وه‌زیری خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا: ئێران نابێ هیچ كات ده‌ستی به‌ چه‌كی ئه‌تۆمیی رابگات

وه‌زیری خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ ئیسڕائیل

وه‌زیری خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا كه‌ به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ ئیسڕائیل و له‌ كۆنفڕانسێكی هه‌واڵیدا رایگه‌یاند: ئێران نابێ هه‌رگیز ده‌ستی بگات به‌ چه‌كی ئه‌تۆم و گوشاری له‌ڕاده‌به‌ده‌ریش ته‌نیا رێگه‌چاره‌یه‌ بۆ رێگریی له‌ ده‌ستڕاگه‌یشتنی ئه‌م رژێمه‌ ده‌ستدرێژیكاره‌ به‌ چه‌كی ئه‌تۆمیی.

ستیڤن مینوشن كه‌ به‌ سه‌ردانێكی شه‌ش رۆژیی له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ و رۆژی رابردووش وه‌ك یه‌كه‌م وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی گه‌یشته‌ ئیسڕائیل، وێڕای بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌م وڵاته‌ له‌ كۆنفڕانسێكی هه‌واڵیدا به‌شداریكرد و  وتیی: سه‌ردانه‌كه‌م بۆ شه‌ش وڵاته‌ به‌ڵام یه‌كه‌م سه‌ردانم بۆ ئیسڕائیله‌، چونكه‌ ئێمه‌ هاوبه‌شی باشی وه‌ك ئیسڕائیلمان نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی دارایی بۆ تیرۆریستان.

له‌ درێژه‌دا مینوشن سه‌باره‌ به‌ قۆناغی تازه‌ی سزاكانی سه‌ر ئێران جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌: په‌یامی من له‌م هه‌فته‌یه‌دا ئاڵوگۆڕی بیروڕایه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنی سزا نوێیه‌كانی سه‌ر ئێران له‌ سه‌ره‌تای مانگی نۆڤه‌مبه‌ردا. سزاكانیش به‌شێكی گرنگن له‌ ده‌رچوونمان له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌مانبوو. ئامانجی ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دڵنیابینه‌وه‌ له‌وه‌ی ئێران هیچكات ده‌ستی نه‌گات به‌ چه‌كی ئه‌تۆمیی، ئینجا له‌ ئێستادا بێت یان تاهه‌تایه‌، ئامانجی سه‌ره‌كیی سه‌ردانه‌كه‌ی منیش هه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌یه‌.

 


سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ڕه‌نسا
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی