واشنتۆن پۆست: به‌هۆى مامه‌ڵه‌ى خراپی حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌، داعش سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌

واشنتۆن پۆست: سوننه‌كانى عێراق به‌ته‌واوه‌تى نیگه‌ران بوون


ڕۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مریكی هۆشدارى ده‌دات، كه‌ به‌هۆى مامه‌ڵه‌ى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌، جارێكی دیكه‌ داعش له‌ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كانى عێراق، سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ى "واشنتۆن پۆست" ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق ده‌ستیان به‌سه‌ر زۆرێك له‌ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كان دا گرتووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، كه‌به‌هۆى ده‌ستگرتنى ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌وه‌، دانیشتووانى ناوچه‌ سوننه‌كانى عێراق به‌ته‌واوه‌تى نیگه‌ران بوون، بۆیه‌ پێده‌چێت له‌ ئه‌نجامدا داعش بگه‌ڕێته‌وه‌.

ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ دواى ئه‌وه‌ى میلیشیاكانى سه‌ر به‌حه‌شدى شه‌عبى توانییان ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كورسییه‌كانى په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنن، بوون به‌خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی سیاسی و سه‌ربازیی، ئه‌وه‌ش مه‌ترسی لاى عێراقییه‌كان و به‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌كان دروست كردووه‌، سه‌ركرده‌كانى حه‌شدى شه‌عبى ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ له‌ناو عێراق دروست بكه‌ن و سته‌م له‌ سوننه‌كان بكه‌ن.