پارێزه‌رێك بۆ قوباد تاڵه‌بانی: فه‌رموو ئه‌وه‌ لیستی دزه‌كان

كه‌ بڕیارت داوه‌ ده‌ستی دزه‌كان و مافیاكان به‌یاسا ببڕیت

پارێزه‌ر عومه‌ر توفیق، پارێزه‌ری زانا حه‌مه‌ ساڵح ،قائیمقامی پێشووی سلێمانی كه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ له‌نێو زینداندا خۆی خنكاندووه‌، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆیدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یس بووك ، نووسیویه‌تی : به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی .. به‌ڵێ ها ئه‌وه‌ دزه‌كانن دیارن، ناویان ، ناونیشانیان، سه‌رمایه‌ی دزییه‌كانیان، به‌ڵگه‌و زانیاری له‌سه‌ریان.

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی : با بڕیاره‌كه‌ت گشتگیری بێت و هه‌مو بانده‌كانی مافیای دز و ته‌قه‌كه‌ریش بگرێته‌وه‌.، سه‌ربه‌هه‌ر لایه‌ن و به‌رپرسێك بن، فه‌رموو ئه‌وه‌ ده‌ستوخه‌تی خودی دزه‌كه‌، ڕێنمایی بۆ شاره‌وانی نوسیوه‌ و ماسته‌رپلانی شارێكی ته‌زویر كردوه‌، 1471 به‌ڵگه‌ی نوسراوم له‌لایه‌و داواكاری گشتی سلێمانیش ئاگاداره‌.

 هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: كه‌ بڕیارت داوه‌ ده‌ستی دزه‌كان و مافیاكان به‌یاسا ببڕیت، فه‌رموو له‌م نه‌خشه‌یه‌ی كۆمپانیای نالی( گوندی نالی) له‌ قوله‌ره‌یسی خوارو، 51 پارچه‌ زه‌وی به‌ناوی خه‌ڵكی گونده‌كه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ ، دزێك و دوو نۆكه‌ری به‌نایاسایی ده‌یفرۆشن بۆ خۆیان، من لیستی ناوه‌كانم له‌لایه‌ و زانیاری ته‌واوم له‌لایه‌، به‌ناوی كێ وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌، داومه‌ته‌ داواكاری گشتی و كاری له‌سه‌ر ناكات، جگه‌ له‌مه‌، لیستی ناوی سه‌دان كه‌سم له‌لایه‌ كه‌ ته‌نها سانتی مه‌ترێك زه‌ویان وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام به‌ناویانه‌وه‌ دزێك زه‌وی وه‌ڕگرتووه‌ و فرۆشتۆتیه‌وه‌ بۆ خۆی.

ده‌شڵێت: له‌ سێ ساڵدا سێ دز بوونه‌ته‌ ملیۆنێر، سه‌ركرده‌ی دزان له‌ماست فڕۆشییه‌وه‌ بووه‌ به‌خاوه‌نی سه‌دوبیست ملیۆن دۆلار، دزێكی تر له‌ سایه‌قی عه‌نته‌ر و تانكه‌ره‌وه‌ بووه‌ به‌خاوه‌نی شه‌ش ملیۆن دۆلار و ده‌یان موڵك ، دزێكی تر له‌ سایه‌ق گه‌ڵابه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌، به‌ڵگه‌كان لای كاك سه‌لاح الدین جێگری داواكاری گشتی و سه‌رپه‌رشتیاری دۆسیه‌كه‌یه‌ و به‌ فشار و واسته‌ و به‌رتیل ڕاگیراوه‌، یه‌كێك له‌و دزانه‌ له‌سه‌ر زه‌وی زانكۆ چوار خانوی دروست كردووه‌ ، بیری هه‌ڵكه‌ندوه‌ و باخی دروست كردووه‌ و خۆیشی هه‌ڕه‌شه‌ی چاوهه‌ڵكۆڵین و خه‌زوریشی هه‌ڕه‌شه‌ی قاچ بڕێنه‌وه‌م لێ ده‌كه‌ن، یاساش خه‌وتووه‌ و دادگاش بێده‌نگه‌ ، دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی زه‌لیلش له‌سه‌ر داوای به‌رپرسان بڕیار ده‌رناكات، ئاماده‌م ده‌یان به‌ڵگه‌تان بده‌مێ و بڕیار بۆ ئێوه‌.