وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: مایک پۆمپیۆ پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی كردووه‌

پۆمپیۆ دۆستایەتی ماوەدرێژی ئه‌مه‌ریكاى لەگەڵ حکومەتی هەرێم دووپاتکردەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی دەکات لە بەرامبەر بەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی رابردووەی وەزیری دەروەی ئەمریکا و راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەولێر رایدەگەیێنێت: "مایک پۆمپیۆ پاڵپشتی بەهێزی ئەمریکای بۆ دیالۆگی بەردەوامی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی و پێشکەوتنی بەردەوام لە بواری ئاسایش و چاکسازی ئابووریدا دووپاتکردەوە". 

هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر گرنگی هاوبەشی ستراتیژیی واشنتن لەگەڵ عێراق و دۆستایەتی ماوەدرێژی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە. 

پاشنیوەڕۆی چوارشەممە 9-1-2019 مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.