په‌یامێك له‌ سه‌رۆك بارزانیه‌وه‌ له‌ باره‌ی پۆستی سه‌رۆككۆماری داهاتوو

ئێمه‌ پێمان خۆش ده‌بوو ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌ك كه‌س ڕێك كه‌وتبان

له‌ په‌یامێكدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24ی ئه‌یلولی 2018 سه‌رۆك بارزانی له‌ باره‌ی پۆستی سه‌رۆككۆماری داهاتووی عێراق ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ پارتی كاندیدی خۆی بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌ستنیشانكردووه‌.

هه‌ر له‌ په‌یامه‌كه‌دا ڕایگه‌یاندووه‌: ئێمه‌ پێمان خۆش ده‌بوو ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌ك كه‌س ڕێك كه‌وتبان به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ ڕووی نه‌دا.

ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:

"به‌ناوی خودای به‌خشنده‌ و میهره‌بان

له‌باره‌ی دیاریكردنی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق، پێمان خۆش ده‌بوو ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌ك كه‌س ڕێك كه‌وتبان به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ ڕووی نه‌دا. بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌یش مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی منی سه‌رپشك كرد كه‌ كه‌سێك دیاری بكه‌م بۆ كاندیدبوونی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار. به‌هۆی توانایی و لێهاتوویی به‌ باشم زانی كه‌ به‌ڕێز د. فواد حوسێن بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكه‌م.

د. فواد حوسێن چ له‌ قۆناغی شۆڕشی ئه‌یلول و له‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و قۆناغه‌كانی تری ژیانی خۆی كه‌سێكی دڵسۆز و ده‌سپاك بووه‌ و بڕوای ته‌واوم به‌ تواناكانی هه‌یه‌ و قه‌ناعه‌تیشم هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌ باشی جێبه‌جێ ده‌كات و له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماردا هه‌م بۆ گه‌لی كوردستان و هه‌م بۆ عێراق و پێكهاته‌كانی عێراق كه‌سێكی به‌سوود و خه‌مخۆر ده‌بێ.

به‌هه‌موو توانایه‌ك پشتیوانی له‌ د. فواد حوسێن ده‌كه‌ین و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازین".

مسعود بارزانی

24ـی 9ـی 2018