به‌ڤیدیۆ.. پێنج برای به‌هره‌مه‌ند حه‌وت ئۆتۆمبێلی پێشكه‌وتوویان له‌ كوردستان دروستكردووه‌

ته‌نها بۆ حه‌ز و خولیای خۆيان بووه‌ نه‌وه‌ك بۆ سوود و قازانجی ماددی

له‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی چوارقوڕنه‌ له‌ نزیك شاری رانیه‌ (به‌ دووری 134 كلم باكووری رۆژئاوای سلێمانی) كه‌مال سه‌لیم عه‌لی و چوار برای تری كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 25 تا 40 ساڵان ده‌بێت شوێنكارێكی تایبه‌ت به‌ خۆیان به‌ناوی شوێنكاری برایان هه‌یه‌، ئه‌وان له‌ بواری كاركردن له‌ ئۆتۆمبێل و چاككردنه‌وه‌یدا شاره‌زا و به‌هره‌مه‌ندن حه‌ز و خولیایه‌كی زۆریان بۆ پیشه‌كه‌یان هه‌یه‌..

كه‌مال و براكانی له‌ حه‌ز و خولیای خۆیان بۆ پیشه‌كه‌یان، ته‌نها به‌ چاككردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌وه‌ نه‌وه‌ستاون، به‌ڵكو ده‌ستیان داوه‌ته‌ دروستكردنی ئۆتۆمبێل بۆ خۆیان و تا ئێستا چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی پێشكه‌وتویان دروستكردووه‌ كه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن جگه‌ له‌ بزوێنه‌ر و گێڕ و تایه‌كان هه‌موو پارچه‌كانی تری ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ بۆ خۆیان دروستیانكردووه‌.

كه‌مال له‌ باره‌ی كاره‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئێمه‌ پێنج براین و له‌م شوێنه‌دا كار ده‌كه‌ین و شاگردیشمان هه‌یه‌ كه‌ هاوكاریمان ده‌كه‌ن و له‌ ساڵی 2010 ه‌وه‌ ده‌ستمان به‌م كاره‌ كردووه‌ و ته‌نها حه‌ز و خولیایه‌كی خۆمانه‌ كه‌ بۆمان ماوه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وامین له‌سه‌ری.

ئه‌و گوتی: تا ئێستا حه‌وت ئۆتۆمبێلمان دروستكردووه‌، دروستكردنی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ش ته‌نها بۆ حه‌ز و خولیای خۆمان بووه‌ نه‌وه‌ك بۆ سوود و قازانجی ماددی، زۆرجاریش ئۆتۆمبێله‌كان له‌ پێشبڕكێ‌ و نمایشه‌كان به‌كاردێنین.