له‌ ئیتاڵیا ده‌ست به‌سه‌ر كه‌شتییه‌ك داگیرا كه‌ 270 كیلۆگرام هیرۆیینى له‌ ئێرانه‌وه‌ باركردبوو

له‌ به‌نده‌ر عه‌باسى ئیرانه‌وه‌ هاتبوو

به‌پێى هه‌واڵێكى ڕۆیته‌رز، پۆلیسى ئیتاڵیا دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 8ى تشرینى دووه‌مى 2018، رایگه‌یاند: ده‌ستیان به‌سه‌ر كه‌شتییه‌كدا گرتووه‌ كه‌ بڕى 270 كیلۆگرام هیرۆیینى له‌ ئێرانه‌وه‌ باركردبوو.

گوته‌بێژێك به‌ ناوى پۆلیسى ئیتاڵیاوه‌ رایگه‌یاند: ئه‌و كه‌شتییه‌ى ده‌ست به‌سه‌ر كرابوو به‌هۆى باركردنى 270 كیلۆگرام له‌ مادده‌ى هۆشبه‌رى جۆرى هیرۆیین بوو كه‌ له‌ به‌نده‌ر عه‌باسى ئیرانه‌وه‌ هاتبوو. 

كه‌شتییه‌كه‌ له‌ به‌نده‌ر عه‌باسى ئێرانه‌وه‌ له‌ هاممبۆرگى ئه‌ڵمانیا و چالنسیاى ئیسپانیا وه‌ستاوه‌ پێش ئه‌وه‌ى بگاته‌ به‌نده‌رى جنواى ئیتاڵیا له‌ 17ی تشرینى یه‌كه‌مى 2018، سه‌ره‌نجام پۆلیسى ئیتاڵیا توانى ده‌ستى به‌سه‌ردا بگرێت، پۆلیسى ئیتاڵیا ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ له‌ ماوه‌ى 20 ساڵى رابردوودا ئه‌مه‌ به‌ زۆرترین بڕى باری شاراوه‌ى مادده‌ هۆشبه‌ركان داده‌نرێت كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبێت. 

گوته‌بێژى پۆلیس ئاماژه‌ى به‌وه‌ دابوو كه‌ لێكۆڵه‌ره‌كانى پۆلیس دڵنیا نه‌بوون له‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌ زۆره‌ هیرۆیینه‌ له‌ كوێوه‌ بار كراوه‌ته‌ نێو كه‌شتییه‌كه‌ هه‌ر بۆیه‌ رێگایان داوه‌ به‌شێكى كه‌م له‌و باره‌ درێژه‌ به‌ پلانه‌كه‌یان بدات تا بگه‌نه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌و كاره‌ نایاسایه‌. 

لێكۆڵه‌ره‌كانى پۆلیس به‌ ئۆتۆمبیله‌كانیان شوێن كه‌وته‌ى ئه‌و لۆریه‌ بوون كه‌ ده‌رۆیشت بۆ شارێكى هۆڵه‌ندى و لۆرێكه‌ به‌ سویسرا و دواجار بۆ فه‌ره‌نسا و به‌لجیكا تا گه‌یشته‌ شارى روسه‌ندال له‌ هۆڵه‌ندا، له‌ 2ى تشرینى دووه‌مى 2018، لۆریه‌كه‌ به‌ره‌و عه‌مبارێك ده‌رۆیشتن پۆلیسى ئیتاڵیا به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ پۆلیسى هۆڵه‌ندى توانیان ده‌ست به‌سه‌ر لۆریه‌كه‌ بگرن و 2 شوفێرى به‌ ره‌گه‌ز توركیان ده‌ستگیر كرد و هه‌روه‌ك پۆلیس وتى: 2 شوفێره‌كه‌ نه‌یان زانیوه‌ كه‌ لۆریه‌كه‌یان هیرۆینى تێدابووه‌. 

هاوكات له‌ ئیستادا لێكۆڵینه‌وه‌ و پشكنین به‌رده‌وامه‌ تا ئه‌و بانده‌ بگرن كه‌ بازرگانى به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌كه‌ن و به‌نده‌رى جینواى ئیتاڵیا بووه‌ته‌ رێگا خۆشكه‌رێك بۆ بازرگانى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان كه‌ له‌و رێگایه‌وه‌ بۆ وڵاتانى ئه‌وروپا ده‌ڕوات.

 

ئاماده‌كردن وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز