یاسای شێته‌كانی ھاوكار مسته‌فا ئاماده‌ی نمایشه‌

باس له‌ چیرۆكی له‌ سێداره‌دان ده‌كات

له‌ ئه‌زموونێكی نوێ دا، ھونه‌رمه‌ند (ھاوكار مسته‌فا) كۆتایی به‌ یه‌كه‌م به‌رھه‌می خۆی ھێنا وه‌ك ده‌رھێنه‌ر، له‌م وێستگه‌یه‌شدا ئه‌و ھونه‌رمه‌نده‌ ھه‌وڵی داوه‌، یاسای له‌ سێداره‌دان بكات به‌ ھه‌وێنی ئه‌و به‌رھه‌مه‌ تازه‌یه‌ی، كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ له‌ وڵاتانی ڕۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ته‌نگی به‌ مرۆڤایه‌تی ھه‌ڵچنیووه‌، له‌و نێوه‌نده‌شدا كۆتایی به‌ فیلمه‌ تازه‌كه‌ی ھێناوه‌ و ناونیشانی به‌رھه‌مه‌كه‌شی ناو ناوه‌ (CRAZES LAW - یاسای شێته‌كان)، كه‌ له‌ نووسینی و سیناریۆی (عه‌دنان عوسمان)ـه‌ و، له‌ ده‌رھێنانی (ھاوكار مسته‌فا)ـیه‌ و له‌ نواندنی ھونه‌رمه‌ندان (حه‌مه‌ عه‌لی خان، وریا حه‌سه‌ن، مه‌ھدی شارباژێڕی، ھه‌ڵاڵه‌ عومه‌ر، به‌شیر جه‌مشیر، سه‌رباز عه‌لی)ـیه‌.

 (ھاوكار مسته‌فا) له‌ لێدوانێكی دا ئاماژه‌ بۆ ناوه‌ڕۆكی فیلمه‌ تازه‌كه‌ی كرد و گوتی: وه‌ك ھونه‌رمه‌ندێك ھه‌میشه‌ خه‌ونی زۆرم ھه‌بووه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ له‌ دایك بوونی به‌رھه‌مێك كه‌ خۆم وه‌ك ده‌رھێنه‌رێك كاری بۆ بكه‌م، ئه‌و فیلمه‌ش ده‌بێته‌ ده‌سپێكی جوان و ئه‌زموونێكی نوێ له‌ كاری ھونه‌ری مندا.

(یاسای شێته‌كان) باس له‌ چیرۆكی له‌ سێداره‌دان ده‌كات، كه‌ مرۆڤایه‌تی ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازاری ژیان له‌و به‌رھه‌مه‌دا به‌ ڕوونی ده‌بینرێت و دوا وێستگه‌ی ژیانی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ش به‌ په‌تێك كۆتایی دێت.

مه‌به‌ستی منیش وه‌ك ده‌رھێنه‌ر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ میكانیزمێكی دیكه‌ بدۆزرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دووركه‌وینه‌وه‌ له‌و جۆره‌ یاسایه‌ی كه‌ ڕۆحی مرۆڤایه‌تی دێنێته‌ ھه‌ژان.

بڕیاریشه‌، له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك دا به‌شداری له‌ چه‌ندین فیستیڤاڵی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی دا بكات.

پاشخان: ھاوكار مسته‌فا، ئه‌كته‌ر و ده‌رھێنه‌ر، له‌ دایكبووی 1989 شاری ھه‌ولێره‌، ڕۆڵی له‌ چه‌ند به‌رھه‌مێكی ھونه‌ری دا بینیووه‌، له‌وانه‌ش فیلمی (مه‌مله‌كه‌تی مێرووله‌كان)، (سپی سپی)ـدا.

كوردستان تیڤی/ كامران

ktv