دادگاى كه‌رخ دانپێدانانى به‌رپرسێكى داعشى بڵاوكرده‌وه‌

تۆمه‌تباره‌ به‌ به‌دیلگرتنى 21 پێشمەرگە و وێنه‌گرتنیان

دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى كه‌رخ تایبه‌ت به‌ بینینى دۆسیه‌كانى تیرۆر سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تى دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه‌ى به‌غدا، دانپێدانانى ئه‌میرێكى داعشى وه‌رگرتووه‌ كه‌ والى كه‌ركووكى رێكخراوى داعش بووه‌و تۆمه‌تباره‌ به‌ ده‌ستگیركردنى 21 پێشمەرگە و گەڕاندنیان لەنێو قەفەس بەنێو شارۆچكه‌ی حەویجەدا، ناوى ئه‌بو حه‌مزى كوردییه‌.

به‌پێى به‌یاننامه‌یه‌كی راگه‌یاندنى ئه‌نجومه‌نى باڵای دادوه‌رى، ئه‌و به‌رپرسه‌ى داعش تۆمه‌تباره‌ به‌ ئه‌نجامدانى ژماره‌یه‌ك كرده‌وه‌ى تیرۆرستى و والى داعش بووه‌ له‌ باكوورى به‌غدا و پێش ئه‌وه‌ى بكرێته‌ والى كه‌ركووكى رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى ده‌ڵێت، ئه‌بو حه‌مزه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ به‌دیلگرتنى 21 پێشمەرگە و وێنه‌گرتنیان كه‌ له‌ كاتى شه‌ڕى داعش و پێشمه‌رگه‌ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ برانه‌ حه‌ویجه‌ و دواتر بێسه‌روشوێن بوون.

ئه‌و تۆمه‌تباره‌ى داعش دانى ناوه‌ به‌وه‌ى كه‌ پێشمه‌رگه‌كان دواى به‌دیلگرتنیان بۆ شارى موسڵ گواستراونه‌ته‌وه‌، له‌ موسڵ سجن بوون لای داعش.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ لە دوای بەدیلگرتنیان دوو جار لە لایەن داعشەوە گرتەی ڤیدیۆیی پێشمەرگە دیلەكان بڵاوكرایەوە، لە گرتەی ڤیدیۆیی یەكەمدا خرابوونە نێو ژمارەیەك قەفەس و بە ئۆتۆمبێل بەناو بازاڕی قەزای حەویجە دەیانسووڕاندنەوە، دواتر گرتەیەكی دیكە بڵاوكرایەوە كە تێیدا سێ پێشمەرگەیانیان شەهید دەکرێن.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ دادگا دانپێدانانه‌كه‌ى ئه‌و تۆمه‌تباره‌ى وه‌رگرتووه‌، رێوشوێنە یاساییه‌كان ئه‌نجامده‌دات به‌پێى مادده‌ى چوار له‌ یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر سزا ده‌درێت.