ترەمپ و ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رەوشی سووریایان تاوتوێکرد

ترەمپ و ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 14-12-2018، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و پرسی سووریایان تاوتوێکردووە.

هەر بەپێی سەرۆکایەتی کۆمار، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئەردۆغان نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی چالاکییەکانی پەکەکە و یەپەگە بە ترەمپ راگەیاندووە و ئەو گرووپانەی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا باسکردوون.

هەروەها ئاژانسی فەرمی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، لە پەیوەندییەکەدا باس لە "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" و دۆخی سووریا کراوە و هەردوولا کۆک بوون لە سەر ئەوەی هاوئاهەنگی زیاتر لە نێوان واشنتن و ئەنقەرە لە بابەتی سووریا هەبێت.

ئەم پەیوەندییە لەکاتێکدایە، تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات دەکات، بەتایبەتی منبج کە لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە.