سبه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌

هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌نجام ده‌درێت

بریاره‌ سبه‌ی‌ شه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆببێته‌وه‌و ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش پێشبینی‌ ده‌كات كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌كراوه‌یی بمێنێته‌وه‌و هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجامنه‌درێت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك رایگه‌یاند" سبه‌ینێ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌نجامده‌درێت‌و تائێستاش به‌هۆی نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنی ته‌واوه‌تی له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ هه‌ر به‌كراوه‌یی بمێنێته‌وه‌.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ تائێستا زانیارییه‌كی ئه‌وتۆ نییه‌كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان گه‌یشتبێتنه‌ رێككه‌وتنی ته‌واوه‌تی تا زه‌مانه‌تی ئه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ له‌كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ینێدا هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌نجامبدرێت.

 

میران محه‌مه‌د ده‌ڵێت، “تا ئه‌م ساته‌ هیچ شتێكی وا دیارنییه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان گه‌یشتبنه‌ رێككه‌وتنێكی ته‌واو، بۆیه‌ بۆی هه‌یه‌ سبه‌ینێ روداوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی تربێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ تا كۆبونه‌وه‌ی نوێنه‌ران ده‌ستپێنه‌كات ناتوانین بڵێین سبه‌ینێ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵده‌بژێردرێت یان كۆبونه‌وه‌كه‌ وه‌ك جاری پێشو به‌كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌.”