى هاورده‌كردنى خۆراكى زیانبه‌خش و نه‌هیشتنى قۆرخكاریى بازرگانى.

له كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داواكراوه‌ له وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان كه هه‌رچى زووه راسپارده‌ و پێشنیازى خۆیان بۆ لیژنه‌كه‌ بنێرن بۆئه‌وه‌ى به‌پێی یاسا رێگرى بكرێت له هاورده‌كردن و فرۆشتنى به‌رهه‌مه‌كانى په‌له‌وه‌ر و گۆشتى سوورى قاچاخ كه به‌شێوازى جۆراوجۆر دێنه ناو بازاڕه‌كانى هه‌ریمى كوردستان .

شوان عه‌زیز