د.دیندار زێباری: په‌كه‌كه‌ بۆته‌ بارگرانییه‌كی زۆر به‌سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌

هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێم ڕوونه‌

ڕێكخه‌ری ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێ،داواكارین له‌خودی په‌كه‌كه‌ و پژاك و گروپه‌كانی باكور و ڕۆژهه‌ڵات كه‌ كێشه‌كانیان له‌ توركیا و ئێران چاره‌سه‌ر بكه‌ن ، چونكه‌ به‌هۆی ئه‌و بۆردومان و پێكدانانه‌وه‌ ده‌یان شه‌هید كه‌وتۆته‌وه‌، ده‌یان گوند وێران بووه‌، سه‌دان گوند ناتوانرێت ئاوه‌دان بكرێته‌وه‌ و خه‌ڵك ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌.

د.دیندار زێباری، ڕێكخه‌ری ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای رایگه‌یاندووه‌: هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێم ڕوونه‌ كه‌دژی ئه‌وه‌یه‌ خاكی هه‌رێم به‌كاربهێنن دژ به‌هیچ وڵاتێكی دراوسێ .

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: بوونی په‌كه‌كه‌ و بابه‌تی په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچانه‌ بۆته‌ بارگرانێكی زۆر به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌وه‌،.

له‌باره‌ی تۆپبارانه‌كانی توركیا و ئێران بۆ گونده‌كانی سنوری-هه‌رێمی كوردستان زێباری گوتی:  حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگای حكومه‌تی فیدراڵه‌وه‌ داواكاری خۆی پێشكه‌ش كردووه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و تۆپبارانانه‌ ڕاوه‌ستێت چونكه‌ زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆری داوه‌ له‌خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ ، وه‌ك خودی حكومه‌تی هه‌رێمیش پێمان باشه‌، وه‌ خوازیارین كه‌ توركیا و ئێران له‌و شوێنانه‌ی كورد هه‌یه‌ به‌ڕێگای ئاشتیانه‌ كیشه‌كانی چاره‌سه‌ربكات، توندو تیژی هیچ ئه‌نجامێكی نابێت، وه‌ له‌هه‌مانكاتیشدا پشتگیری له‌هیچ گروپێكی چه‌كدار ناكه‌ین كه‌ له‌سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر هه‌ر وڵاتێكی دراوسێ.

د.دیندار زێباری گوتیشی: ئێمه‌ به‌ته‌واوی له‌یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان تێده‌گه‌ین، داواكارین له‌خودی په‌كه‌كه‌ و پژاك و گروپه‌كانی باكور و ڕۆژهه‌ڵات كه‌ كێشه‌كانیان له‌ توركیا و ئێران چاره‌سه‌ر بكه‌ن چونكه‌ به‌هۆی ئه‌و بۆردومان و پێكدانانه‌وه‌ ده‌یان شه‌هید كه‌وتۆته‌وه‌، ده‌یان گوند وێران بووه‌، سه‌دان گوند ناتوانرێت ئاوه‌دان بكرێته‌وه‌ و خه‌ڵك ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و توند و تیژییه‌ هه‌یه‌، هیوادارین یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان وه‌ك خۆی جێ به‌جێ بكرێت و سنوره‌كان بپارێزرێت ئێران و توركیا ئه‌و بۆردومانانه‌ بوه‌ستێنن، وه‌ له‌هه‌مانكاتدا ئه‌و چه‌كداره‌ كوردانه‌ش چالاكیه‌كانیان ڕابگرن.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: چالاكی ئه‌و چه‌كدارانه‌ (په‌كه‌كه‌) پاساوی داوه‌ته‌ ده‌ست توركیا كه‌ بۆردومان بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌وان چالاكی نه‌كه‌ن ئه‌وا ئه‌وكات هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێم به‌هێزتر ده‌بێت و پشتگیری نێوده‌وڵه‌تیش به‌هێزتر ده‌بێت و ده‌توانین زیاتر قسه‌مان بڕوات، دانیشتوانی ئه‌و گوندانه‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

راشیگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم زۆر بێ لایه‌نین له‌م بابه‌ته‌ دژی ئه‌وه‌ین بۆردومانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت ، له‌هه‌مانكاتدا دژی ئه‌وه‌شین له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هێرش بكرێته‌ سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌.